ئه‌و نامانه‌ی جیهانیان گۆڕی
07:35 - 18/03/2020
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم/ تایبەت بە رۆژنامەى زەمەن
نامه‌ی لینین
بۆ به‌ڵشه‌ڤیکه‌کانی پێنزا
١١ی ئۆگه‌ستی ١٩١٨
ئە‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یبینن لینینی ڕاسته‌قینه‌یه، که هه‌رگیز خه‌ڵکی سۆڤیه‌ت نه‌یانبینیوه.
ڤلادیمیر لینین بوو به گه‌وره‌ی سۆڤیه‌ت، کاتێک له ساڵی ١٩١٧ دا بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست سه‌رۆکایه‌تی به‌ڵشه‌ڤیکه‌کانی کرد. له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی و دوای مردنه‌که‌یشی وه‌کو سه‌رکردهو باپیره‌یه‌کی نه‌رم‌ونیان پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرا، لاشه‌که‌ی وه‌کو لاشه‌ی قه‌دیسێک له مه‌زارگه‌یه‌کدا پارێزرا و ڕێزی لێ‌گیرا. به‌پێچه‌وانه‌وه، لینین شانازی به توندی و سه‌ختگیری خۆیه‌وه ده‌کرد زۆرجار وتویه‌تی “شۆڕش هیچ مانای نییه به‌بێ تیمه‌کانی گولله‌بارانکردن”. کاتێک بیستییه‌وه که ستالین خه‌ڵکی کوشتووه وتی: “ئه‌وه ڕێک ئه‌و جۆره‌یه که ئێمه گه‌ره‌کمانه”. هه‌ر هێنده‌ی لینین ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، بۆ چێکای بێڕه‌حم که پۆلیسی نهێنی بوو به مه‌به‌ستی سه‌پاندنی تۆقاندن؛ دروست کرد. کاتێکیش ڕژێمه‌که‌ی بۆ بردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ته‌قه‌لای ده‌دا، لینین نامه‌ی له‌م جۆره‌ی ده‌نووسی و فه‌رمانی ڕه‌شه‌کوژی ده‌دا. ئه‌م نامه‌یه ئه‌و کاته‌ی ڕژێمی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ساڵی ١٩٩١ روخا، ئاشکرا بوو. لاشه‌ی لینین ئێستاش له گۆڕه‌پانی سوور نمایش ده‌کرێت.
نامه‌که:
هاوڕێیان، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی پێنج کۆلاک (ورده خاوه‌نداری زه‌وی) ده‌بێت بێبه‌زه‌ییانه سه‌رکوت بکرێت. به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو شۆڕش پێویستی به‌وه‌یه، چونکه ئێستا که له هه‌موو جێیه‌ک ئاخرین شه‌ڕی سه‌روماڵ دژی کۆلاکه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌بێت نموونه‌یه‌ک له سه‌رکوتکردن پێشکه‌ش بکرێت.
١. ده‌بێت به لایه‌نی که‌مه‌وه سه‌ت که‌س له کۆلاکه ناسراو و ده‌وڵه‌مه‌ند و خوێنمژه‌کان هه‌ڵبواسرێن له جێگایه‌ک هه‌ڵبواسرێن به ته‌واوی له خه‌ڵکه‌وه دیار بن.
٢. ناوه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه.
٣. ده‌ست به سه‌ر هه‌موو دانه‌وێڵه‌کانیاندا بگرن.
به‌شێوه‌یه‌ک کاره‌که بکه‌ن که له مه‌ودای سه‌دان کیلۆمه‌تردا خه‌ڵک بیانبینێت، بله‌رزن، بزانن، هاوار بکه‌ن: ئه‌مانه هه‌ڵده‌واسرێن، هه‌تاکو مردن کۆلاکه خوێنمژه‌کان هه‌ڵده‌واسرێن.
که جێبه‌جێتان کرد بروسکه بکه‌ن
دڵسۆزتان، لینین
هه‌ندێک خه‌ڵکی زۆر توند بدۆزنه‌وه.
نامه‌ی ئۆگستۆس بۆ کایوس قه‌یسه‌ر
٢٣ ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی ٢ ی زایینی
باوکێکی پیر نامه بۆ کوڕه‌که‌ی ده‌نێرێت، ئیمپراتۆرێکی به‌ته‌مه‌ن نامه بۆ جێگره‌وه‌که‌ی خۆی ده‌نووسێت. ئۆگستۆس قه‌یسه‌ر (پێشتر ناوی ئۆکتاڤیان) له‌وکاته‌وه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ری مامی ساڵی ٤٤ پێش زایین کوژرابوو فه‌رمانڕه‌وای ڕۆم و له ساڵی ٣١ پێش زایینه‌وه یه‌که‌مین ئیمپراتۆری هه‌موو ئیمپراتۆریاکه بوو. ئۆگستۆس هیچ کوڕێکی نه‌بوو، بۆیه دوو برازای خۆی گرته خۆی و کردنی به کوڕی یاسایی خۆی(ته‌به‌نی کردن) تاکو دوای خۆی جێگای بگرنه‌وه و ئیمپراتۆریاکه ببه‌نه ڕێوه؛ ئه‌وانیش کایوس و لوکیۆس بوون. کایوسی نارد بۆ گه‌شتێکی پشکنین له هه‌رێمه‌کانی ئیمپراتۆریا، له کاتی یادی شه‌ست و چوارساڵه‌ی له‌دایکبوونی خۆیدا بیری کایوس ده‌کات که پێی ده‌ڵێت “ئازیزترین که‌ری بچکۆله”. مایه‌ی داخه هه‌ردوو کوڕه‌که پێش مردنی ئۆگستۆس ده‌مرن.
نامه‌که:
سڵاو کایوس، ئازیزترین که‌ری بچکۆله‌ی خۆم که به‌رده‌وام یارمه‌تیم ده‌ده‌یت. هه‌ر که لێم دووریت زۆر بیرتده‌که‌م به‌تایبه‌ت له ڕۆژانێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا که چاوانم تینووی کایوسه‌که‌ی خۆمن. هیوادارم ئه‌مڕۆ له هه‌ر جێگایه‌کیت یادی 64 ساڵه‌ی له‌دایکبوونی منت به خۆشی کردبێته‌وه. له خواکان ده‌پاڕێمه‌وه چه‌نده‌م له ژیاندا ماوه له‌گه‌ڵ ئێوه به خۆشی و سه‌لامه‌تی و به گه‌شاوه‌یی وڵاته‌که‌وه به‌ڕێی بکه‌م؛ له‌کاتێکدا که ئێوه دوو پیاون جێگای من ده‌گرنه‌وه وه‌کو پارێزه‌ری وڵات.