963 کوردستان

بەڕێوەبەرى رۆشنبیرى باس لە ئازارى توشبوونى بە کۆرۆنا دەکات

02:09 - 03/04/2020

"زەمەن" 

یەکێک لە توشبوەکانى کۆرۆنا لە چەمچەماڵ چیرۆکى توشبوونى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەگێڕێتەوە و باس لەو ساتانە دەکات کە نیشانەکانى تێدا دەرکەوتووە.

 
بەختیار شەریف قوربانی دانیشتوى شارى چەمچەماڵە و بەرێوبەری رۆشنبیری چەمچەماڵە و لە ئێستادا توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە و لە پۆستێکدا لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لە بارەى سەرەتاى توشبونى بە ڤایرۆسەکە دەڵێت، "تووشی لەرز و تایەکی بەرزبووم، بەڕادەیەک پلەی گەرمیم دەگەیشتە نزیکەی ٤۰ پلەی سەدی، یاخود تووشی لەرزێکی زۆر دەبووم و هەمووگیانمی دەگرتەوە، ئەم لەرز و تایە تەواو شەکەتی کردبووم، بەڕادەیەک هەستی تامکردنم نەمابوو، نەنانم پێ ئەخورا و نە ئەمتوانی بەتەواوەتی هەست بە دەوروپشتم بکەم".

بەختیار شەریف دەڵێت، "ئێستا تەندروستیم باشترە و لە ئاستی زۆر باشدایە، چاوەڕوانم تێستی نوێ بکەمەوە،تا بەپشتیوانی خوای گەورە نەخۆشخانە جێ بهێڵم"

دەقى نوسینەکەى:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

لەنەخۆشخانەی ئاسودەوە تا ئەو شوێنەی ئازیزان و خۆشەویستانی لێیە خۆشەویستیم بۆتان هەیە و سوپاسی نزا و هەواڵپرسینتان ئەکەم، ئازیزان و خۆشەویستانمان سوپاس بۆ خوا من ئێستا تەندروستیم باشترە و لە ئاستی زۆر باشدایە، چاوەڕوانم تێستی نوێ بکەمەوە،تا بەپشتیوانی خوای گەورە نەخۆشخانە جێ بهێڵم.
بەڕێزان ....
زۆر کەس پرسیاری نیشانە سەرەتاییەکان و قۆناغەکانی نەخۆشی (کۆرۆنای نوێ) COVID-19 و بارودۆخی ئێستای تەندروستیمان دەکات ، سەرەتا ئەمەوێ بڵێم من ناتوانم لەبری پزیشک و لایەنی تەندروستی قسەبکەم وە رەنگە نیشانەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەش بگۆڕێت، من تەنها باسی خۆم دەکەم، کە تووشی تێکچونی باری تەندروستی بووم، تووشی لەرز و تایەکی بەرزبووم، بەڕادەیەک پلەی گەرمیم دەگەیشتە نزیکەی ٤۰ پلەی سەدی، یاخود تووشی لەرزێکی زۆر دەبووم و هەمووگیانمی دەگرتەوە، ئەم لەرز و تایە تەواو شەکەتی کردبووم، بەڕادەیەک هەستی تامکردنم نەمابوو، نەنانم پێ ئەخورا و نە ئەمتوانی بەتەواوەتی هەست بە دەوروپشتم بکەم، لەو ماوەیەدا سەردانی بنکەی تەندروستی ئاسوودەی تایبەت بە کۆرۆنام کرد و پشکنینی کۆرۆنام بۆکرا و رێنماییکرام کە خۆم کەرەنتینەبکەم تا ئەنجامی پشکنینەکانم دەگەڕێتەوە، بەڵێ لە ماڵەوە خۆم کەرەنتینە کرد، تا نیوەڕۆی ۲۲/ ۳/ ۲۰۲۰ لەنەخۆشخانەوە پەیوەندیان کرد و داوایان کرد کەسەردانیان بکەم، کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە وەکو باسم کرد باری تەندروستیم بەجۆرێک خراپ بوو، نەم ئەتوانی بەپێوە بوەستم و وەڵامی پرسیاری پزیشکان بدەمەوە، پێم راگەیەندرا کە تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بووم لەکاتێکدا نە سەفەری دەرەوەمان هەبوو نە چوونە دەرەوەی زۆر تەنها لەماڵی خۆمان بووین ئەویش بۆخۆی مەترسیەکانی زیاتر کرد، دوای داخڵکردنم لەنەخۆشخانەکە بەسوپاسەوە پێشنیاری ئەوەشیان بۆکردم، ئەگەر بمەوێ رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکرێم تەنانەت کەسوکار و هاوڕێیانم ئامادەییان دەربڕی بمنێرنە دەرەوەی وڵاتیش ، بەڵام من پێم باش نەبوو تا چارەسەرم لەچەمچەماڵ هەبێت، بچمە هیچ شوێنێکی دیکە(چونکە ئەزموونی ۷ مانگی پێشووشم هەبوو کە لە وڵاتی غەریبی نەشتەرگەری ئەژنۆم کردبوو، نامەوێ بۆ هیچ چارەسەرێک سەردانی نەک شارێکی دیکە تەنانەت نەخۆشخانەیەکی دوورتریش بکەم) بەسوپاسەوە تەندروستی چەمچەماڵیش دڵنیایان کردمەوە کە هەرچەندە بارودۆخی تەندروستیم مەترسیدار و قورسە بەڵام توانای کۆنترۆڵکردنیان هەیە.
بەڵێ لەڕۆژی ۲۲/ ۳ من لەنەخۆشخانەم و بەردەوامم لەچارەسەر وەرگرتن و کەرەنتینەکردن ، سوپاس بۆخوای گەورە و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی چەمچەماڵ رۆژ بەڕۆژ باری تەندروستیم بەرەو باشتر دەڕۆیشت و ئێستا لە باشترین حاڵەتی تەندروستیدام، و چاوەڕوانی پشکنینی نوێم تا ئەنجامەکانمان بەنێگەتیڤ بگەڕێتەوە و نەخۆشخانە جێ بهێڵم.
ئەوەی ئەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە پێویستە هاونیشتمانیانی ئازیز #لەماڵەکانیان_بمێننەوە تا خۆیان و ماڵ و منداڵیان پارێزراوبن،چونکە نەخۆشیەکە بەپێی رێنماییەتەندروستیەکان مامەڵەنەکەین لەبەردەرگاکانمانە و بێ لەدەرگادان و فەرموو لێکردن خۆی دەکاتە ژوورەوە، تکایە لەماڵەکانتان بمێننەوە، خۆتان بەدووربگرن لەقەرەباڵەغی و تێکەڵاوبوون....
 وە ئەگەر خوانەخواستە هاونیشتمانیان نیشانەکانیان تێدا دەرکەوت راستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە بنکەکانی تەندروستی تا زوو پشکنینیان بۆبکرێت، وە ئاگاداریشم لای هەندێک هاونیشتمانی بە عەیبە دەزانرێت یاخود ترسیان لە پۆزەتیف بوونی پشکنینەکان هەیە، بە پێچەوانەوە ئەم نەخۆشیەش وەکو هەموو پەتایەکی وەرزییەو هیچ عەیبە و نەنگیەکی تێدانیە ، وە پێم وایە زوو چارەسەرکردنیشی لەمەترسیەکانی کەم دەکاتەوە....
لەگەڵ رێز و سوپاسمدا
 بەختیار شریف قوربانی
۲/ ٤ / ۲۰۲۰ نەخۆشخانەی ئاسوودەی تایبەت بە پشکنین و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی کۆرۆنا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن