شێوازی کارەکانی هونەرمەند دڵشاد کوێستانی
10:11 - 29/10/2020
محەمەد فەریق حەسەن
سەرتا دەشێ بڵێین: هونەرمەند بە پلەی یەکەم بریتییە لە شێواز (ستایل). ئایا ئەو هێڵ، ڕووبەر و پانتاییە ڕەنگییانە، ئەو بیرۆکە و بابەتانە، ئەو جووڵەی فڵچانە کە لە کارەکانیدا دەردەکەون و دەبینرێن و دووبارە دەبنەوە، کوتومت داهێنراوی خەیاڵ و پەڕەمووچی خودی هونەرمەندن یان لاسایین و پێشتر لای ئەم و ئەو بینراون؟ چونکە ئەوە شیوازە کارێک دەکات، بینەری بە دەربەست بتوانێت هونەرمەندێک لەوی تر جیا بکاتەوە. ئەوە شێوازی کاری هونەرمەندە، وا دەکات شێوە و بیچمی کەڤاڵەکانی، بگرە تەواوی تایبەتمەندییەکانی لە زەینی ئێمەی بینەردا بە زیندوویی بمێننەوە و لە ڕیزی هونەرمەندانی سەردەمی خۆیدا ئەویان پێ جیا بکرێتەوە و بناسرێتەوە. دواتر هەر ئەو شێوازەیە کە دەیکات بە خاوەنی ناو و ناوبانگ.
من وەک بینەری کارەیلی هونەرمەند دڵشاد کوێستانی، شێوازی ئەوم پێ نوێ و نوێباوە. شێوازێکە، لە دابەشکردنی ڕەنگ، گا تووڕە و توند، گا هێمن و ئارام، لەسەر ڕووبەری تابلۆکانی، خۆی دەبینێتەوە. وەختێ کۆچی کردووە، دوو شتی لەگەڵ خۆیدا بردووە، ڕۆشنایی ڕۆژهەڵات و ڕەنگی ئاگری نەورۆز. ئەم دوو ڕەگەزە نزیکەی لە گشت کارەکانیدا دووبارە دەبنەوە. جێی سەرنجە، کەمتر مرۆڤ و گیاندار لە ڕووبەری کارەکانیدا دەبینرێن. هێندێک جاران، وا هەست دەکەیت تۆی بینەر، ڕێت کەوتۆتە سەر هەسارەیەک، کە مرۆڤی تێدا ناژی. وەختێکیش جاروبار، تۆی بینەر لەسەر ڕووبەری کەڤاڵێکیدا مرۆڤ دەبینیت، وا هەست دەکەیت ئەو مرۆڤە لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا کە بە ڕەنگ ئەفراندوویەتی تەبا، گونجاو و چالاکە.
من وای مەزندە دەکەم ئەو کەڤاڵانە زیاتر دیمەنی خاک بن. ئەو، لە زێدی خۆی بێت یان لە فەرەنسە و لە غەریبی، زەمینەی کەڤاڵەکانی هەر کوردستانەکەی خۆیەتی. وێڕای ئەوەی تۆی بینەر بەو ڕووبەرە ڕەنگە پاکانە، چاوت ڕۆشن دەبێت و دەروونت دەحەسێتەوە. یەک لەباری خۆم، وەک چۆن بە تاسە و خۆشنوودییەوە گوێ بۆ پارچە موسیکێک ڕادەگرم، ئاوەهایش هەست دەکەم، ئاوازوێک لە بڵاوکردنەوەی ڕەنگ بەسەر ڕووبەری کانفاسدا دەبینم.
جاری وایش هەیە، دڵشاد کوێستانی دەڵێی شارەزایەکی بواری زەویناسییە، چالاکانە بە کامێرای ئاستبەرزەوە خەریکی وێنەگرتنی تۆپۆگرافیای خاکە، بە دێبەر و پێدەشت و چیاو بنارەوە، بە وشکانی و کانیاوەوە. بە تەواوی وردەکارییەکانی خاکەوە. خاوین و باوێن و ڕتووشکراو پیشانی بینەری دەدات. تۆ لەوێدا هەست بە پرژەی ئاوهەلدێر و ڕەوتی کانیاو دەکەیت. چاوت لە بەرزی و نشێوی نیشتمانی خۆتە. تۆ هەموو ئەم ڕەگەزانە لە ڕێی درەوشانەوەی ڕەنگ، بە زەبری فڵچە و پەنجەی خارا و، خەیاڵی فراوان، تەکنیک و شێوازەوە دەبینیت.
هەردەم لە بەرزایییەوە، ڕۆشناییەک وەک نوور دادەکشێتە بان زەوینەی کەڤاڵەکانی. خۆ تۆ لەوێدا ڕاستەوخۆ خودی خۆر نابینی، بەڵکو گورزە تیشکی خۆر بەرچاوت ڕۆشن دەکاتەوە. لەوێدا ئیتر، بەرچاوت بە سەمای ڕەنگ و ڕووناکی ڕوون دەبێتەوە. هەست دەکەیت تیریژی ڕووناوکی و شەبەنگی رەنگ دەتدوێنن. خۆ دیارە ئەگەر ڕووناکی نەبێت ڕەنگیش ناتوانێt دەرکەوێت و خۆی بنوێنێت. دیاریشە، کە پێوەندیی ئەوی هونەرمەند لەگەڵ خاک و خۆڵ و ڕووناکیدا بەهێزە بۆیە وا بە ئاسانی و جوانی کەڤاڵیان لێ چێدەکات. تابلۆی دڵشاد کوێستانی وەک تابلۆی کلاسیک نییە، تاکو تۆ لە ناوەڕاستدا، ئەندازەیی و تەرازو، فیگەرێک یان چەند فیگەرێک ببینیت و بێیت بە زەینی خۆت پێکیانەوە گرێ بدەیت، ئەوجا لای خۆتەوە مانا بە باڵای ببڕێت. یەک لەباری کارەکانی دڵشاد، تۆ ئازادی لە کام گۆشەوە، یانژی لە کام خاڵەوە دەست بە ڕوانین و پشکنین دەکەیت. گرنگ ئەوەیە تۆی بینەر کاتت بەفیڕۆ نەچێت و جوانی ببینێت.
کارەیلی دڵشاد کوێستانی، بێ گرێ و گۆڵن، هاوکات سەرنجڕاکێش و قووڵن. بۆیە تۆی بینەر، خۆت دەتوانیت واتایان پێ ببەخشیت. لە پانتایی کارەکانی ئەودا، بینەر بۆی هەیە بەپێی لێکدانەوەی خۆی قسەیان لەسەر بکات و باری سەرنجی خۆی دەرببڕێت. بینەری کارا، بێئەوەی خۆی ماندو بکات، ڕووبەری جوان و فرە ڕەهەند دەبینێ. دەکرێ بڵێین: کارەیلی دڵشاد کوێستانی جوانییان لێ دەبارێت. ئەو بە چاوی تیژ و سەلیقەی هونەرمەندەوە، جوانییەکان چەپک دەکات و لەسەر ڕووبەری کانفاس ڕایان دەخات.