زێوانی لاپەڕە تۆزاوییەکانی ئەدەب
11:53 - 19/11/2019
چل رۆژ لەمەوبەر، لە ساتی بەردەوامیی نووسین و ساغکردنەوەو سەرپەرشتیاریی نامەی ئەکادیمییەکانی خوێندنی باڵا، ئەستێرەیەکی پڕ وزەو بەرهەم، نووسەری زیاد لە (90) کتێبی ئەدەبی و دیوانی شاعیرانی کورد، چاوەکانی داخست و سەفەری سەرمەدی کرد.
سوپاس بۆ (پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ) “ئەحمەدی خانی” بەم نەوە نوێیەی کورد ناساند. سوپاس بۆ پڕۆفیسۆر(گۆرانو ئەحمەد موختار جاف و پیرەمێردو قەدری جان)ت، پێناساندین.
لە بوارە جیاوازەکانی(توێژینەوەو شیعرو چیرۆک و شانۆنامەو وەرگێڕان و نامە ئەکادیمی)یەکاندا، لە هەموو ئەو بوارانەدا کتێبخانەی کوردیت دەوڵەمەند کرد.
لە (یەکێتیی نووسەران و ئەکادیمیای کوردی) دامەزرێنەرو پایەی سەرەکی بوویت. هەمیشە بە بەرهەم و بۆچوونە تایبەتەکانت، ئەدەب و مێژووی کولتووریی نەتەوەکەتت دەخستە شاڕێگەی زانست و ئەکادیمی.
کەم نووسەرو توێژەری کورد هەیە، تەمەنی هەڵکشێ بۆ سەرووی 80 ساڵ و تا دواڕۆژو دوا ساتەکانی ژیانی، دەستەکانی قەڵەم بگرێتو بەردەوام بێت لە نووسین.
هەرچەندە لە دواڕۆژی تەمەن و لە دواگۆشە هەفتانەییەکەتدا (ئەم کونجەش) جۆرێ لە نیگەرانیت دەربڕیوە لە خوێنەرو نووسەربوون، پرسیاری ئەوە دەکەیت، بۆچی بنووسیت و بۆ کێ دەنووسیت؟! بەڵام هەر خۆت وەڵامی خۆت بە نووسین و کۆشش و بەردەوامیی دەدەیتەوە.
تۆ بەردەوام بوویت... بەردەوام لە نووسین. بەردەوام لە خوێندنەوە، بەردەوام لە کۆڵنەدان و نەسرەوتن، تۆ بوویتە بەشێ لە وشەو دێڕو لاپەڕەی کتێبە دانسقەو تۆزاوییەکانی ئەدەب و مێژووی نەتەوەکەت.
یادت بەخێر، پرۆفیسۆرەکەی ئەدەبی کوردیی، یادت بەخێر، د.عیزەدینی زانا.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە