نوێترین نۆڤڵێتی مەحمود نەجمەدین بڵاوکرایەوە
08:51 - 23/10/2020
کولتووری زەمەن
(پەنجاوهەشت"و "موفید بەگ) نوێترین بەرهەمی چیرۆکنووس مەحمود نەجمەدینە، کە ئەمڕۆ لە دوو توێی کتێبێکدا بەناوی پەنجا وهەشت بڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە ئەو دوو نۆڤێڵتەی لە خۆگرتووە و بە ستایلێکی جوانی گێڕانەوەو تەکنیکی تایبەتیی نووسراوەتەوە.
پەنجاوهەشت، مانیفێستی ڕەش، سێڵاوی خوێن و شەهوەت. چیرۆکی برسی کردن و کۆیلەکردن و بەگژاچوونەوەی ستەمکاریی و یاخیبوون... چیرۆکی جەردەی پۆشتە و پەرداغ، کە چۆن پارە و دەسەڵات کردنی بە نەجیبزادە...
ئەم بەرهەمە لە دوو نۆڤلێت پێکدێ"پەنجاوهەشت"و "موفید بەگ " لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانی یە. لە ناوەندی خانی دەست دەکەوێت و بڕیار وایە ڕۆژانی ئایندە لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڵاوببێتەوە.
لەنۆڤلێتی" پەنجاوهەشت" ەوە:
...حەشیمەتی گیرفان بەتاڵیش پاناوپان هەر دوو سایدەكەیان گرتووە و داوای مووچەی پار و پێرار دەكەن، وەكوو بڵێی هی ئەم ساڵ لە جێبایە! ئەم وڵساتەش لە شین و شایی دەستكەوتی خۆی هەیە، حیزە و بەختەكەی وەكوو سەگ دەوڕی، ساڵیانی ساڵ لە بەختی ئەم گەزۆ دەبارێ، لە هەموو بارێكدا براوەیە، شین و شایی بەخێری وی دەشكێتەوە، لە رێپێوانەكەی دوێنێدا باڵا بەرزێكی لە چاو داوە...
لەنۆڤلێتی "موفید بەگ" ەوە:
جا كێ لە بەگ ناترسێ!؟ لامەزەبە، خوێنمژە. زەعیم سدیق لە چاویدا پەڕسێلكەی بێ زەواڵە. هێندە زاڵمە نادر شا و رەزا شا راست و چەپ وەكو دوو ڕەشمار لەسەر شانەكانی كپ و مات زیڕەیان كردووە. بارقی حاجی حنتە و ئیسماعیلی یەكەم و دووەم، ئەڵب ئەرسەلان، باوان و بنەوەوانی سوڵتان سلێمانیش هێندە زاڵم نین. لە مەلا تا ئەفەندی و فەیلەسوفی ریش سەكسوكی لەسەر قامكی دەخولێنەوە. قاچێكی لە تەلئەبیبە و ئەوی دیكەی لە شیرازە...