بههۆی ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی بەرهەمی ژەهراوی، کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنترۆڵ هێرشی دەکرێتەسەر
04:36 - 14/08/2020
"زهمهن"
کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی کە کاری کوالیتی کۆنترۆڵ دەکات لە دەروازەی سنوری
(پشتە)ی سەر بە ناحیەی بەمۆ، بەهۆی ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی کەرەستەی پلاستیکی
کوالێتی خراپ و ژەهراوی، هێرشی دەکرێتە سەر.
سەرلەبەیانی ڕۆژی (12/8/2020) پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی نوسینگەی كۆمپانیای
لۆکس ئەیجنسی لەدەروازەی سنوری ( پشتە) لەلایەن
هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرش دەکرێتەسەر
تاقیگەکانی ئەو نوسینگەیە و زیانێکی زۆر بە کەرەستەو ئامێرەکان دەگەیەنن، ئەمەش وەک
کاردانەوەی نارازیبوونیان لەئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكییە هاوردەكراوەكانیان
كە ڕۆژی پێشتر (12) نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی ڕەتكراوەتەوە،
بەم هۆیەوە زیانی گەورە بەر نوسینگەی کۆمپانیا کەوتووەو بۆتە هۆی ڕاگرتنی جوڵەی
بازرگانی لەدەروازەكە.
لای خۆیەوە (محەمەد حەسەن) بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بە
دیجیتاڵ میدیای (زهمهن)ى ڕاگەیاند "هەر لەسەرەتای دەستپێكردنمان بە پشكنینی
كەرەستەی پلاستیكی بۆمان دەركەوت کە لە هەندێ لە کەرەستە هاوردەکراوەکان بڕێكی زۆر
مادەی ژەهراوی وەك (كانزا قورسەكان) بەكاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكیەكاندا،
ئەمەیش لەبەر هەرزانی نرخی مادەپێكهینەرەكان بەبێ گوێدانە تەندروستی مرۆڤ و بەرژەوەندی
گشتی".
محەمەد حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، کە لە پێناو پاراستنی مافی بەكاربەر وەك ئەركێكی
ئەخلاقی و نیشتمانی چەندین جار كۆبونەوەیان لەگەڵ بازرگانان ئەنجامداوە و لە مەترسی
ئەو مادە ژەهراویانە ئاگاداریانكردوونەتەوە، كە بە تێپەڕبوونی كات هۆكارن بۆ
دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك لەكاركەوتنی گورچیلە
و دواكەوتنی گەشەی مناڵ و چەندانی تر.
بەرێوەبەری کۆمپانیاكه
راشیگەیاند "لەبەرامبەردا هەندێك لە بازرگانان بەبێ گوێدان بەو مەترسیانە بەردەوام
بوون لە هاوردەكردنی ئەو كاڵایانە و چەندین جار هەرەشەی ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیاو
ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە لە دەروازەكە".
کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە ساڵی 2017ەوە دامەزراوە و خاوەنی سێ بروانامەی نێودەوڵەتی (ISO) ئایزۆیە، کاری کوالێتی کۆنترۆڵ دەکات لە دەروازە
سنورییەكانی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ) كاری پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم شمەكە هاوردەكراوەكان
ئەنجام دەدات. لۆکس ئەیجنسی کۆمپانیایەکی زانستی پرۆفیشناڵە و ستافێکی زانستی بەتوانا
لە پسپۆرییە جیاوازەکان کاری تێدا دەکەن و سەربەخۆیە و پەیوەندی بەهیچ هێز و ئایدۆلۆجیایەکی
سیاسیەوە نیە.