هەواڵ

گوڵەکانی نیشتمان لە تاراوگە

10:15 - 10/12/2019 570 جار خوێندراوەتەوە

کولتووری زەمەن-ئەڵمانیا

لە دوو پێشانگەی شێوەکاری لە ئەڵمانیا، دایە فایزە هونەرمەندی شێوەکار، گەلەری نمایشکردنی تابلۆکانی پڕکرد لە بۆنی گوڵ و گوڵزاری نیشتمان. رەنگ و ستایلی تابلۆکانی جێگەی سەرسامی بینەران و هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگەکەی بوو. ئەو خانمە هونەرمەندەش، پێیوایە گوڵی نێو تابلۆکانی، یادگارییە جوانەکانی کوردستانە، لە تاراوگە بە گوڵ وێنەی کێشاون و لە تابلۆدا نەخشاندوونی.

 
یەکەم پێشانگەی گوڵەکانی نیشتمان لە تاراوگە، لە شاری هانۆڤەر بوو، ئەم پێشانگەیە ١٦ تابلۆی لەخۆ گرتبوو،  پێشانگەکەش بە هاوکاری‌و پشتیوانیی هونەرمەند (تەها خۆشنووس) بەرێوەچوو. لە ساتی کردنەوەی پێشانگەکەشدا موزیکە سەرنجڕاکێشەکەی (هێمن عومەر رەزا)، کەشێکی سەرنجراکێشی دابوویە پێشانگەکە. بڕیارە ئەم پێشانگەیە تا کۆتایی مانگی داهاتوو، بەردەوام بێت.


چالاکی دووەمی دایە فایزە، لە شاری “بۆن”ی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، چالاکییەکەش لەگەڵ ٤٥ هونەرمەندی تری کورد لە گرووپی کورد ئارت لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا کۆبوونەوە، فرۆشی تابلۆکانی ئەم پێشانگەیە دەبەخشرێتە ئاوارەکانی رۆژئاوا. ئەم پێشانگەیەش تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.


سەبارەت بەم دوو پێشانگە هونەرییە، دایە فایزە، تایبەت بۆ کولتووری زەمەن وتی: “لە ناو تابلۆ هونەرییەکانمدا، فیگەری گوڵەکانم یادگارییە جوانەکانی کوردستانە لە تاراوگە، کە من توانیومە بە گوڵ وێنەیان بکێشم، کە بە بڕوای خۆم توانیومە، گوڵەکان لە پیشاندانی خەونێکی پر گوڵستان، بە یاریکردنێکی خۆرسکانە بە رەنگ، جوانییەکانی نیشتمان بێنمە ناو پانتایی تابلۆکانمەوە.” سەبارەت بە شوێن و تایبەتمەندیی تابلۆکانیش، ئەو هونەرمەندە دەڵێت:” لە کارە هونەرییەکانمدا، زەمەن لە روانینی تابلۆکاندا وەستاوە، لە هاوتایی و هاویەکییەکی پڕاو پر لە رەنگ، رەنگێک تەنها لە گوڵدا نین، بەڵکو لە بوراق و چنینی سەر فەرشەکان و شەقام و دیوارەکانی شاریشدا دەبینرێن و بوونی هەیە.”

هونەرمەند فایزە عارف کەریم، ناسراو بە ”دایە فایزە” ساڵی 1943 لە سلێمانی لە دایکبووە، ماوەی چەندین ساڵە کاری هونەریی دەکات، بەڵام ئەمە یەکەمین پێشانگەی تایبەتییەتی کە لە وڵاتی ئەڵمانیا کراوەتەوە. لە ئەزموونی کارەکانیدا، رەنگی گوڵ، فیگەری سەرەکی و ناسنامەی هونەرییەتی.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٥ی پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن