334 کەلتور

کۆچی ماسییەکان

10:33 - 25/09/2020

دڵشاد عەبدوڵڵا
بۆ ئیسماعیل خەیات و ڕۆژانی زوو

 

هیچ شتێک ناگۆڕێ
ئەگەر ماسیەکان هی ئەڵوەند بن یان تانجەڕۆ
لەرینەوەی پوولەکەی سەرپشتیان لەبەر تیشکی گەرمی هاوین
کەشەپۆل هەڵیان دەگرێ و چەند ساتێک لەهەوا ڕایاندەگرێ
وەک یاریکەری ئەکرۆپات بۆ تەواوکردنی نمایش
خۆیان هەڵدەدەنەوە ناو ئاو
تا بیسەلمێنن بێ خۆشەویستی هیچ کەس ناژی.
ئەو ساتە کورتانەی بەهەواوەن لێیان تێرنابی
وەک تی چاوی یەکەمین دیتن و بزربوونی کچێک
وەک بیرۆکەیەک بەئاستەمۆکە دەرکەوێ
پێش ئەوەی دەست بۆ قەڵەم وکاغەز ببەی لەبیرت بچێتەوە
بەپەرۆشی بۆ هاتنەوەیان، ئەو ئارەزووانە پەپوولەن کورتە تەمەنیان .
بۆ ئەوانەی دەربەست نیین ئاساییە ئەو نمایشە بەکەمێک نازەوە وەک نەوەی پەری دەریا !
بۆ منی گیرۆدەی داوی هونەر لەسەت لا
بۆ منی دەربەستی خاک و خۆڵ
بۆ منی سەوداسەری ڕەنگی خودا !
دوای نیشتنەوەی لافاوی تەماشا
ئەو زیندووانەن لەمردوو گووراون
ئەو منداڵییەن بەگەورەبوون شکاون
بمبەنەوە لەگەڵ خۆتان بۆ ئەوێ
من دەمێکە لەوێستگەکاندا چاوەڕێی ساتێکم لەو ساتانەی
ئیلهامی ژیانی ئەبەدی دەبەخشن بەچرکەیەک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن