جیھان بە ھەمان شێوەی جاران نابێت
09:20 - 25/03/2020
«زەمەن» - وەرگێڕانی: نەوزاد شوانی
جاک ئەتالی گەورە ئابوریناس و سوسیۆجۆلیستی فەرەنس و راوێژکاری پێشوی سەرۆک شیراک لە بلۆگی خۆی ئەم وتارەی دەربارەی جیھانی پاش کۆرۆنا بڵاو کردۆتەوە ئەمە دەقە کوردیەکەیەتی:
لە ئێستادا گرنگترین کارێک کە پێویستە بکرێت کۆنترۆڵکرنی شەپۆڵەکانی ئەو تسونامیە تەندروستی و ئابورییەیە کە جیھان دووچاری بووە. پێویستە ھوشیار بین کە ھیچ شتێک گەرەنتی سەرکەوتنمان ناکات و لە کاتی شکستماندا گیرۆدەی ساڵانێکی سەخت و تاریک دەبینەوە.
ئەمە مانای ئەوە نیە کە کارەساتەکە حەتمیە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین رێگری لێ بکەین پێویستە دوور بڕوانین، بۆ رابردوو و داھاتویش تا بەرچاو روون بین لەمەر رووداوەکان.
بە درێژایی ھەزار ساڵی رابردوو ھەموو پەتایەکی گەورە بۆتە ھۆی گوڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی میللەتان و ئەو بەھایانەی کە سیستەمەکانیان لەسەر بنیات نراوە. ئەگەر پەتای کۆلێرای سەدەی چواردە لە ئەروپا وەک نمونە لەبەرچاوبگرین کە بووە ھۆی لەناوبردنی نزیکەی سێ یەکی دانیشتوانی کیشوەرەکە ، دەکارین بێ زیادەڕۆیی بڵێین کە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەوەی ئەروپای کۆن چاوبخشێنێتەوە بە پایەی سیاسی پیاوانی ئاینیی و گۆڕانکاری رێشەیی تیا بکات. لە ئەنجامدا دەزگاکانی پۆلیس ھاتە کایەوە بەوەی تاکە شێوازێک بوو بۆ پارێزگاریکردنی گیانی دانیشتوان. ئەوەش بوو بە ھۆی لەدایکبوونی دەوڵەتی ھاوچەرخ و لە گەڵیدا بڵاوبونەوەی توێژینەوەی زانستی وەک بەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو کارەساتە تەندروستیە مەزنە.
ئەمە دەمانگێڕێتەوە بۆ ھەمان سەرچاوە، پێداچوونەوە بە دەستەڵاتی ئاینی و سیاسی پاش ئەوەی شکستیان ھێنا لە پارێزگاریکردن لە گیانی دانیشتوان و ھەتا کۆڵەوار بوون لەوەی مانایەک بدەن بە مردن، لە ئەنجامدا پۆلیس جێگای قەشەی گرتەوە.
ھەمان پرۆسە دووبارە بویەوە لە سەدەی ھەژدە کە پزیشک جێگای پۆلیسی گرتەوە چونکە دەرکەوت کارامەترە بەرامبەر مەرگ.
بەم شێوازە لە چەند سەدەیەکی کورتدا لە دەستەڵاتی ئیمانەوە گواستمانەوە بۆ دەستەڵاتێ ھێز و لەوێشەوە بۆ دەستەڵاتێکی کاریگەرتر کە دەستەڵاتی یاسایە.
چەندەھا نمونەی دەیسەلمێنن ھەرکات ھەر کیشوەرێک دووچاری پەتایەکی گەورە بوبێتەوە بۆتە ھۆی پەردەلادان لەسەر بەتاڵی و لاوازی سیستەمەکانی حوکم و ئیمان کە دەستەپاچە بوون لە پاراستنی گیانی دانیشتوان و دواتر ئەوانەی رزگار بوون تۆڵەیان لە سیستەمەکە کردۆتەوە و دابڕان کەوتۆتە نێوان حوکمڕان و میللەت.
ئەمجارەش بەھەمان شێواز ئەگەر دەستەڵات لەرۆژئاوا دەستەپاچە بێت لە ئاست ئەم کارەساتە، ھەموو پێکھاتەکانی دەستەڵات لە گەڵ ھەموو بنەما ئایدیۆلۆجیەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە و پاش کۆتاییھاتنی دۆخی تەنگەتاو دەگۆڕدرێن بە شێوازی تری حوکمڕانی بنیاتنراو لە سەر متمانە بە بەھای جیاواز.
بەدەربڕینێکی تر دەکرێ سیستەمی حوکمڕانی ئێستا کە بناتنراوە لە سەر مافی تاک بڕوخێت و ھەردوو میکانیزمی بازاڕی ئازاد و دیموکراسی کە بنەمای سەرکی سیستەمەکەن لەگەڵ خۆی راماڵێ.
ئەگەر سیستەمی حوکمڕانی رۆژئاوای کۆتایی بێت، ئەوەی جێگای دەگرێتەوە شتێک نابێت بێجگە لە رژێمی (زۆرداری چاودێریکەر) کە تەکنەلۆجیای نوێ بەکاردەبات ھەتا بۆ دابەشکردنی داھاتیش بە شیوازێکی ئیستبدادیانە (وەک لە ئێستادا لە ھەندێک شوێن دەیبینین،ھەتا لە شوێنێکی وەک مانھاتن لە نیۆرک کە ناوجەرگەی بازاڕی ئازادە ریگە نادەن کەس لە دوو قوتو برنج زیاتر بکڕێت).
خۆشبەختانە وانەیەک لەم کارەساتانەوە فێر دەبین، ئەویش ئەوەیە ئارەزوی مروڤ بۆ ژیان بەھێزترینە و لە کۆتاییدا ھەموو ئەو بەربەستانە تێدەپەڕێنن کە رێگریانە تا ئەو کاتە کورتەی لەسەر زەوی بۆیان رەخساوە پڕخۆشی بەسەری بەرن.
لەدوایدا پاش ماوەیەک لە رووچونی دەستەڵات و ھەوڵدان بۆپارێزگاریکردن لە خۆی و تەنفیسی ترسنۆکانە و بێنەوبەردە و مشتومڕ لەسەر شێوازەکانی دەستەڵات، رژێمێکی تر لەدایک دەبێت، رژێمێک دەستەڵاتەکەی نە ھی ئیمانە نە ھێز و نە عەقڵ (ھەتا ھی سەرمایەش نیە وەک ئەوەی دوا بەرجەستەی عەقڵە) بەڵکو دەستەڵات ھی ئەوانە دەبێت کە ھاوسۆز بوون لە گەڵ خەڵک، ھەژمونی ئابوری دەکەوێتە دەستی ئەو کەرتانەی کە ھاوسۆز بوون لە گەڵ ژیانی ھاوڵاتیان وەک کەرتەکانی تەندروستی و خۆراک و پەروەردە و ژینگە و ئەم کەرتانەش بە سروشتی خۆیان پێویستیان بە تۆڕی زەبەلاحی زانیاری و بەرمھێنان و دابەشکردن ھەیە.
کەمتر کالای ناپێویست دەکڕین و دەگەڕێینەوە بۆ پێداویستیە بنەڕەتیەکان، فێر دەبین چۆن رێزی گۆی زەوی بگرین و زیاتر نرخی دەزانین.
ئەوکات رۆڵی ئێمە بریتی دەبێت لەوەی یارمەتیدەربین بۆ روودانی ئەو گۆڕانکاریە بە ئاسانی، نەک ئەم ئەستێرەیە بکەین بە وێرانە.