16 ئابوری

بەپەلە.. نرخی تەماتە بەرز دەبێتەوە

12:28 - 09/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە عەلوەکاندا گەیشتووەتە نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٧٥٠ دینار.

 ئەمڕۆ پینجشەممە، ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، نرخی تەماتە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکاندا بە ١٠٠٠ تا ١٧٥٠ دینار دەفرۆشرێت،  شارەزایان و بەرپرسانی کشتوکاڵیش هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگرییەکانی وڵاتی ئێران دەگەڕێننەوە.

لەبارەیەوە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی ناوخۆ دواکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی تەماتە لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکەی."

٢هاوکات، عەتا محەممەد، وتەبێژی عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران هەناردەکردنی تەماتەی "ئەرز"ی قەدەغە کردووە و تەنیا ڕێگە بە تەماتەی "گوڵخانە" دەدات، جگە لەوەش، تێپەڕبوونی هەر بارێکی تەماتە تێچوویەکی زۆری دەوێت؛ بە جۆرێک بۆ هەر بارێک بڕی 600 بۆ 700 ملیۆن تمەن وەردەگیرێت، ئەمەش وای کردووە تەماتە بە نرخێکی گران بگاتە دەست هاووڵاتیان.

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 400 تۆن تەماتە هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی ناوخۆیی ناتوانێت ئەو پێداویستییە پڕ بکاتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکان، نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکان بەمشێوەیەیە:
هەولێر: 1000 بۆ 1300 دینار.
سلێمانی: 1500 بۆ 1600 دینار.
دهۆک: 1500 بۆ 1750 دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی سەر هاوردەکردنی تەماتەی هەڵگرتووە، بەڵام هێشتا بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و سستی جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکە، نرخەکان جێگیر نین و بە بەرزی ماونەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن