عیراق

دەسپاكی عێراق: لە سێ مانگدا زیاتر لە ٢٧ ملیار دینارمان بۆ وڵات گەڕاندووەتەوە

12:08 - 23/09/2020 132 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

دەستەی دەسپاكی لە عێراق رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا، ٨٥ كەسیان بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركردووە و ٢٧ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینارینیشیان بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە.

فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەسپاكی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە یەكی ئایارەوە تاوەکو ٣١ی تەموزی ئەمساڵ، تیمەكانیان ٩٧ هەڵمەتیان لە بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای دیکە کردووە لە ئەنجامدا ٨٥ كەس بەتۆمەتی تێوەگلاون لە گەندەڵی دەستگیركراون.

روونیشیکردووەتەوە، تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەكانی بەسرە لە ٢٠ هەڵمەتدا توانیویانە دەستبەسەر ١١٠ مامەڵەی ساختەی خانووبەرەی میری كە بەهاكەیان پێنج ملیار دینار بووە بگرن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەر لەو ماوەیەدا دەست بەسەر ١٤٧ مامەڵەی خانەشینی ساختەی تایبەت بە قوربانییانی تیرۆر لە دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی لقی ئەنبار كە بەهاكەیان ١٠ ملیار دینار و دوو مۆڵەتی ساختە لە نەجەف دەستی بەسەردا گیراوە بە بەهای زیاتر لە ١٢ ملیار دینار.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا باسی لەوەكردووە، لە چوارچێوەی چالاكی تیمەكانی مەیدانی تایبەت بە كەرتی تەندروستی، گەندەڵی لە گرێبەستی كڕێنی ژمارەیەك ئامێری پشكنین و دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەهاكەی ٤٠٠ ملیۆن دینار بووە و فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك واژۆی كردووە ئاشكراكراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement