690 کەلتور

ترسناک بیرت دەکەم کاک شێرکۆ

10:14 - 05/08/2020

عەلی پێنجوێنی

نزیک بەنیوسەدەیە شێرکۆ بێکەس بەزمانێکی باڵا دوکەڵ دەنوسێتەوە،هەردارێک سوتێنرابێ شێرکۆ ئەودارەی هێناوەتەوەو زمانی پێبەخشیوە.هەرئاوێک خنکێنرابێ شێرکۆ ئەو ئاوەی هێناوەتەوەو زمانی تاڤگەی لەقوڕگیا ژیاندۆتەوە،شێرکۆ دەبوەوە بەزمان لەناو قورگی قوربانیەکاندا،کەماڵێک دەروخێنرا،شێرکۆ هەمان ئەوماڵەی قەشەنگتر لەناو ماڵی زمانادا دروست دەکردەوە.دەشێ پێش شێرکۆ دارودەوەن و سروشت بەهەموو پێکهاتەکانیەوە هێنرابێتە گۆو زمانی پێبەخشرابێ بەڵام ئەوەی شێرکۆ جیادەکاتەوە لەوانی تر،شێرکۆ زمان دەبەخشێتە سروشت و هەموو پێکهاتەکانی گەردون ئەو کاتەی سروشت و گشت پێکهاتەکانی بونەتە سوتەمەرۆو قوربانی،چەن سەختە زمان لەناو قوربانیدا بژێنیتەوە،شێرکۆ ئەمەی کرد.زۆر دەگمەنن ئەونوسەرانەی تامردن داهێنەربن و جوانیان لێبڕژێ،شێرکۆ ئەو تاقانە شاعیرەی ئێمەیە کەتامردن عەتری جوانیی لێئەرژا،دەستی دەماڵی بەهەر چەمێکا ئەستێرەی تیا هەڵئەقوڵی کەدڵی دەنا بە دڵی ئاسمانەوە بەفری خەللاقیەت پروشەی دەکرد.مردن هەرتەنیا دەتوانێ دەرەقەتی جەستەی شێرکۆ بێت،ئاخر شێرکۆ بەدرێژایی تەمەنی نوسینی خۆی مەرگی نەتەوەیەکی دەنوسیەوە،ئیدی مەرگ چۆن دەتوانێ دەرەقەتی رۆحی ئەم پیاوە بێت؟ئێجگار کەمن ئەومرۆڤانەی لەدوای مەرگەوە پێدەنێنە ناو ژیانەوە،شێرکۆناسی لەدوای مەرگی جەستەی شێرکۆبێکەسەوە دەستپێدەکات.کێ دەیتوانی وەک شێرکۆ لەناو مەرگا ژیان بخاتەوە هەڵقوڵین؟ کێ دەیتوانی دەست لەقیژە بدات جگە لەشێرکۆ؟؟ کێ دەیتوانی سێبەر کەمەندکێش بکات جگە لە شێرکۆ؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن