765 کەلتور

کتێبخانەى زەمەن

11:56 - 19/11/2019

پۆرترێتی
خەباتکارێکی کورد

چاپی دووەمی کتیبی (مستەفا پاشا یاموڵکی پۆرترێتی خەباتکارێکی کورد) لەم رۆژانەدا لە شاری سنە بڵاوبوویەوە. ئەم کتێبە، لە نووسینی مەجید ساڵح، پێشتر لە چاپی یەکەمدا، هەندێ لایەنی مێژوویی گرنگ‌و پڕ بایەخی ئەم کەسایەتییە گەورەو ونی مێژووی کوردی ساغ کردبوویەوە. لە چاپی دووەمی کتێبەکەشدا، کۆمەڵێ زانیاریی و دیکۆمێنتی نوێی لە دووتوێی 450 لاپەڕەدا بڵاوکردووەتەوە.
ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە پڕ بایەخەکانی مێژووی ون و نادیاری کورد، کە بە کۆمەڵێ دیکۆمێنت و ئەرشیفی نەبینراوی دانسقە، نووسەرو توێژەر ساغی کردووەتەوە.  مستەفا پاشا یاموڵکی، سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەر بوو،  یه‌كه‌م ژه‌نراڵ بوو لە سوپای عوسمانیدا كه‌ له‌به‌ر بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تی خانه‌نشینكرا.
لەم کتێبەدا کۆمەڵێ تایبەتمەندیی گرنگی یاموڵکی ساغ کراوەتەوە، گرنگترینیان: 
*لەو رۆژگارەدا یه‌كه‌م بەرپرسی كورد بووه‌، کە به‌ سه‌رۆكی دادگای عورفیی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هەڵبژێراوە.
* ئازایانە بڕیاری لە ‌سێداره‌دان بۆ تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كان دەکرەدووە، کە بەرپرسی یەکەم لەو تاوانە کۆمەڵکوژییە، چەندین ئه‌فسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری توركیا بووە.
*له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی شێخ مەحمود له‌ ساڵی ١٩٢٢ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بووه‌... چه‌ندین قوتابخانه‌ی له‌سه‌ر ئەژماری درووستکردووە.
- زه‌هرای كچی، یەکەم کەس بوو لە مێژووی شاری سلێمانیدا و لە ساڵی ١٩٢٦ یەکەمین قوتابخانەی کچانیان کردووەتەوەو هانی کچانیان داوە بۆ خوێندن.
* بەدەر لە خەباتکارێکی سیاسی، مێژوونووس و شاعیر بووەو هەموو هەوڵ و کۆششێکی بۆ سەرکەوتنی ئەدەب و کولتووری نەتەوەکەی بووە.

منم، دیدەوانیی
گوڵ دەکەم

ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠ نووسراون، ساڵی ٢٠١١ چاپی یەکەمی کراوەو لەم رۆژانەشدا لە چاپخانەی کارۆ چاپی دووەمی بڵاوبووەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، لەگەڵ تەوەرەیەک لە بەشی دووەمی توێژینەوەیەک، لە لایەن: «هیوا ئەکرەم عومەر و رابەر محەمەد محەمەدەمین» ەوە، بە ناوی: «چەمکی گوڵ، لە دیوانی: (منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم) ی پێشەوا کاکەییدا.» هەروەها دیار لەتیف: رانانێکی بۆ کردووە بە ناوی: «چەمکی روانین، لە (منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم) ی پێشەوا کاکەییدا.  
ئەم کتێبە:(ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە، لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لە بارەی ئەزموونە شیعرییەکەیەوە  دەڵێت: لەمەڕ دونیای رۆحانی و هەبووێتی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. روانینە لە جیهانبینیی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لە پێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لە پێناو خواستەکانیدا، هەبووێتی دیکە وەک پێویستیی بۆ هەبووێتی خۆی تەماشا دەکات.)
بەدەر لەم تێڕوانینەش، شاعیر لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەنووسێت: (گوڵ، ئەو رۆحە موقەدەسەیە، کە وەک گشت رۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ راوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی رازاوەیەو دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ى دەستى مرۆڤەکان.)

 

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن