پارێزگاری سلێمانی: سوپاس بۆ خوا له‌ئێستادا هیچ كه‌سێك له‌ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد دا نییه
11:22 - 18/08/2020
سه‌باره‌ت به بارودۆخی كۆرۆناو دوا
گۆڕانكاریه‌كانی ئاستی خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان، "زه‌مه‌ن" ئه‌م
چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی سازداوه.
زه‌مه‌ن: به‌پێی ئه‌و لێكۆڵێنه‌وه‌و به‌رچاروونییه‌كه‌ی
كه هه‌تا‌نه، دۆخی كۆرۆنا به‌ره‌و كۆنتڕۆڵ و كۆتایی ده‌روات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟
*كۆرۆنا له‌به‌رده‌وامیدایه، به‌ڵام به هه‌وڵ
و پشتیوانی هاوڵاتییان و كه‌رتی ته‌ندروستی و یه‌كه ئیدارییه‌كان، به‌ره‌و قۆناغی
به‌رگری گشتی ده‌ڕوات، به‌جۆرێ كه بتوانێ مه‌ترسییه‌كان كه‌م بكاته‌وه.
پێوانه و ئاماری ئێستاكه‌ی ئێمه، ته‌نیا
پشت به پشكنینه‌كان نابه‌ستێت، به‌ڵكو پشت به‌و كه‌سانه ده‌بستێت كه باری ته‌ندروستییان
ناجێگره یان مه‌ترسیداره، سوپاس بۆ خوا له‌ئێستادا هیچكه‌سێك
له‌ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردا نییه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میش
پێویستییان به‌وه‌رگرتنی ئۆكسیجین هه‌یه.
هه‌رچه‌نده هه‌ڵگرانی ڤایرۆسه‌كه زۆربوون،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر خۆپارێزی به‌رده‌وام بن، نابنه سه‌رچاوه‌ی تووشبوونی كه‌سانی
تر، به‌ڵكو ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی چاره‌سه‌ر، به‌و مانایه‌ی له‌رێگه‌ی به‌خشینی
پلازماوه ده‌توانن یارمه‌تیده‌رمان بن بۆ ئه‌وه‌ی باشتر رووبه‌رووی ڤایرۆسی
كۆرۆنا ببینه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی پاته‌كه، ببووین
به سێ به‌شه‌وه، ئێمه وه‌ك داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت زۆر به‌جدیمان وه‌رگرتبوو،
به‌شێكی تریش به درۆ‌و ده‌سه‌له‌ی ده‌زانی و به‌شیكی زۆری هاوڵاتییانیش گومانیان
هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هیچكه‌سێك نه‌ماوه كه باوه‌ڕی ته‌واویی به جدیه‌تی ڤایرۆسه‌كه
نه‌بێت، بۆیه ئاستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوڵاتییان بۆ په‌تاكه‌و ئاستی خۆپارێزی
و هاوكات ئاستی چاره‌سه‌ر كردن زیادیكردووه.
هه‌موو ئه‌م ئاماژانه پێمانده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر
له‌سه‌ر خۆپارێزی و رێكاره‌كان به‌رده‌وام بین، ئه‌وا له‌رۆژانی داهاتوو ده‌گه‌ینه
ئاستیكی زۆر باش.
زه‌مه‌ن: ده‌وترێ له‌ئێستادا (به‌رگری گشتی)
دژ به ڤایرۆسه‌كه له‌سلێمانی دروست بووه، رای تۆ له‌وباره‌وه چییه؟
*ئێمه پشتمان به‌ستووه به‌و ئامارانه‌ی كه
له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی و پشكنینه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وه‌رده‌گیرێن، هه‌موو ئه‌و ئاماژانه پێمانده‌ڵێن: به‌ڵێ،
ئێمه هه‌نگاو ده‌نێین به‌ره‌و دروستبوونی به‌رگری گشتی به‌رامبه‌ر په‌تای كۆرۆنا.
زه‌مه‌ن: ئێوه ده‌ڵێن كه له‌ژێر چه‌تری
كۆرۆنادا كار ده‌كه‌ن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیان، هه‌نگاوه‌كانی چین؟
*ئێمه ده‌ستمانكردووه به لێكۆڵینه‌وه له‌و
شوێنانه‌ی كه له‌رابردوو رامانگرتوون و ده‌بنه هۆی شوێنی به‌ریه‌ككه‌وتن و قه‌ره‌باڵغی و شوێنگه‌ی گواستنه‌وه‌ی
په‌تاكه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان و كه‌رتی ته‌ندروستی خه‌ریكی دیراسه‌ین
كه چۆن به‌ره‌به‌ره ئه‌و شوێنانه بكه‌ینه‌وه.
ئێمه كه ده‌ڵێن: له‌ژێر چه‌تر كۆرۆنایه
ژیان ئاسایی ده‌كه‌ینه‌وه، به‌و مانایه‌ی كه وه‌ك جارانی لێنایه‌ته‌وه‌و به مه‌رج شوێنه‌كان ده‌كرێنه‌وه،
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر جاران چێشتخانه‌یه‌ك 10 مێزی هه‌بووبێ، ئێستا رێگا به 5 مێز
دراوه‌و ده‌بێ دووریی نێوانی مێزه‌كان 2 مه‌تر و كه‌سه‌كانیش ده‌مامك و ده‌سكێش به‌كاربێنن
و پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن.
هه‌روه‌ها ئێمه ئێستا له‌دیراسه‌ی ئه‌وه‌داین
كه چۆن هۆڵه‌كانی سینه‌ما و شانۆ‌و كۆنسێرت بكرێنه‌وه، به‌ره‌چاوكردنی رێنمایی و
رێكاره‌كانی خۆپارێزی، و هه‌روه‌ها نه‌بێته هۆی قه‌ره‌باڵغی و كۆبوونه‌وه‌ی زۆریی
هاوڵاتییان، چونكه ئه‌وكات مه‌ترسی ئه‌وه دروست ده‌بێته‌وه كه په‌تاكه سه‌رهه‌ڵبداته‌وه،
كه‌واته كردنه‌وه‌ی هه‌ر شوێنێك ده‌بێ له‌ژێر چه‌تری رێنمایی و رێكاره‌كانی
خۆپارێزی دابێت.
زه‌مه‌ن: له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه،
ئایا هه‌ستت به‌وه‌كردووه، كه حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، فه‌زڵی
پارێزگایه‌كی تریان داوه به‌سه‌ر سلێمانیدا؟
*ئێمه هه‌ستییشمان به‌و جیاوازییه كردبێت،
پڕمان كردووته‌وه، چونكه حاڵه‌تی فریاكه‌وتن و ئێمرجنسی بووه، له‌گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌تییه‌وه
كردوومانه به‌وه‌ی كه چۆن كه‌لێنه‌كه پڕ بكه‌ینه‌وه.
ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی
و خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه حكومه‌ت دروستبووه‌و حكومه‌ت نه‌یتوانیوه پڕی
بكاته‌وه، لێره‌وه جێی خۆیه‌تی سوپاسی
سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا
و حزب و كه‌سایه‌تییانه بكه‌ین كه له‌رووی دارایی و لۆجستییه‌وه هاوكارییان
كردووین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی بتوانین ئیداره‌ی بارودۆخه‌كه بكه‌ین.
زه‌مه‌ن: كۆرۆنا زیانی كوشنده‌ی به پاریزگای
سلێمانی گه‌یاند، ئایا ئومێدی بووژانه‌وه هه‌یه؟
*به‌ڵێ، ئێستا ده‌رفه‌ته‌كانی بووژانه‌وه
زۆرن، له‌به‌رئه‌وه‌ی باش دۆخه‌كه‌مان ئیداره كردووه‌و وامانكردووه كه‌س
پێیوستی به‌نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی نه‌بێت و پاره‌یه‌كی زۆر بۆ هاوڵاتییان گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
خزمه‌تگوزاری گشتی له سلێمانی له‌ئاستێكی زۆر باش پێشكه‌شكراوه، ئێمه هه‌زاران
توشبوومان هه‌بووه‌و به‌هه‌زاران توشبوو له‌نه‌خۆشخانه‌كان خه‌وێنراوون و چاره‌سه‌ر كراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره له‌كه‌س
وه‌رگیرێت.
هه‌روه‌ها نه‌مانهێشتووه ئاڵوگۆڕ و جوڵه‌ی
بازرگانی بوه‌ستێت، ئه‌وه‌ش خاڵێكی گرنگ و ئیجابییه. هه‌روه‌ها نه‌شمانهێشتووه
دام و ده‌زگاكانی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو‌و كاره‌با و شاره‌وانی بوه‌ستێت.
هاوڵاتییان خۆیان به‌شێك بوونه له‌چاره‌سه‌ر
و ئیداره‌دانی دۆخه‌كه و به‌شێكیان هاوكارییان كردووین و نه‌خۆشخانه‌یان
دروستكردووه‌و پێداویستی پزیشكیان پێشكه‌شكردووین و گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی پلازمای
خوێن له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چووه.
ئێستا خه‌ریكی ئه‌وه‌ین كه كه‌رتی گه‌شتیاری
و كارگه و شوێنه بازرگانییه‌كان رێكبخه‌ینه‌وه، كه به‌مه‌رجی خۆپاریزی بێن
كاره‌كانیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
جه‌ژنی قوربانیش ئه‌زموونێكی گرنگ بوو بۆ
ئێمه كه تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووین.
زه‌مه‌ن: له‌وه‌ته‌ی بوونه‌ته پاریزگار،
چیتان كردووه بۆ رێگریكرن له تاڵانی و گه‌نده‌ڵی؟
*له‌چوارچێوه‌ی ئیداره‌كه‌ی خۆماندا
تائاستێكی زۆر باش توانیومانه ئه‌مه جێبه‌جێ بكه‌ین و نه‌هێڵین پشكپشكێنه و
قۆرخكاری و به‌رتیل و سه‌رانه، ته‌شه‌نه بستێنێت و بڵاوبێته‌وه، كه له‌رابردوودا
ببوو به دیارده، به‌ڵام ئێمه له‌ئاستی حاڵه‌تیش نه‌مانهێشتووه.
ئه‌و حاڵه‌تانه‌شی كه رووده‌ده‌ن، به‌شیكیان
په‌یوه‌ندی به‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌شێكی تریشی په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی
ئیتیحادییه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه مه‌رز و سنووره‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاردا
نین، نه‌دانانی كه‌سه‌كان و نه‌سه‌رپه‌رشتیكردنی له‌ده‌سه‌ڵاتی پاریزگای سلێنمانی
نییه‌و داهاته‌كه‌شی بۆ ئێمه نییه. بۆیه ئێمه‌ش گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تیمان هه‌یه
و پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیشمان كردووه. له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش
وتوومانه ئه‌گه‌ر داهات و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌رك و ماف دابه‌شبكرێت،
ئێمه توانای بنه‌بڕ كردنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌شمان هه‌یه، به‌ڵام كاتێك له‌عێراق و
هه‌رێم داهات و به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌رك و ماف دابه‌ش ناكرێن، نه
ئێمه ده‌توانین وه‌ك پێویست كاره‌كانی خۆمان بكه‌ین و نه‌ده‌توانرێ ئه‌و دیاردانه‌ش
بنه‌بڕ بكرێن.
زه‌مه‌ن: باس له گه‌نده‌ڵی و قاچاخی رێكخراو
ده‌كرێ، به‌تایبه‌تی له‌مه‌رزی باشماخ، له‌وباره‌وه چی ده‌ڵێن؟
*ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه هه‌بێ،
ناهێڵین هیچ كاڵایه‌كی به‌سه‌رچوو یان خراپ داخلی پارێزگاكه‌مان بكرێت، له‌وه‌دا
له‌ئاستی عێراق له‌پله‌ی یه‌كه‌مداین. ئێمه به‌رپرسیارین له‌و كاڵایانه‌ی كه له
سنووریی پارێزگاكه‌ماندایه، نه‌ك له‌و كه‌ل و په‌لانه‌ی كه له‌ده‌روازه
سنوورییه‌كاندان، كه ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌مان به‌سه‌ریاندا ناشكێت.
بۆیه ده‌بێ ئه‌و پرسیاره له‌حكومه‌ت بكرێ،
كه ئه‌گه‌ر قاچاخچیه‌تی رێكخراو هه‌یه ئه‌ی ده‌وڵه‌تی رێكخراو له‌كوێیه؟ كه
رێگا له‌م كاره رێكخراوه‌ییه بگرێت. بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم سنووره‌كانی
خۆی قایم بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س به دز نه‌زانێت.
زه‌مه‌ن: هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن پرسی لامه‌ركه‌زی به‌گه‌مه‌ی سیاسی ده‌زانن،
تۆ له‌وباره‌وه چی ده‌ڵێت؟
*ئه‌وه گه‌مه نییه، به‌ڵكو گه‌یشتنه به‌قۆناغی
كامڵبوونی سیاسی، واته پێویستیی قۆناغه‌كه و شكستی مۆدیله‌كانی رابردوو.
حكومه‌تی هه‌رێم له‌كارنامه‌كه‌ی بڕوای به‌وه
هه‌یه، هه‌روه‌ها ئێمه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ته‌به‌نی سیستمه‌كه‌مان كردووه‌و
له پارێزگای سلێمانیش به‌و شێوازه مامه‌ڵه و ته‌عامول له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگاكان
ده‌كه‌ین.
بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ لامه‌زی كارگێری و دارایی
داین و له‌گه‌ڵ لامه‌كه‌زی سیاسی وجوگرافی دانین. له‌گه‌ڵ له‌تكردن و په‌تكردنی
كوردستان و سلێمانی نین و كه‌سیش له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه.
زه‌مه‌ن: كاتی خۆی وتت: كه ره‌وانشاد كاك نه‌وشیروان
مسته‌فا ئامۆژگاری كردوویت كه بوویته پارێزگار ته‌نیا پارێزگاری گۆڕانه‌كان نابم،
به‌ڵكو هی هه‌مخووان ده‌بم، ئایا ئه‌وه‌ت جێبه‌جێكردووه؟
*ده‌توانم بڵێم له‌سه‌دا سه‌د ئه‌وه‌مان
جێبه‌جێكردووه، هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌وه نه‌ماهێشتووه نه گۆڕان هه‌ست به‌غروری
بردنه‌وه بكات، نه لایه‌نه‌كانی تر هه‌ست به‌غروری نه‌بردنه‌وه بكه‌ن، بۆیه
وامكردووه كه ئه‌م ئیداره‌ییه هی هه‌موو خه‌ڵك بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و رێساكان كار بكات.
زه‌مه‌ن: له‌وه‌ته‌ی بویته پارێزگار، ئایا
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌داخولی كاره‌كانی كردوویت یان رێگری لێكردوویت؟
*بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌واویی پشتگیری
كردووم و نه رۆژێك له‌رۆژان ته‌داخولی
كردووه‌و نه‌رێگری لێكردووم و نه‌فشاری
كردووه. به‌ڵكو داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی گه‌یاندووه‌و رێنمایی كردووین. ئێمه‌ش به‌پێی
یاسا جوابمان داوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌توانم بڵێم پشتیوانێكی سه‌ره‌كی ئه‌م ئیداره‌یه،
خودی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه.
زه‌مه‌ن: ئێستا وه‌كو پارێزگای سلێمانی كار‌و
پڕۆژه‌ی چیتان هه‌یه بۆ پارێزگاكه؟
*له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستده‌كرێت به‌تاپۆ
كردنی هه‌زاران زه‌وی و خانووه زێده‌ڕۆكان كه 55 گوندی سنووری پارێزگای سلێمانی
ده‌گریته‌وه، كه ده‌یان هه‌زار خێزان لێی سودمه‌ند ده‌بن.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش
قسه‌مان كردووه‌و خه‌ریكی دروستكردتی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونین بۆ فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت
به نرخێكی دیاریكراو و قیستی درێژخایه‌ن.
هاوكات خه‌ریكی تاپۆكردنی 700 زه‌وی
مامۆستایانی زانكۆین.
هه‌روه‌ها نزیكه‌ی هه‌زار پارچه زه‌ویمان به‌سه‌ر
خانه‌وا‌ده‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی داعش و برینداره‌كان دابه‌شكردووه.
چه‌ندین وه‌به‌رهێنانی بیانیمان هێناوه‌ته
پاریزگاكه، له‌وانه فه‌ره‌نسی و ئه‌مریكی و به‌ریتانی و ...ئێستا له سه‌دا 32ی
هه‌موو پیشه‌سازی عێراق له‌سلێمانییه. هه‌تا ئێستایش له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق
سلێمانی له‌رووی په‌روه‌رده و ته‌ندروستییه‌وه له پله‌ی یه‌كه‌مدایه. ئه‌مانه
هه‌مووی به‌رهه‌می به‌یه‌كه‌وه كاركردنن.