شوان عەتوف: دەبێ هونەر پێیەکی لە ناو بزنس بێ
02:19 - 28/01/2020
کولتوورى "زەمەن"
شوان عەتوف، ئەکتەری دیاری هونەری کوردیی، لەم گفتوگۆیەکدا، لەگەڵ کولتووری زەمەن کە (لە ژمارەکانی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە) باس لە گرفتی شانۆ و سینەمای کوردی دەکات و پێی وایە، دەبێ هونەر پێیەکی لەناو بزنس بێ و هونەری کوردیش لە لۆکاڵیبوون رزگار بکرێت و گوتار و هزرێکی جیهانیی هەبێ.
سەبارەت بە فیلمە نوێکەی (پەیکەری دڵ) ئایدیاکەی لەکوێوە هاتووە، شوان دەڵێت: (دوای ئەوەی گەیشتمە ئەو بڕوایەی دەبێ بە شێواز و فۆڕمێکی نوێوە گرنگی بە سینەما و شانۆ بدەمەوە، فۆڕمێکی باوەڕپێکردنی بە بینەران بێنە ناو هۆڵەکانەوە، بە شێوازێکی ئاستبەرز، ئەو چەمکانەیان بدەینێ کە پێویستیانە. لەبەر ئەوەی ئەزموونی ریسکی هونەریی و ئەو تاقیکردنەوانەی کە لە رابردوودا لە شانۆی کوردیدا هەبوون، لە ستایلە جیاوازەکان وایکرد ئێمە بینەرمان نەمێنێ، لەمەشدا هەموومان بەرپرسیارین. لە ئەنجامی ئەمەوە بیرم لەوە کردەوە فیلمی (پەیکەری دڵ) بکەم، تەنانەت شانۆگەری(تەپڵ و بەرد)یش، هەر لەو سۆنگەیەوە پێشکەشکرد، ئەم شانۆگەرییە لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژدا، زیاتر لە ٣١ هەزار کەس بینەری بوو. ئەم دوو نمایشە(پەیکەری دڵ و تەپڵ و بەرد) دەریخست دیدی من تەندروست بوو بۆ شانۆ و سینەما.)
سەبارەت بە نمایشکردنی فیلمی (پەیکەری دڵ) لە ئێستادا لە ئەوروپا نمایش دەکرێت، ئەو هونەرمەندە دەڵێت: (فیلمەکە لە زۆرێ لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان نمایشکرا، ئێستا کوردەکانی ئەوروپا داوای نمایشکردنی دەکەن. دەستپێک لە ئینستیووتی کوردی-ئیسپانی لە مەدریدا نمایشمان کرد، پاشتر لە هەریەک لە ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆ و ئەمستەردام و کۆپنهاگن و کۆڵن نمایشمان کرد و بینەرێکی زۆری هەبوو. لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە ئەمەریکا و کەنەدا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی، پەیکەری دڵ نمایش دەکرێت.)
سەبارەت بە پێشوازی بینەران لە دەرەوەی وڵات، بۆ فیلمی پەیکەری دڵ، عەتوف دەڵێت: (ئەمە یەکەمجارە بەم شێوەیە فیلمی کوردی بڵاوبکرێتەوە، بە مانای ئەوەی دەمانەوێ براندین دروست بکەین. دەبێ هونەر پێیەکی لە ناو بزنسدا بێ بۆ ئەوەی بەرهەمی کوالێتی بەرز نمایش بکات. لە داهاتووشدا کارم لەسەر ئەوە کردووە، چۆن بەرهەمەکانم لە رووی هزر و هونەرییەوە ئاستی باڵایان هەبێ و جیهانی بن.)