530 کەلتور

ڕه‌وش و خوڵقان

11:03 - 09/07/2020

دانا ڕه‌ئووف

ده‌زگای کاڵسۆن له‌ سوید له‌م چه‌ند ساڵەی ڕابردوودا، کتێبێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی شانۆیی بۆ هونه‌رمه‌ند ''دانا ڕه‌ئووف'' به‌ناوی (ڕه‌وش و خوڵقان... سه‌فه‌ری ڕۆژێکی درێژ به‌ره‌و شه‌و... له‌ پرۆڤه‌وه‌ بۆ نه‌مایش) لە بەرگێکی جوان و بە کڤالیتێتێکی بەرز، به‌چاپ گه‌یاندووه‌. دانا ڕه‌ئووف ڕاسته‌وخۆ کتێبه‌که‌ی به‌ زمانی سویدی نووسیوه‌ و له‌ فۆرمی یاداشتنامه‌دا پرۆسه‌ی ئه‌فراندنی یه‌کێک له نه‌مایشه‌کانی شانۆی پادشایه‌تی له‌ ستۆکهۆڵم باس ده‌کات. هەروەها پرۆفیسۆر خاتوو ''کارین هێلاندێر'' مامۆستای زانستی شانۆ له‌ زانکۆی ستۆکهۆڵم، پێشه‌کییه‌کی چڕوپڕی بۆ کتێبه‌که‌ نووسیوه‌.


کتێبه‌که خاوه‌ن سه‌بکێکی دێکیومێنتاری، لێکۆڵینه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ییه‌ و بریتییه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی نه‌مایشێکی شانۆیی هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و مه‌شقه‌وه‌ تا دەگاتە ڕۆژی نه‌مایش، کاردانه‌وه‌ی بینه‌ران و کۆتایی گه‌شت و نه‌مایشه‌که‌. دانا ڕه‌ئووف ساڵی ٢٠٠٦ له‌گه‌ڵ ڕیژیسۆر (ستێڤان لارشۆن) و گروپێک له‌ ئه‌کته‌رانی ناسراوی سویدی، له‌ شانۆی پادشایه‌تی کار لە شانۆنامه‌ی (سه‌فه‌ری ڕۆژێکی درێژ به‌ره‌و شه‌و)ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی ''یۆژین ئۆنێل'' دەکەن و دواتر لە نه‌مایشێکی ڕەنگیندا پێشکەشی ده‌که‌ن.

دانا ڕه‌ئووف وه‌ک ڕیژیسۆری یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵ ستێڤان لارشۆنی ڕیژیسۆر بۆ ماوه‌ی دوو مانگ سه‌رقاڵی ئه‌و نه‌مایشه‌ ده‌بن و ئه‌م کتێبه‌یش شوێنپێهه‌ڵگرتنێکی ووردی ساته‌ دژواره‌کانی پرۆڤه‌، داهێنان و هه‌ڵکۆڵینی شانۆنامه‌که‌یه‌، له‌ دەقەکەوە بۆ نه‌مایش. خودی شانۆنامه‌که‌ی یۆژین ئۆنێل بایه‌خێکی گرینگ و جێگایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی له‌ مێژوو و ڕه‌وتی شانۆی سویددا هه‌یه‌. یۆژین ئۆنێل له‌ ساڵی ١٩٤٦ دا شانۆنامه‌که‌ی نووسیوه‌ و ڕووداوه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌ما و بیۆگرافیای ژیانی خۆی ڕۆناوه‌.

(سه‌فه‌ری ڕۆژێکی درێژ به‌ره‌و شه‌و) له‌سه‌ر داخوازی یۆژین ئۆنێل بۆ یه‌که‌مجار له‌ جیهاندا له‌ شاری ستۆکهۆڵم و شانۆی پادشایه‌تی و له‌ ساڵی ١٩٥٦ دا پێشکه‌ش ده‌کرێت، نه‌مایشه‌که‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت و تا ئێستا له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا باس ده‌کرێت. ئینگمار بێرگمان هه‌مان شانۆنامه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٨ دا و له‌سه‌ر هه‌مان شانۆ پێشکه‌ش ده‌کات. نه‌مایشه‌که‌ی بێرگمان وه‌ک هه‌موو کاره‌کانی تری، سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ به‌ده‌ست دێنێت.

دواتر له‌ ساڵی ١٩٩٨ دا ڕیژیسۆرێکی گه‌نج خۆی له‌م کاره‌ ده‌دات و به‌ یارمه‌تی ئه‌کته‌ره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌وکاته‌ی شانۆی پادشایەتی ده‌یخه‌نه‌وه‌ سه‌ر شانۆ. ساڵی ٢٠٠٦ و دوای په‌نجا ساڵ به‌سه‌ر یه‌که‌م نه‌مایشی شانۆنامه‌که‌دا، سه‌رله‌نوێ له‌ هه‌مان شانۆ و به‌ به‌شداری چوار ئه‌ستێره‌ی شانۆی سویدی، بەسەرکەوتنێکی گەورەوە پێشکه‌ش ده‌کرێته‌وه‌.

دانا ڕه‌ئوف له‌ کتێبه‌که‌یدا تیشکی سه‌رنجی خستۆته سه‌ر هه‌ر چوار نه‌مایشه‌که‌ و له‌ هه‌مان کاتدا وێنه‌یه‌کی چڕ و ووردی چۆنییه‌تی کارکردن و پێشکه‌شکردنی شانۆنامه‌که‌ ده‌خاته‌ڕوو. کتێبەکە بەشێوەیەکی پێداگۆگی لایەنە کردەییەکەی شانۆ و کاری ریژیسۆر و ئەکتەر لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ڕووبەرووبوونەوەی دەق و پەیوەندییەکانی دەق بە ئەکتەر و ریژیسۆرەوە دەخاتە ڕوو. گرینگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە پرۆسە نەبینراوەکەی شانۆ دەکاتە شتێکی بینراو و بەم شێوەیەیش دەرگا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کردەیی بۆ شانۆ دەکاتەوە. ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە، کە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە سویدییەکان لەسەر ئەم کتێبەیان نووسیوە و باسی گرینگی پرۆسە هونەرییەکەی شانۆیان کردووە، کە لەم کتێبەدا بە چڕی کاری لەسەر کراوە و خراوەتە ڕوو.

تا ئێستا بۆ چەندین جار ئەم کتێبە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم و پەیمانگاکانی هونەری شانۆ و درامادا، وەک پڕۆگرامی خوێندن بەکارهێنراوە و (دانا ڕەئووف)یان بانگهێشت کردووە تا لە ڕونگەی کتێبەکەیەوە لەسەر پرۆسێسی نەمایشی شانۆیی بدوێت.

 


 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن