کەمال موسلیم:
پلانی بەکارخستنەوەی کارگەکانمان داناوە
06:55 - 10/11/2019
سازدانی: ئیبراهیم عەلی
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت كە سیاسەتی حکومەتی هەرێم ئەوەیە، سەرچاوەکانی داهات فرە بکرێت، نەک تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت. ئاماژە بەوەشدەكات كە دەتوانن ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێمی كوردستان دابینبكەن، ئەوەش لەڕێی دروستكردنی پێنج سایلۆوە.
ئەو وتانەی كەمال موسلیم، لە چاوپێکەوتنێكیدا دێت لەگەڵ “زەمەن”، كە تیایدا باس لە كارنامەی وەزارەتەكەی دەكات بۆ چوار ساڵی داهاتوو و دەڵێت “پلانی وردمان داناوە بۆ پاراستنی مافی بەکاربەرو کارئاسانی زۆر بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەین”.
زەمەن: لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا لە سنووی وەزارەتەکەتاندا، چ پلانێکتان جێبەجێکردووە؟
کەمال موسلیم: 100 رۆژ ماوەیەکی هێندە زۆر نییە بۆ هەڵسەنگاندن، بەتایبەت بۆ وەزارەتێکی وەکو وەزارەتەکەی ئێمە کە لە ئەسڵدا دوو وەزارەتە کراوە بەیەک. سنورێکی بەرفراوانمان هەیە لەکارکردندا. ناتوانین لەماوەی ئەو 100 رۆژەدا بڵێین توانیومانە فڵان پڕۆژە جێبەجێبکەین. ئەوەی ئێمە لەو ماوەیەدا کردوومانە بریتییە لە کردنەوەی دەرگای وەزارەت بە رووی هاوڵاتیاندا. بۆ ئەوەی بەوردی گوێ لەکێشەو گرفتەکانی هاوڵاتیان بگرین. دەتوانم بڵێم لەو ماوەیەدا هیچ چین و توێژێک نەماوە کە ئیشوکاری لە وەزارەتەکەی ئێمە هەبێت و ئێمە نەمانبینیبێت.
خۆمان سەردانی زۆرینەی هەرە زۆری کارگەکانی هەولێرو سلێمانیمان کردووە، بەنیازین لە داهاتوویەکی نزیکیشدا سەردانی ئەوانەی دهۆک بکەین. سەرجەم فەرمانگەکانی هەولێرو سلێمانیشمان بەسەرکردووەتەوە. هەموو ئەوانەی کردوومانە لەو ماوەیەدا بۆ ئەوە بووە تا بەرچاومان روون بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو و کارنامەی چوار ساڵی داهاتووشمان ئامادەكردووە.
زەمەن: ناوەڕۆکی کارنامەکەتان چییە بۆ چوار ساڵی داهاتوو؟
کەمال موسلیم: کارنامەی چوار ساڵی داهاتوو لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە.
کارنامەکەمان دابەشکردووە بەسەر حەوت تەوەری سەرەکی. گرنگترین شت کە بەلای ئێمەوە گرنگ بووە بابەتە یاساییەکان بووە، کە دەمانەوێت ژینگەیەکی یاسایی بۆ وەزارەت بڕەخسێنین کە بتوانین سەرجەم کارەکانی وەزارەت لە چوارچێوە یاساییەکان دەرنەچن. چونکە زۆربەی کەموکوڕییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە لادان دروستدەبێت لە جێبەجێکردنی یاسا. لە کارنامەکەماندا پلانی وردمان داناوە بۆ پاراستنی مافی بەکاربەرو رێکخستنەوەی بازرگانی و ژیاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. گرنگیدان و بەکارخستنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان. لەکەرتی پیشەسازی خۆراکدا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە وەبەرهێنی بیانی کارگەو کارخانە بێنن بۆ کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێمە چیدیکە بەنرخێکی هەرزان نەفرۆشرێت بەڵکو بەشێوازی سەردەمیان لەبواری پیشەسازیدا سوودی لێوەربگیرێت. بۆ ئەوەی جوتیاران لەبری ئەوەی ساڵانە زیانێکی زۆر کشتوکاڵکردن بکەن بەپێچەوانە سودێکی زۆر بکەن و خەڵکی دیکەش کە دەست بەرداری کشتوکاڵ بووە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی.
بەلای ئێمەوە گرنگە پەرە، بەرهەمهێنانی خۆماڵی بدەین. بۆ ئەوەی بتوانین هاوسەنگییەک دروستبکەین لەنێوان هەناردەو هاوردەکردن لەهەرێمی کوردستان. بەداخەوە ئێستا ئەو هاوسەنگییە نییەو بەرهەمەکانی بازارەکانی کوردستان زۆربەی هەر زۆرییان بابەتی هاوردەکراون، بۆیە جیاوازییەکە ئەوەندە زۆر بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت.
جگە لەوەش ئێستا پڕۆژەی دروستکردنی سێ سایلۆی نوێمان لەبەردەستە. ئێستا نۆ سایلۆمان هەیە لە هەرێمی کوردستان. بە دروستکردنی پێنج سایلۆی دیکە دەتوانین بڵێین دەتوانین ئاسایشی خۆراک لە بواری گەنم و دانەوێڵە بپارێزین و پێویستمان بەهیچ هاوردەیەک نەبێت. بەداخەوە ئێمە داوای دروستکردنی ئەو پێنج سایلۆیەمان کردووە، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر دروستکردنی چوار سایلۆی دیکە دراوە. بۆ ئەوەی بەیەکجاری بتوانین ئاسایشی خۆراکی دانەوێڵە بنیات بنێن.
زەمەن: وەک باسی دەکەیت لە کارنامەکەتان گرنگی زۆر بەبەرهەمی ناوخۆ دەدەن، بەڵام تا ئێستاش حکومەتی هەرێم بەرامبەر ئەو کارگانە زۆر توندە لە وەرگرتنی باج و رسومات و گرانکردنی گومرگ و زیادکردنی باج لەسەر ئەو خاوەن کارگانە، لەکاتێکدا لەهەموو دنیا حکومەت کار ئاسانی بۆ وەبەرهێنی ناوخۆیی دەکات بەلێخۆشبوونی باج و ئاسانکاری لەهێنانی بابەتی سەرەتایی و هێنانی ئامێری کارگەکان... ئێوە لەم روەوە بەرنامەتان چییە؟
کەمال موسلیم: بەدڵنیاییەوە کێشەو گرفت هەن و دەبێت چارەسەربکرێن. ئێمە ئێستا کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانە دەکەین. چونکە ئێمە دەبێت پارێزگاری لەبەرهەمی ناوخۆیی بکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی بتوانن لەکارەکانیان بەردەوامبن و بەرهەمەکانیان زیادبکەن. بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمەکانیان رکابەری بەرهەمی هاوردەکراو بکات. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە چەند کارێک بکەین بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەری ناوخۆ قازانج بکات. ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆدا توانای بەرهەم هێنانمان هەیە، لە سنوورەکان باج و رسوماتی زۆری بچێتە سەر بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ نرخەکەی هەرزانتر بکەوێت و بەرکاربەر بەرهەمی ناوخۆ بەکاربهێنێت. جگە لەوەش دەبێت کارئاسانی زۆریان بۆ بکرێت لەرووی پێدانی کارەباوە بەنرخی هەرزان و چاککردنی رێگاوبانو لێخۆشبوون لەباج و رسومات. هەروەها دەبێت کار ئاسانی بکرێت بۆ هێنانی ئەو بابەتە سەرەتاییانەی لەو پیشەسازییانە بەکاردەهێنرێت.
بەگشتی بەرنامەو پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە لەماوەی داهاتوودا بەرهەمی ناوخۆ زیادبکرێت. بەڵام ئەوەی تۆ باسی دەکەی بەشێکی پەیوەستە بەیاسا کارپێکراوەکانی هەرێم و لەکۆمەڵێک یاسادا پێویستمان بەهەمووارکردنەوە هەیە. بەتایبەت لەبابەتی باج. بەدڵنیاییەوە ئێمە پێداگردەبین لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو یاسایانەی دەبنە هۆی کارئاسانی بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ هەمواربكرێنەوە.
دەمەوێت ئەوەش بەخەڵکی هەرێمی کوردستان بڵێم کە بابەتەکە ئەوە نییە بڵێین بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەوڵاتی ئێمە لەخاڵی سفردایە، بەپێچەوانەوە لەکۆمەڵێک بابەتدا ئێمە دەتوانین کۆمەڵێک بابەت بەرهەمبهێنین و هاوردەی دەرەوەشی بکەین.
زەمەن: چین ئەو بەرهەمانە؟
کەمال موسلیم: بەرهەمەکان زیاتر لە بواری بیناسازیدان. بۆ نمونە لە شیش و چیمەنتۆو خشت. لە زەیتی خۆراک کۆمەڵێک شتمان هەیە. لەبەرهەمهێنانی چپس کارگەی پێشکەوتوومان هەیە. هەر کارگەیەک بتوانێت یەک لەسەر چواری پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، ئێمە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری دەکەین و پارێزگاری لێدەکەین و ناهێڵین بەرهەمی دەرەکی رکابەری بکات.
زەمەن: دامەزراندنی کارگەی پترۆکیمیایی بە دایکی پیشەسازی ناوخۆیی دادەنرێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە بەرهەمی نەوتیان زۆرە، حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی هەیە بۆ ئەوە؟
کەمال موسلیم: لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت ئەو بابەتەم بەشەخسی باسکردووە، ئەو بابەتە بابەتێکی یەکجار گرنگە. سەرۆکی حکومەتیش زۆر بەگرنگییەوە لەو بابەتەی روانی. باسمان لەوە کردووە کە دەبێت کارگەیەکی پترۆکیمیایی لەهەرێمی کوردستان دابمەزرێت. بەڵام ئەوە پێویستی بەکاتە. ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن دەتوانین ئەو کارە بکەین؟ بزانین ئیمکانییەتی ئێمە چەندە؟ ئایا ئەو کارگەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت دروستی دەکەین؟ ئەمە پێویستی بەبەرنامەو پلان هەیە. چونكە تێچووی زۆری دەوێت.
زەمەن: لەهەموو دنیا کارگەی پترۆ کیمیایی هی دەوڵەتە، نەک شتێک بخرێتە بەردەستی کەرتی تایبەت، ئێوە چۆن دەتانەوێت لەرێیی کەرتی تایبەتەوە ئەو کارگەیە دروست بکەن؟
کەمال موسلیم: بەمەبەستمان خاوەندارێتی نییە، مەبەستمان ئەوە نییە کەرتی تایبەت ببێت بەخاوەنی ئەو کارگەیە، بەڵکو مەبەستمان دروستکردنەکەیەتی. خۆ دەبێت کۆمپانیایەک بێت ئەو کارگەیە دروستبکات. بەڵام بەدڵنیاییەوە کارگەکە هی خودی حکومەت دەبێت و خاوەندارییەکەی نادرێت بەهیچ کەسێک.
زەمەن: کۆمەڵێک بابەت هەن کە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە هەناردەی دەرەوە بکرێن، وەکو مس و فافۆن. لەبەدواداچوونی دوو پەرلەمانتار لەخاڵە سنورییەکان ئاسانکاری زۆر دەکرێت بۆ بردنە دەرەوەی ئەو کانزایانە لەکاتێکدا بەپێی یاسا ئەمە قەدەغەیە؟
کەمال موسلیم: بەداخەوە تا ئێستا ئەم بابەتانە دەڕۆنە دەرەوە لەکاتێکدا قەدەغەیە، نەک هەر ئەمە هەموو بابەتێکی سەرەتایی دیکەش قەدەغەیە بنێردرێتە دەرەوە. ئێمەش ئەو بابەتە دەزانین و تا ئێستا بەردەوامین لەکار لەسەر کردنی، بەڵام بەداخەوە کێشەی یەکجار زۆرمان هەیە. بەو ماوە کەمە ناتوانرێت هەمووی جێبەجێ بکەین. هەندێک شت هەیە بەناچاری دەبێت رێگەبدەین بچێتە دەرەوە بۆ نمونە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە کارگەیەک بهێنین بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی پێستەی ئاژەڵ، وەک پێڵاوو جانتاو هەموو بەرهەمەکانی دیکە. لەناوخۆشدا رۆژانە پێستەیەکی یەکجار زۆر خەسار دەبێت ئەگەر رێگە بگرین لەوەی هەناردەی دەرەوە بکرێت. بۆیە هەندێک شت هەیە واقیع بەسەرتدا دەسەپێنێت.