چی شیعر لە نووسین جیادەکاتەوە؟
09:05 - 14/01/2020
ڤینۆس فایەق
ئەو کاتە هەست بەو جیاوازییە دەکەین، نووسینێک دەخوێنینەوە لە شیعر نەچێت و بە شیعر ناوبرابێت. بۆ نمونە دەق هەن کەوتوونەتە بەرچاوت گوتووتە: ئەمە لە شیعر ناچێت، یان گوتووتە ئەمە قسەی ئاساییە، یان هیچ قەوامێکی شیعری و تەکنێکی شیعریت تێدا نەبینیوەتەوە.. هتد.. چونکە تۆ لە شیعر شتێکیتر چاوەڕێ دەکەیت، کە دەتەوێت دەقێکی شیعری بخوێنیتەوە، هەموو هەستەکانت خۆیان ئامادە کردووە بۆ دەقێکی جیاواز، لە رووی زمان، تەعبیر و لە رووی ناوەڕۆکەوە، هەروەها لە رووی تەکنیکو بینای شیعرییەوە. کەواتە شیعر دەبێت لە توانایدا بێت هەستێک بە خوێنەر بدات، هەندێجار رایچڵەکێنێت، هەندێجاری تر تووشی تێڕامان و سەرسوڕمانی بکات، هەندێکجاری تریش پرسیاری لا دروست بکات.!
زۆر دەقی شیعری هەن وەکو بابەت و ناوەرۆک، واتا لە رووی تەرحەوە بەهێزە، بەڵام وەکو زمان لاوازە، هەندێکی تر بە پێچەوانەوە، هێندە زمانێکی شیک و لائیق بە “شیعر” نووسراوە، بیرت دەباتەوە کە هیچ بابەتێکی ئەوتۆی تەرح نەکردووە. دواجار شیعر ئەو هەست و هەڵچونانەن کە بە دوای وشەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لێمان بچنە دەرەوە. هەر بۆ خۆشی شیعر نووسین لێکۆڵینەوە نییە پەلەی لێ نەکەیت بۆ ئەوەی شتێکی دەوڵەمەند بێت. بەڵکو چرکەیەکە لە ئیلهام دەبێت ئامادەبیت لە کاتی خۆیدا بیگریت، وشەی گونجاوت بۆی هەبێت، چونکە شیعر نووسین سەنعەتێک نییە فێری بیت، توانایەکی خۆڕسکە، تۆ تەنها پێویستت بەوەیە بە خوێندنەوە و قوڵبوونەوە و ئەزموون و دنیابینی و مەعریفە پەرەی پێبدەیت. سروشتی ناوازەی شیعریش لەوەدایە کە راستگۆیە، بۆیە هەرگیز باوەڕی بە هیچ چوارچێوە و ئینتیما و ئایدیایەکی حزبی و دینێک نییە.. مومکین نییە کەسێک سیاسییەکی سەرکەوتوو بێت، شاعیرێکی جوانیش بێت، مومکین نییە کابرایەکی حزبی کە هەموو بیرو هۆش و چالاکییەکانی لەناو پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبێکدا دەسوڕێتەوە و بە رۆژ وەلاء بۆ بەرپرسە باڵاکانی نوێ دەکاتەوە و تەواوی تواناکانی لەو چوارچێوەیەدا خستبێتە گەڕ، لە توانایدا بێت شاعیرێکی جوان بێت. هەر وەک چۆن شیعر لە ناو مزگەوتدا و لەسەر بەرماڵ لەدایک نابێت، لە ناو بازنەی کاری حزبی و سیاسیشدا کرچوکاڵ دەبێتەوە. هەر یەک لەو دەسەڵاتانە “حزبی، حکومی و دینی..هتد..”
بە جۆرێک لە جۆرەکان لە زەبروزەنگ و ناعەدالەتی و نایەکسانی نزیک دەبنەوە، لە کاتێکدا شیعر دانووی لەگەڵ زەبروزەنگ و ناعەدالەتی و نایەکسانیدا ناکوڵێ. ئاخر ناکرێ سیاسییەک کە بە رۆژ خەریکی گەندەڵییە لە توانایدا بێت شەو شیعرێکی شیک و جوان بنووسێت، خۆ ئەگەر نووسیشی تەنها وشەیە ریزی دەکات کە رەنگە بشێت بکرێ بە مارشێکی حزبی و هیچیتر.
هەندێجاریش تەنها لە توانای شیعردایە کەسێک بکاتە شاعیرێکی راستەقینە، ئەگەر لە ژیانیشیدا یەک دێڕ شیعریشی نەنووسیبێت، چونکە ئەو کەسە هێندە بە پەرۆشە بۆ شیعر، ئەو کاتەی دەقێکی شیعری دەخوێنێتەوە هەرچی هەستە باڵاکان هەن لە ناویدا سەرهەڵدەدەن و دێنە دەرێ، ئیتر ئەوە تەنها لە توانای شیعردایە بیکات.. ئەوە یەکێکە لە وەزیفەکانی شیعر، چونکە وەزیفەی شیعر یارمەتی و کۆمەککردن و دەستگیرۆییکردن نییە، ئادەمیزاد هەموو ئەوانە بە زۆر شیوازی تر لەسەر ئەرزی واقیع دەتوانێت بکات، بەڵام کە قسە دێتە سەر شیعر، مەسەلەکە تەواو جیاوازە. ئەو کات شاعیر تەنها خۆیەتی، نە یارمەتی لە کەس دەوێت و نە بە شیعر دەتوانێت یارمەتی کەس بدات. ئەو تەنها دەبێت فریای ئیلهامەکە بکەوێت و خەیاڵی بکاتە وشە و قڵپی بکاتەوە سەر لاپەڕەیەکی سپی.