جیهان

دوای هەڵبژاردنی سبەینێ، چ قۆناغێک چاوەڕوانی ئەمریکا دەکات؟

09:04 - 02/11/2020 284 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن-دیسکی شیکاری


بڕیارە سبەینێ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و تیایدا هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، ٤٥هەمین سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان و جۆبایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، کێبڕکێ لەسەر بوون بە ٤٦هەمین سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، لەم راپۆرتەدا ئەو قۆناغانەی دوای هەڵبژاردن روودەدن رووندەکەینەوە.


لە ئەمریکا قۆناغی هەڵبژاردن لە پاش رۆژی هەڵبژاردنەوە بە پرۆسەیەکی درێژخایەندا تێدەپەڕێت، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دوابکەوێت و گۆڕانکاریی لە هەندێک بەرواردا نەکرا کە بە دەستور و یاسا دیاریکراون، ئەوا رەنگە پشێوی نوێی لێبکەوێتەوە.

لە دوای هەڵبژاردنی سبەینێ، هەموو ویلایەتەکان دەبێت لە ١٠ی ئەم مانگەوە تاوەکو ١١ی مانگی داهاتوو، بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند بکەن، هاوکات، دەبێت هەموو ویلایەتەکان تا هەشتی ئەم مانگە تەواوی دەنگەکان ئەژمار بکەن و بڕیاربدەن لەوەی کام کاندید دەنگی نوێنەری بەدەستهێناوە.

هاوکات، لە سبەینێوە تاوەکو١٤ی مانگی داهاتوو، دەبێت ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی هەر ویلایەتێک دەنگ بە کاندیدی سەرۆک بدات و ئەو دەنگانەش رەوانەی واشنتۆن بکرێن. پێویستە درەنگترین کات ئەو دەنگانە تا ٢٣ی مانگی داهاتوو بگەنە کۆنگرێسی ئەمریکا.

سبەینێ تەنیا سەرۆک هەڵنابژێردرێت:

لە هەڵبژاردنی سبەینێ ئەمریکادا دەنگدەرانی ئەو وڵاتە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانیش هەڵدەبژێردرێن و لە رۆژی سێی مانگی دهاتوودا، سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستبەکار دەبن و لە رۆژی شەشی مانگی دهاتووشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران لە هۆڵی ئەنجومەنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەراندا کۆدەبنەوە.

کێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە فەرمی ئاشکرادەکات؟

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانە دوای خوێندنەوەی دەنگەکانی ویلایەتەکان ئەو ئەنجامانە بە فەرمی دەخوێنێتەوە کە رادەستی کراوە، دواتریش گوێبیستی تانەکان دەبێت ئەگەر هەبێت.

سەرۆکی نوێی ئەمریکا کەی دەستبەکار دەبێت؟

ئەگەر هەموو ئەو بەروارە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت، ئەوا سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ٢٠ی مانگی ١٢ی ئەمساڵ، لە رێوڕەسمێکی سوێندخواردندا بە فەرمی دەستبەکار دەبێت.
سبەینێ، پەنجا و نۆیەمین هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت و کێبڕکێی نێوان هەردوو کاندید، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەردەوامە.

هاوکات، بەپێی ئەو شیکارییانەی کە ماڵپەڕی "Real Clear Politics" بۆ سەرجەم راپرسییە گرنگەکان ئەنجامیداون، جۆ بایدن بە نزیکەی حەوت خاڵ لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و لە راپرسی تەواوی ئەو ویلایەتانەی کە چارەنووسی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکەنەوە، بە جیاوازییەکی کەم جۆ بایدن لەپێشەوەیە.

ئەو ویلایەتانەی چارەنووسی پرۆسەی دەنگدان دیاریی دەکەن:

ویلایەتی فلۆریدا کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی چارەنووسی دەنگدانەکە یەکلایی دەکاتەوە، ئەو پۆستی دەنگانە وەرناگیردرێن کە دوای سێی مانگ دەگەنە ناوەندەکانی دەنگدان و لەو ویلایەتە وەرگرتنی پۆستی دەنگدان لە ٢٢ رۆژ پێش کاتی هەڵبژاردنەوە دەستیپێکردووە.

لەلایەک بەهۆی ئەوەی پۆستەی دەنگدان لە دوای سێی مانگ لە فلۆریدا وەرناگیردرێت و لەلایەکی دیکەش بەهۆی زوو دەستکردن بە جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەگەرێکی زۆر هەیە شەوی سێی تشرینی دووەم ئەنجامی دەنگدانی ویلایەتەکە رابگەیەندرێت.

یەکێکی دیکەش لەو ویلایەتانەی کە بڕیار لەسەر ئەنجامەکان دەدەن، ویلایەتی پێنسلڤانیایە و دادگای باڵای ئەمریکا، فەرمانی داوە تا شەشی تشرینی دووەم پۆستی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدانی ئەو ویلایەتە وەربگیردرێت.

لەبەرئەوەی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رۆژی پێش هەڵبژاردنەوە دەستپێناکات، ئەگەری ئەوە هەیە یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکانی ویلایەتی پێنسلڤانیا دوا بکەوێت.

هاوکات، لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی دیکە هەریەکە لە ویسکۆنسن و ئاریزۆنان کە تیایاندا پۆستی دەنگدان لە دوای سێی مانگ وەرناگیردرێت بەڵام لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور تا شەشی مانگ و لە ویلایەتی میشیگەن تا ١٧ی مانگ پۆستی دەنگدان وەردەگیردرێت. بەم هۆیەوە ئاستەمە ئەنجامی دەنگەکانی ئەو ویلایەتانە لە شەوی سێی تشرینی دووەمدا یەکلایی ببێتەوە.

زیاتر لە ٩٣ ملیۆن دەنگدەر پێشوەختە دەنگیانداوە:

بە بەراورد بەو هەڵبژاردنانەی لە رابردووی نزیکدا بەڕێوەچوون لە ئەمریکا رێژەی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان نەگەیشتووەتە سەدا ٦٠، بەڵام ئەمساڵ زۆری ئەو دەنگانەی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان یان لەڕێی پۆستەوە دراون لەکاتی دەنگدانی پێشوەختەدا بووەتە مایەی سەرنج.

لەئێستادا زیاتر لە ٩٣ ملیۆن کەس دەنگیان داوە. لەوانەش ٥٩ ملیۆنیان لەڕێی پۆستەوە دەنگیانداوە و زیاتر لە ٣٤ ملیۆنیشیان چوونەتە نزیکترین ناوەندی دەنگدان و دەنگیان داوە.

تەنها ئەو دەنگانەی پێشوەختە دراون نزیکەی تێکڕای نیوەی ئەو دەنگدانەیە کە لە ٢٠١٦دا دراون و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێکی زۆری دەنگدەرانی سەربە پارتی کۆماری چاوەڕوانی سێی تشرینی دووەم دەکەن پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا زیاتر بێت.

ئەو رێگایەی بۆ کۆشکی سپی دەچێت بە ٢٧٠ نوێنەرایەتیدا تێدەپەڕێت:

لە ئەمریکا ئەو کاندیدەی زۆرترین نوێنەرایەتی بەدەستدەهێنێت کورسی سەرۆکایەتی دەباتەوە، نەوەک ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت.

لە سیستمی دەستەی نوێنەران کە ناوی (Electoral College)ی لێنراوە، لەهەر ویلایەتێکدا بەپێی قورسی ئەو ویلایەتە دابەشکراوە و تێکڕا پێکدێن لە ٥٣٨ نوێنەرایەتی، ئەو کاندیدەی بتوانێت نیوە کۆ یەکی ئەو نوێرایەتیانە بەدەستبهێنێت واتا ٢٧٠، ئەوە مافی بوونە سەرۆک بەدەستدەهێنێت.

سبەینێ، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، پەنجا و نۆیەمین هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بە رێوەدەچێت کە بە یەکێک لە هەستیارترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت و تیایدا هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و جۆبایدن کاندیدی دیموکراتییەکان کێبڕکێ لەسەر بوون بە ٤٦هەمین  سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement