کوردستان

"ئەو تەماتەی ئێستا لە بازاڕ ھەیە،‌ بۆ یەک کیلۆ دۆشاوی تەماتە، پێویستی بە حەوت کیلۆ تەماتە ھەیە"

10:58 - 07/07/2020 142 جار خوێندراوەتەوە


زه‌مه‌ن- هەولێر

بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی ھەریر، لوقمان حەسەن دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند کە ئەمساڵ تەماتە لە جووتیاران دەکڕنەوە و ساڵی داھاتوویش گرێبەست لەگەڵ جووتیاران دەکەن بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان.


لوقمان حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی كه‌ په‌یامنێری "زه‌مه‌ن" ئاماده‌ی بوو وتی: "ئێمە وەکو گرووپی دابین، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر پلانی ئێستا و پلانی درێژخایەن گفتوگۆمان کرد و گەیشتینە بڕیاری پێویست بۆ پلانی ئێستا، لیژنەیەک پێکھاتووە کە لە بەیانیەوە دەست بەکاردەبێت بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵییەی کە ئێستا لە بازاڕدا ھەیە بە نرخێکی گونجاو بیکڕینەوە بەجۆرێک نە جووتیار و نە کارگەی ھەریریش تیایدا زەرەرمەند نەبن".

لوقمان حەسەن وتیشی: "بۆ پلانی درێژخایەنیش لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ ئەوەی لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە بکرێت کە ئەو کێشەیەی ئەمساڵ دروست بووە،‌ ساڵی داھاتوو دروست نەبێت و چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی کارگەی ھەریر جگە لە دۆشاوی تەمەتە شەربەتی ترێ و شەربەتی میوەجات بەھەموو جۆرەکانی بەرهەم دەهێنێت، ھەر بۆیەش کار بۆ ئەوە دەکەین تەماتە و ترێ و میوەجاتی بەرھەمی جووتیاران وەربگرین".

بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی ھەریر، لوقمان حەسەن ئاماژەی بە جۆرەکانی تەماتە کرد و گوتی: "بۆ پلانی ئێستا ئێمە ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین، بەڵام بۆ پلانی داھاتوو پێویستە لەئێستادا دەست پێ بکەین چونکە ئەو تەماتەیەی بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت جیاوازە لەو تەماتەی ئێستا جووتیاران چاندوویانە، ئەو تەماتەی بۆ دۆشاوی تەماتە بەکاردەھێندرێت دەبێت تەماتەیەکی گۆشتن بێت و ئاوی کەم بێت بۆ ئەوەی ئەو دۆشاوی تەماتەی دروست دەکرێت لە رووی رەنگ کوالێتی باشتر بێت و بە بڕێکی کەمتر تەماتە،‌ بڕێکی زیاتر دۆشاوی تەماتە بەرھەم بھێندرێت".

لوقمان حەسەن وتیشی: "بەپێی ئەو توێژینەوەی کراوە، ئەو تەماتەی ئێستا لە بازاڕ ھەیە،‌ بۆ یەک کیلۆ دۆشاوی تەماتە، پێویستی بە حەوت بۆ ھەشت کیلۆ تەماتە ھەیە، بەڵام ئەگەر ئەو تەماتەی بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت بەکاربھێنرێت، ئەوا بۆ یەک کیلۆ دۆشاوی تەماتە، پێویستی بە پێنج بۆ شەش کیلۆ تەماتە ھەیە،‌ لە ھەمانکاتدا دۆشاوێکی کوالێتی باشتر و رەنگ جوانتر بەرھەم دەھێندرێت بۆیە دەبێت لە ئێستاوە تۆی ئەو جۆرە تەماتە ئامادە بکرێت و بدرێتە جووتیاران بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داھاتوو ئەو جۆرە تەماتەیە بەرھەم بھێنن و گرێبەست لەگەڵ جووتیاران بکرێت".

بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی ھەریر، نیگەرانی خۆی بەرامبەر جووتیاران دەربڕی و رایگەیاند کە بەشێکی زۆریان پابەندی گرێبەستەکە نابن و وتیشی: "بەداخەوە زۆربەی جووتیاران پابەندی گرێبەست نابن، ئێمە ئەمساڵ لەگەڵ ژمارەیەک جووتیار کۆبووینەوە کە ئەگەر کارگەکە کار بکات یان کار نەکات گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین و تەماتەی جووتیاران لەسەر کێڵگەکانیان دەکڕینەوە و گرەنتی فرۆشتنی بەرھەمی تەماتەیان دەکەین کیلۆی بە ٢٠٠ دینار، بەڵام جووتیاران ئامادەنەبوون بەرھەمەکانیان بە ئێمە بفرۆشن".

لوقمان حەسەن وتیشی: "ساڵانی رابردوو گرێبەستمان لەگەڵ جووتیاران کرد، بەڵام جووتیاران پابەندی گرێبەستەکە نەبوون، ھەر کات نرخی تەماتە لە بازاڕ بەرز دەبووەوە، بەرھەمەکانیان نەدەدا بە ئێمە و لە بازاڕ دەیانفرۆشت، بۆیە ئێمەیش پێویستمان گرەنتی ھەیە بۆ ئەوەی نرخی تەماتە بەھەرچەند بێت لەسەر نرخێک رێکبکەوین و ئێمە بەرھەمەکانیان بکڕینەوە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ رێککەوتووین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement