763 کەلتور

ڕۆحی بێگەرد... ڕۆحی دوو هاوڕێی هێژام..

12:25 - 25/09/2020

کامەران سوبحان

 

دوێنێ بە هێمنی وەک هێمنی دێڕو وشەکانی، کتێبە دیالۆگ ئامێزەکەتان "ڕۆحی بێگەرد"م خوێندەوە..

لە ڕۆژگاری منداڵی مامۆستا ڕەوف بێگەردەوە، بۆ قۆناغی هەرزەکاری و ئەڤینداریی و قۆناغی نووسین و وەرگێڕان و قۆناغی کاری سیاسیی، تا دەگاتە قۆناغی ئێستای ڕۆحی بێگەردانەی مامۆستا رەئووفی بەسەرکردووەتەوە.
دەقی گفتوگۆو دیالۆگە دوور لە خەوش و ئارامەکەی ئەم کتێبەتان، دڵخۆشی کردم. خۆشتان دەزانن لە ڕابردوودا، منیش چەند ئەزموونێکی هاوشێوەم هەیە و لە ئێستاشدا کار لەسەر ئەزموونێکی دەوڵەمەندی پڕ بەرهەمی هونەرمەندی مەزن، "خالقی" دەکەم. پێشتر کتێبی لەڕقەوە بۆ خۆشەویستی کتێبێکی هاوشێوە بوو، لەگەڵ خاتوو "گەزیزە" ئەمە جگە لە دوو کتێبی دیالۆگ ئامێز لەگەڵ هەردوو هونەرمەند فازیل جاف و دانا رەئووف.
ڕۆحی بێگەرد، دوان و گفتووگۆی دوو هاوڕێی درێژی تەمەنمن. کە ساڵانێکی زۆر پێکەوە کاری ئەدەبی و فەرهەنگیمان کردووە. هەربۆیە ڕاستگۆیانە بڵێم لەکاتی خوێندنەوەیدا، هەندێجار وەڵامەکانی بێگەرد بۆ من ئاشکرابوو، پرسیارەکانی "ئیدریس عەلی"یش بۆ من جۆرێک بوو لە پرسیاری زانراو و ئاشنا!

هاوڕێیانی هێژام.. مامۆستا رەئوف بێگەرد... ئیدریس عەلی:
ئەوەی لە کتێبی رۆحی بێگەرد دا بەری کەوتم، زیاتر ئەو زمانە شیعریی و نەرمە بوو، کە دوو هاوڕێ لە دوو کێڵگەی جیاوازی ئەدەبیدان، زمانی نەرمی شیعریی و زمانی پڕ چێژی گێڕانەوەی چیرۆک. کاک ئیدریس، مامەڵەکردنی لەگەڵ وشەدا، لەم کتێبەدا، بە شێوازی مامەڵەکردنی بوو لەگەڵ زاراوەو وشە و تەکنیکی شیعریی. هەربۆیە ئەو فەزا جوان و ئارامەی لە شیعرەکانیدا باڵی بەسەر ڕۆحی بێگەردیشدا کێشابوو. بەجۆرێ خوێنەر لە کتێبەکەدا، بەر ڕۆحێکی جوان و یاخی بێگەرد و زمانێکی ئارام و جوانی شیعریی ئیدریس دەکەوێت و چێژێکی تایبەتی خوێندنەوەی هەیە.
تەوەرەکانی کتێبەکەش، هەروەک لەسەرەوە هێمام بۆ کردن، لە منداڵییەوە بۆ ئێستا، گرنگ و بایەخدارن. بەڵام بریا فراوانتر دەبوون و زیاتر و زیاتریش لەسەر ئەزموونی نووسین و وەرگێڕان و تایبەتمەندی و تەکنیکی نووسینی بێگەرد دەوەستان، بریا، ڕەئووف بێگەردیش، بەهەمان شێوە مەودای دیالۆگی لەگەڵ ئەو شاعیرەدا، فراوانتر دەکرد و هەندێ لە وەڵامەکانی پرسیار و دیالۆگ بوایە بۆ ئیدریس و ئەو خوێنەرانەی ئەم کتێبە دەخوێننەوە.
بەهەر حاڵ دەستان خۆش، هاوڕێیانی هێژام: مامۆستا رەئووف بێگەرد و کاک ئیدریس عەلی، چێژم لە کتێبی "ڕۆحی بێگەرد" بینی و بە خۆشحاڵییەوە ئەم چەپکە وشەتان پێشکەش دەکەم. هەر بژین و بمێنن بە جوانی بێگەردیی.

 

هاورێتان:

کامەران سوبحان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن