کوردستان

"زه‌مه‌ن" کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون بڵاوده‌كاته‌وه‌

10:40 - 01/07/2020 244 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن" – هه‌ولێر

لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژە نیشتەجێبووکان بۆ کەمکردنەوە و دیاریکردنی نرخی خزمەتگوزاریەکان وەک هەنگاوی یەکەم نرخی خزمەتگوزاری نۆ پرۆژەی ناو شاری هەولێری کەمکردەوە و دانیشتوانی ئەو پرۆژانە لەم مانگەوە بەو نرخە نوێیە کرێی خزمەتگوزارییەکانیان دەدەن.


بەپێی نووسراوێکی پارێزگاری هەولێر کەمکردنەوەکە هەنگاوی یەکەمە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری هەموو پرۆژەکانی دیکەش دەدرێت.

لە نووسراوەکەدا کە واژووی پارێزگاری هەولێر،فرسەت سۆفی لەسەرە هاتووە "دوای ئەوەی لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزای پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمكردنەوە و دیاریكردنی نرخی خزمەتگوزاری پڕۆژەكان دەستبەكاربوو، وەك ھەنگاوی یەكەم و دوای دیراسەی ورد و ھەمەلایەنە، لیژنەكە نرخی نۆ پڕۆژەی دیاریی كرد لە ئایندەیەكی نزیكدا نرخی ئەوانەی دیكەش دیاری دەكرێت".

ئاماژە بەوەیش کراوە کە بڕیارەکە لە ئەمڕۆ 1/7/2020ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێ ئەو نۆ پڕۆژەیەی كە لەم فەرمانی كارگێریە ناویان ھاتووە پابەندی ئەو نرخە بن كە بۆیان دیاركراوە.

سامان عارەب بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر راگەیاند "جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەسەر ئەو نۆ پرۆژەیە قۆناغی یەکەمە و تاوەکو یەکی ئابی داهاتوو هەموو پرۆژەکانی دیکەیش کەمکردنەوەیان بۆ دەکرێت".

وتیشی: "هەر وەبەرهێن و خاوەن پرۆژەیەک پابەند نەبێت بەو بڕیارەوە و کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی بەهەمان شێوەی پێش کەمکردنەوەکە نەبێت ئەوا بۆ قۆناغی یەکەم پێنج ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێت، وە ئەگەر دووبارەی کردەوە و هەر پێوەی پابەند نەبوو ئەوا خزمەتگوزاری پرۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و لە پارێزگای هەولێر دەکرێتە تەندەر بە شێوەی کەمکردنەوە و دەدرێتە ئەو کۆمپانیایەی کە کەمکردنەوەکەی بۆ دەردەچێت".

دەربارەی نرخی یەکەی کارەباش لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون سامان عارەب وتی: "بۆ هەر یەکە(وەحدە)یەکی کارەبا بڕی ٢١ سەنت دیاریی کراوە و هەر پرۆژەیەک لەو بڕە زیاتر وەربگرێت دانیشتوانەکەی دەتوانن شکاتی لێ بکەن و خاوەنی پرۆژەکە بە پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت و دەبێت پارە زیادە وەرگیراوەکەش بگەڕێنێتەوە بۆ دانیشتوانی پرۆژەکە".


لە سنوری شاری هەولێر ١٠٠ پرۆژەی نیشتەجێبوون هەیە، ٨٩ پرۆژەیان وەبەرهێنانە و ١١ پرۆژەکەیە دیکەیان لەلایەن پارێزگاوە مۆڵەتیان پێدراوە، بەشێک لەو ١٠٠ پرۆژەیە لەوانەن کە بۆ خەڵکی کەمدەرامەتن و بە (لۆو کۆست) ناسراون ئەمانە کەمکردنەوەکە نایانگرێتەوە چونکە خۆیان نرخی خزمەتگوزاری تیایاندا کەمە و ئەوەی کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری دەیانگرێتەوە پرۆژە (های کۆست)ەکانە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement