مانای شیعریی
08:58 - 23/10/2020
حسێن لەتیف
مانا، ڕەگەزێکی
شیعرە، هەموو شیعر نییە، لەگەڵ ئەوەش دا شیعر بەبێ مانا بوونی نییە. شیعر بەبێ مانا
جۆرێکە لە میکانۆکردن، میکانۆکردن بە وشە، شیعری میکانۆیی کردن تەنها سەرگەرمکردنە،
لەگەڵ تەواوبوونی گەمەکەدا، چێژی کۆتایی دێت. شیعری مانا، شیعرێکە کاریگەری لەسەر وەرگر
دروست دەکات، چونکە مرۆڤ لەناو مانا دا دەژێت، بەدوای مانا دا دەگەڕێت، هەر شتێک مرۆڤ
دەیکات بۆ بەخشینی مانایە بە بوونی خۆی، بەژیانی خۆی، بە هەڵس و کەوتەکانی خۆی. شیعری
مانا،شیعری پێناسەکردنەوەی شتەکانە.شیعری نۆژەن کردنەوەی خەیاڵ و ڕوانینە. * مانای
شیعریی لە ڕێگای وشەوە بەرهەم ناهێنرێت،بەڵکو لە ڕێگای هەڵوێست وەرگرتنی شاعیر لە وشەکانەوە
بەرهەم دەهێنرێت. وشەکان پڕکراونەتەوە لەو مانایانەی فەرهەنگی زمان و کەلتوور دایهێناون،
شاعیر هەڵوێست لە مانا باوەکانی وشە وەردەگرێت. هەڵوێست وەرگرتن لە مانا فەرهەنگی و
کەلتوورییەکانی وشە، هەڵوێست وەرگرتن دەبێت لە بیرکردنەوە باوەکان. لەناو شیعری کوردیدا،
شیعرگەلێک بۆ نیشتمان و کارەساتەکان و جوانییەکانی ژن و سروشت نووسران. ئەوانەی هەڵوێست
گیرییان لە وشە هەبوو ،بوون بە ئەستێرە و زریوەیان ئاسمانی خوێنەرەکانیان ڕۆشن دەکەنەوە،
ئەوانەشی هەڵوێستیان دەربارەی وشە نەبوو، وەک تیشکی کز و لاوازی چرایەک دەردەکەون.
دوو شاعیر،دوو شاعیری عاشق بە جوانی،یەکی چامەیەک بۆ ژن یان بۆ سروشت دەنووسن،یەکیان
دەتوانێت ئێمە سەرسام بکات و ئەوی تریان نا،ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێست وەرگرتنی ئەوان
لە وشە. * شیعر خۆی هەڵوێستە، هەڵوێستەکردنە لە ڕووی باو دا.هەڵوێستی سادە و شیعاری
نا، بەڵکو لە پشت هەڵوێستەکەوە، ڕوانینی نوێ، قووڵ و جوانیناسانە، ئامادە بوونی هەیە.
نموونەی هەڵوێست وەرگرتن لە وشە زیاتر ڕوون دەکەمەوە. محەمەد عومەر عوسمان دەڵێت: پایزی
ڕەنگ زەرد..مایەی دڵتەنگی کردم بە ڕەمزی ئومێد .. من ڕەنگی خۆم ڕاهیب.. ڕەنگی زەردیش
پەرستگا قەت خامۆش نەبووە ..لە گوێما زەنگی. مانای فەرهەنگی و کەلتووریی ، وشەی پایز،
هەمیش ئاماژە بووە بۆ نائومیدی و دەردەداری، بەڵام شاعیر بەو مانا ڕەمزییانە ڕازی نییە
کەلتوور بە پایزی بەخشیووە، ئا لێرەوەیە ئۆسکار وایڵد دەڵێت کەلتوور بێگوناه نییە،چونکە
کاتێ ئێمە بیر لە ئەسپ دەکەینەوە،یان لە دیمەنی خۆرئاوابوون ڕادەمێنین،ئەوا کۆی ئەو
مانایانە ئامادە دەبن کەلتوور بە وشەی ئەسپ یان دیمەنی خۆرئاوابوونی بەخشیووە. کاتێک
سوهراب دەبێژێت (نازانم بۆ ئەسپ ئاژەڵێکی نەجیبە) دیسان هەڵوێست وەرگرتن لە وشە دەبینینەوە،ئەسپ
لە تێڕوانینی باو دا ئاژەڵێکی بەهێزە بەڵام سوهراب وشەی نەجیبی دەداتە پاڵ، بەوەش سیفەتێکی
تر دەدات بەئەسپ،سیفەتێک کە ئاژەڵێکی وەک ئەسپ دەکات بەهاوبەشی مرۆڤ لە نەجابەت دا.ئەوەش
دیسان دەرچوونە لە تێڕوانینی کەلتووری بۆ ئاژەڵ. نالی بەزمانی کەرەکەیەوە دەڵێت:چەندە
پێم خۆش بوو؍ زوبانی حاڵی دەیووت :نالیا هەردوو حەیوانین ئەتۆ گوێ کورت
و ئەمنیش گوێ درێژ. ئەمەش دیسان بەرهەمهێنانی مانای شیعرییە لە ڕێگای بەخشینی زمان
بە ئاژەڵەوە.نالی لە ڕێگای هەڵوێست گرتن لەوشەی کەرەوە پێمان دەڵێت مرۆڤ چەقی سروشت
نییە ،بەڵکو ئاژەڵێکە وەک هەر ئاژەڵێکی تر لە سروشت دا. * مانای شیعریی،تەنها لە ڕێگای
هەڵوێست گیری لە وشەوە فەراهەم دەبێت. * دەق بە بێ مانای شیعری ئینجانەیەکە بە بێ گوڵ، ئینجانە
بەبێ گوڵ شووناسێکی ناکامڵی هەیە. شیعری بەبێ مانا، لە قەیرانی شووناس دا دەژێت. *
هەڵوێست وەرگرتن لە مانای وشە،سروشتی کاری شانۆیی هەیە.موفرەدەکانی سەرتەختەی شانۆ،هەمان
ئەوشتانەن لەدەرەوەی هۆڵی شانۆ دەیانبینین،ناشبنە جێگای سەرنج و بیرکردنەوەمان،تەنها
کاتێک نەبێت وەک پێویستی ڕۆژانە پێویستمان پێیان دەبێت،بەڵام کاتێک لەنومایشێکی شانۆیی
دا،دەبینین ئەو کەرەستانە بەشێوەی جیاواز بەکاردەهێنرێن دەبنە جێگای سەرنجمان.بەو شێوەی
بە خشینی وەزیفەی جیاواز بە کەرەستەکانی سەر تەختەی شانۆ بۆ کاری نواندن گرنگن، هەڵوێست
وەرگرتن لە وشە، بەخشینی مانای جیاواز بە وشە لە بەرهەمهێنانی دەقی شیعری دا گرنگن.
دەرهێنەرە شانۆییەکان، شاعیرن لە بەکاربردنی کەرەستە مادییەکاندا، شاعیرەکان هونەرمەندن
لە بەکارهێنانی وشە و بەخشینی مانا بە وشەکان دا.