هەواڵ

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی پێشووی عێراق دەرچوو

01:14 - 13/01/2020 90 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، بە تۆمەتی بەهەدەردانی موڵکی گشتی و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بریکاری وەزیری پێشوی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری پێشوی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا دەرکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە دەڵێت " ئەو دو بەرپرسەی پێشوی تەندروستی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە، تۆمەتبارن بە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، لەکاتی ببنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبونی تایبەت بە نەخۆشی تالاسیمیا لەناو نەخۆشخانەی ئیبن ئەیسەری سەر بە وەزارەتی تەندروستی".


بەپێی زانیارییەکان دروستکردنی ئەو باڵەخانەیە لەسەر داواکاری بەڕێوەبەری گشتی پێشوی پرێزگای نەینەوا بووە، لەلایەن بریکاری وەزیری پێشو بۆ کاروباری کارگێڕی وەزارەتەکەوە رەزامەنی لەسەر دراوە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگای نیشتەجێبونی نەخۆشانی تالاسیمیا دامەزراوەیەکی حکومی نییە.


فەرمانی دەستگیرکردنەکە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو دوو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی تەندرووستی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن