شوان قلیاسانی: كاك نەوشیروان هاوكاریی قاسم سلێمانی بۆ گۆڕان رەتكردەوە
11:30 - 07/01/2020
سازدانی: زەمەن
شوان قلیاسانی، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و شارەزای كاری دیپلۆماسیو یەكێكە لەو كەسانەی لە نزیكەوە قاسم سلێمانی ناسیوە، دەڵێت: فەرماندەی فەیلەقی قودس حزبەكانی هەرێمی بۆ بەرژەوەندی ئێران بەكارهێناوە، بەتایبەت یەكێتیو پارتی.
شوان قلیاسانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “زەمەن” ئاشكرایكرد كە خۆی لە دانیشتنێكدا بووە قاسم سلێمانی وتویەتی ئامادەن هاوكاری گۆڕان بكەن لە هەڵبژاردندا، بەڵام “كاك نەوشیروان هاوكارییەكەی رەتكردەوە”.
بە بڕوای قلیاسانی، قاسم سلێمانی “كاریزما” بووەو توانیویەتی حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكەی بەكاربهێنێتو شارەزایەكی زۆریشی لە بارەی سەركردەو بەرپرسانی هەرێمەوە هەبووە.
زەمەن: بەڕێزت یەكێكی لەو كەسانەی لە نزیكەوە قاسم سلێمانیت بینیوە، چ جۆرە كەسایەتیەك بوو؟
شوان قلیاسانی: پیاوێكی هێمنو لەسەرخۆ، بەهێزترین كەسایەتی سەربازییو هەواڵگرییو دیپلۆماسی ئێران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی شیعەیان تێدا نیشتەجێ بوو، لە دوو دەیەی رابردوودا لە بڕیاری سیاسیدا، بەو شێوەیە مامەڵەی دەكرد كە مەولانای ڕۆمی دەڵێت بۆ قبوڵكردنی بۆچوونەكانتان لەلایەن خەڵكەوە دەنگ بەرز مەكەنەوە بەڵكو وشەكانتان بەهێزو بەرز بكەنەوە، واتە زۆر بە هێمنیو توانایەكی زۆرەوە بۆچوونەكانی خۆی دەوتو دەشیتوانی وا لە بەرامبەرەكەی بكات قبوڵی بكات، پڕ مەعلومات بوو لە زۆربەی ئەو بەرپرسانەی من لە ئێران دیومن بەتواناتر بوو، لە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوری سەرەكی هەبوو. لە شەڕی ئێرانو عێراقدا دووجار بریندار ببوو، ژیانێكی سادەی هەبوو، گەندەڵ نەبوو، كاریگەری زۆریشی لە ئێران هەبوو لەناو پاسداراندا خۆشەویست بوو.
زەمەن: واتە سیفەتی كاریزمایی هەبوو؟
شوان قلیاسانی: بەڵێ، كە لەگەڵت دادەنیشت زۆر ڕێزی لێدەگرتیت، بەڵام دەیزانی چۆن پێت بڵێت كە بۆچوونەكەی قبوڵ بكەیت، هەڕەشەی بەشێوەیەك دەكرد وەكو چەرچڵ دەڵێت: ئەگەر بە دوژمنەكەت بڵێیت بڕۆ بۆ جەهەننەم دەبێت بەشێوەیەك پێی بڵێیت كە داوات لێبكات ڕێگەكەی پیشان بدەیت.
زەمەن: كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان چیبوو كە وەك شەبەحێك سەیر دەكرا؟
شوان قلیاسانی: لە هەموو كاربەدەستانی ئێرانی ئەوانەی لە سەردەمی شۆڕشو دواتریش كە پەیوەندییان لەگەڵ ئەحزاب و حكومەتی هەرێم هەبووە كاریگەری لەسەر لێپرسراوانی هەرێم زیاتر بووە، شارەزایی تەواوی لەبارەیانەوە هەبوو، بۆچوونیشیانی لەسەر یەكتری دەزانی.
زەمەن: پەیوەندی لەگەڵ پارتیو یەكێتیو گۆڕانو ئیسلامیەكانیش هەبوو؟
شوان قلیاسانی: لەگەڵ هەموویان پەیوەندی بەهێزی هەبوو، هەریەكەیانی بە دووریەكی جیاواز بە ئەندازەی بەسودیان بۆ ئێران رادەگرتو بەكاری دەهێنان، تەبعەن یەكێتیو پارتی ئەو سوودەیان زیاتر بوو، بەپێچەوانەشەوە.
زەمەن: یەكێتی بە نزیكتر لە ئێران دادەنرێت، ئایا قاسم سلێمانی پەیوەندیشی لەگەڵ پارتی هەبوو؟
شوان قلیاسانی: بەڵێ لەگەڵ پارتیش هەمان پەیوەندی هەبوو، بەڵام بەو نزیكییەی یەكێتی نا، حاجی قاسم نەیهێشت داعش هەولێر داگیر بكات، كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات.
زەمەن: رەخنەیەكی لێدەگیرێت ئەویش ئەوەیە زۆر دژی ئۆپۆزسیۆن بووە لە هەرێمو بە هاوكاری ئەو دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كراوە لە سوودی پارتیو یەكێتی؟
شوان قلیاسانی: بەڵێ ڕاستە، بەڵام لەكاتی هەڵبژاردندا ئێرانیەكان بە گۆڕانیشیان وت بۆ یارمەتیدانی، لە دانیشتنێكدا كە خۆم ئامادە بووم، كاك نەوشیروان ئەو هاوكارییەی قبوڵ نەكرد، ئەوانی تر ئەو هاوكارییەیان لە هەڵبژاردنەكاندا بە سوودی خۆیان بەكارهێنا.
زەمەن: ئێوە لە نزیكەوە ئەوتان ناسیوە، ئایا قاسم سلێمانی نەیاری كورد بووە؟
شوان قلیاسانی: حاجی قاسم خزمەتی وڵاتی خۆی دەكرد، زیاتر دۆستی ئەوانە بوو كە دەیانتوانی هاوكارێكی باشبن بۆ ئێران، دۆستی ئەحزابی دەسەڵاتداری كوردی بوو چونكە ئەوان دەیانتوانی هاوكارێكی باشبن.
زەمەن: لە رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەردا رۆڵی خراپی بینی، رۆڵی هەبوو لەوەی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە ژێر دەستی حكومەتی عێراق؟
شوان قلیاسانی: ئەویش وەكو هەموو دۆستەكانی ترمان، كە بە هەموو لایەنە سیاسیەكانیان وتبوو ریفراندۆم مەكەن، ئەگەر ریفراندۆم بكەن ئەنجامەكەی بە خراپ بەسەرتاندا دەشكێتەوەو ئێمەش قبوڵمان نییە، بەڵام ئێمە پێش ئەوەی دۆستەكانمان تاوانبار بكەین دەبێت خۆمان بە تاوانبار بزانین.
زەمەن: بۆ ئێران جێگەی پڕ دەكرێتەوە؟
شوان قلیاسانی: جێگەی دەگیرێتەوە، بەڵام جێگەی پڕ ناكرێتەوە.
زەمەن: قاسم سلێمانی پەیوەندییە شەخسیەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم زیاتر بوو یان پەیوەندی رەسمیی؟
شوان قلیاسانی: پەیوەندی شەخسی بەهێزی هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی كورد، لە پەیوەندی شەخسیدا زۆر ڕێزی بەرامبەرەكەی دەگرت، بەڵام پەیوەندییە شەخسیەكانی لە خزمەت ئامانجی سیاسی خۆیدا بەكاردەهێنا.