دڵخۆشی... ئەوکاتە راستەقینەیە کە بەشدەکرێت
10:52 - 09/11/2019
حەسەن فەلاح
پەیوەستبوونی مرۆڤ بە ژینگەوە وەک ویستی تاکەکەسیی دۆزینەوەی خودە؛ خودئاگایی وەک دەرئەنجامی پڕۆسێسە مێژووییەکە ئەوەی مرۆڤایەتی پیایدا تێپەڕیوە (لە هۆمۆ ساپیەنسێکی ئاسانەوە بۆ هۆمۆیەکی مۆدێرن و ئاڵۆز) پەیوستە بە تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەر. وەرگرتن (استیعاب)ی ئەو زانیارییە ژینگەییانەی دەروون و کەسایەتیی تاک دروست دەکەن، کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و بڕیارەکان هەیە. ژینگە بەشێکە لە پێناس و شێوازی ژیانی تاک، زانیارییە ژینگەییەکان بنەمای ئەو هەوڵ و توانایانەن کە مرۆڤ لەسەر ئاستی تاک، چ لە ژینگەیەکی سرووشتی یاخود دەستکرد بێت، کاریان بۆ دەکات.
فیلمی (Into the Wild) کە لەسەر بنەڕەت و کتێبێکی (Jon Krakauer) دەرهێنراوە، زەمینەیەکی راستەقینەی هەیە و پاشخانی رووداوەکان لە بەسەرهاتی راستەقینەی (Christopher McCandless) پرۆتاگۆنیست و کەسایەتی فیلمەکە وەرگیراون. بەم شێوەیە تێڕوانین لە بنەما فیکرییەکان و ناسینەوەی ئەو ئایدیایانەی فیلمەکە پێشنیاریان دەکات روون و ئاشکران. جیاواز لە هەر فیلمێکی دیکەی فۆرماڵیزمیی، کە کار بۆ بە هێماکردن دەکەن، ئەم فیلمە لە رووی پێکهاتنەوە شێوازێکی کلاسیکی هەیە. بەمجۆرە قسەکردن لەسەر ئاکت و فاکتەکان، جووڵانەوەو بیرۆکەکانی نێو فیلمەکە بە پشتبەستنە بە تێڕوانینی کریستۆفەر، بۆ ژیان، لە تێڕوانینی تاکە کەسییەوە.
هەوڵی کریستۆفەر، کە ئاڕاستەکەی لە ناوەوەی کۆمەڵگەیە بەرەو دەرەوەی (لە سنووری کۆمەڵگەوە بۆ سنووری ژینگەی سرووشتی) هەوڵێکە کە گوزارشت لە یاخیبوونی تاک دەکات. هەر بۆیە ناونیشانی فیلمەکە (بەرەو ناو سرووشت) یەکەمین واتاو سەرەتاییترین وێنەدانەوە (انطباع) لەسەر کۆی فیلمەکە دروست دەکات، کە بریتییە لەوەی هەوڵێک هەیە بۆ چوونە دەرەوە لە سیستەم و رەهابوونی تەواوەتی بڕیار و ویستەکان و بیرکردنەوەی تاک. سرووشت کە ژینگەی سەرەکییە لێرەدا، وەک لایەنێکی ئەم پڕۆسە دوالیزمییە بەرامبەر بە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی مۆدێرن بەتایبەتی دەوەستێتەوە. کریستۆفەر کە تەمەنی زیادترە لە دوو دەیە، خاوەن کەسایەتییەکی شکاوەیە و بەهۆی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانەوە نائاگایە لە خودو دوورە لە ناسینی خود. ئەو ژینگە دەستکردەی کۆمەڵگە بووەتە هۆی پێکهاتنی، بەرخۆری و ویستی بەردەوام بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوانی دیکە و سنووردارکردنی ئازادی ژیانکردن و دۆزینەوە و ناسین، (کریستۆفەر) یان خستووەتە سنووری نا ئاگاییەکی بەسیستەم کراوەوە. ئەو بۆشاییە قووڵەی لە ناخ و کەسایەتیی ئەودا دروستبووە، دەرئەنجامی ئەو قەرەباڵغییە ناسرووشتییەیە کە مرۆڤی کردووە بە جۆرێ لە رۆبۆت. بە لێکدانەوەیەکی دیکە: لێسەندنەوەی ئازادیی ژیانکردن و بڕیاردان و دۆزینەوەیە.
چوونە دەرەوەی کریستۆفەر لە سنووری کۆمەڵگە، هەڵهاتنە لە گرفتەکان، دوورکەوتنەوەیە لەو کێشانەی کە تاک رۆڵی نییە لە چارەسەرکردنیاندا. بۆیە وەک ئەلتەرناتیڤ خۆشویستن و گەڕانەوە بۆ سرووشت لەلای کریستۆفەر سەرهەڵدەدات. بوونی خۆشەویستی بۆ سرووشت، خۆشەویستییەکی بێ ئەزموونە لەلای ئەو. لە کۆتایی فیلمەکەدا راستی نەبوونی ئەزموونی کریستۆفەر لەگەڵ خۆشەویستی ژینگە و سرووشتدا دەردەکەوێت. پرسی ناچراڵیزم هەرچەندە خۆشەویستییە، بەڵام ئەزموون و تاقیکردنەوەی بەردەوامی پێویستە. مرۆڤە ئاڵۆز و مۆدێرنەکانی ئێستە بە ئاسانی توانای پەیداکردن و دروستکردنی پەیوەندیی خۆشەویستییان نییە لەگەڵ سرووشتدا بەشێوەیەکی خێرا و بلەز. چونکە خۆشویستنی سرووشت، وەرگرتن و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەرەنگاری و جوانی و زبرییانەیە، کە مرۆڤ پێیان دەگات و قبووڵکردنیانە. بەراورد بە مرۆڤە سەرەتاییەکان، هەوڵی مرۆڤی مۆدێرن هێندەی بۆ دۆزینەوە و خۆناسیینە هێندە بۆ مانەوە و رزگاربوون نییە. بەڵام لە راستییدا هەوڵدان بۆ مانەوە و رزگاربوون، بنەڕەتی ژیانە و دەکرێت لە داهاتوودا و بە گەیشتن و نزیکبوونەوە لە قۆناغی “مرۆڤەخوا” دووبارە رووبەڕووی ئەم راستییە حاشاهەڵنەگرە ببینەوە.
ویستەکانی کریستۆفەر، هاوشێوەی ئەو خۆشەویستییە عیرفانی و رۆحیانییەیە کە هەندێک لە تاکە باوەڕدارەکان هەیانە بۆ سرووشت. بوون بە بەشێک لە سرووشت بیرۆکەی سەرەکی و پرسی (گەڕانەوە بۆ سرووشت خۆناسییە، خۆناسیش خوداناسییە) جەوهەرێکی دیاری باوەڕی کریستۆفەرن. ئەو لە دیمەنێکدا دەڵێت: “تۆ هەڵەیت گەر وەها بیربکەیتەوە کە خۆشبەختی تەنها لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکاندایە. خودا ئەو خۆشبەختییەی لە هەموو دەوروبەرماندا داناوە. ئەو خۆشبەختییە لە هەموو شتێک و هەموو ئەو ئەزمونانەدایە کە تاقییان دەکەینەوە. پێویستە ئازایەتیی ئەوەمان تیادابێت رووبەڕووی شێوازی ژیانکردنی باو ببینەوە و بەرکەوتنمان لەگەڵ ژیانێکی ناباو هەبێت.” ئەم عەقڵییەت و بیرکردنەوەیەی کریستۆفەر، پێمان رادەگەیەنێت کە کریستۆفەر وەک تاکێک کە کەمترین سۆز و خۆشەویستیی لە مرۆڤەکاندا دۆزیەوەتەوە و دەگات بەو باوەڕەی ژیان لە سرووشت و بەرکەوتن لەگەڵ سرووشتدایە. بەڵام گرفتی ئەم بیرکردنەوەیە لەلای ئەو، نەبوونی ئەزموون و نائاشنایەتییە لەگەڵ هەموو ئەو هەست و ئاڵەنگارییانەی سرووشت بە مرۆڤیان دەبەخشێت. گەڕانەوە بۆ سرووشت بە واتای هەوڵدانە بۆ مانەوە لە زەمینەدا، پاشان و پاش هەوڵدان بۆ رزگاربوون تێڕامان و تێگەیشتن لەوەی ژینگە و سرووشت چییە، هەروەها بەستنەوەی سرووشت بە خۆمانەوە خودئاگایی و خۆناسی لێدەکەوێتەوە. پێدەچێت لێرەدا ئەو یاسایەی باس لە مانەوەی بەهێزترینەکان دەکات بەس نەبێت وەک پێناسەیەک بۆ دۆخی کریستۆفەر، بەڵکو لەگەڵیشیدا یاسای مانەوەی بەهێزەکان لە سرووشتدا، تەنها بۆ مانەوە نییە، بەڵکو بۆ ئەزموونکردنی تاکە بە هەستی ژیانکردن و ئازادبوونی رەها.
رەهەندێکی دیکەی بیرکردنەوە لەلای کریستۆفەر، خۆشویستنی شتە ورد و بچووک و سادەکانە. قایلبوونە بەوەی مرۆڤ خاوەنی چییە و کێیە. بەنرخ سەریکردنی شتەکان هەرچەندە سادە و ئاسان بن، دەکرێت گەورەترین خۆشبەختی و ئازادی ببەخشن بە مرۆڤ. لە راستیدا گەڕانەوە بۆ سەرمایەداری و ئاڵۆزی و قەرەباڵغییەکی زۆری ماددیی و مرۆیی لە دەوری تاکەکاندا، دەبنە هۆکاری هەستکردن بە نامۆیی و دوورکەوتنەوە لە پێناسە راستەقینەکەی ژیان و پێناسە راستەقینەکەی خود. مرۆڤ لە ئاڵۆزییەکاندا، یاخود بە واتایەکی دیکە، ئەو مرۆڤانەی بە جوانی و ماددە و قەرەباڵغی دەورەدراون، بەڕاستی نازانن کێ ئەوانی خۆشدەوێت و کێ ئەوانی لەلا پەسەندە. ئەمە وەک هەستکردن بە بوون کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دەروونی تاکەکان دروست دەکات. ئەو مرۆڤانەی هەمیشە بەدوای ئاڵۆزی ماددە دەکەون، ئەوانەی زیادتر بەلای ژمارەدا دەچن، وەک لە کوالێتی، ئەوانەن کە نازانن نرخی راستەقینەی خۆیان لە چیدایە و کێ بەنرخەوە لێیان دەڕوانن. دەتوانین بڵێین ئەوانە دەبنە سێبەری شمەک و بەرخۆری، سێبەری جوانی و قەرەباڵغییە بێواتاکان. هەوڵی کریستۆفەر بۆ گەیشتنە بە راستی، هەستکردنە بە راستیبوونی ژیان و بوون، لە ئاست و سنووری تاکدا. کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا ئەو ئایدیایەیە کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەموومان بەشێکین لە ژینگە و سرووشت، بەشێکین لەو ئازارە راستەقینەیەی واتا بە بوون دەبەخشێت. کەواتە سوپاسگوزاریی بۆ بچووکترین و سادەترین ئەو دەستکەوت و هەبوانەی مرۆڤ، دەبێتە خۆشحاڵی و جێی بەختەوەری. بەڵام لەلای کریستۆفەر، ئەو کاریگەرییانەی بەهۆی خێزان و کۆمەڵگەوە دروست دەبوون، بوونە هۆکاری ئەوەی کریستۆفەر شتە بەنرخ و سادەکانی خۆی فەرامۆش بکات و بەبێ ئەزموون بەدوای ئازادی و رەهاییدا بچێت.
سەرەتاییترین هەڵەکانی کریستۆفەر لەوەدا بوون، کە باوەڕی بە خۆشەویستی مرۆڤەکان نەما، هاوکات تاوانباری سەرەکیش خودی کۆمەڵگە خۆیەتی. کریستۆفەر کاریگەرییەکان بەشێوەیەکی گشتی لێکدەداتەوە و بڕیارەکانی بەسەر کۆی کۆمەڵگە دەدات. ئەو لە ماوەی گەشتەکەیدا، ئاشنای زۆر کەسایەتیی و ئەزموون و عیرفان و زانینی جیاواز دەبێتەوە. هەریەکێک لەو کەسایەتییانە وەک وانە، ناڕاستەوخۆ باوەڕی کریستۆفەر بە خۆشەویستی دەبوژێننەوە. بەڵام ئەو هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستی بە چوونە دەرەوەیە لە سنووری کۆمەڵگە و فەرامۆشکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان. دەبینین لە دیمەنێکی زۆر کاریگەر و راستەقینەدا، کریستۆفەر دەنووسێت و دەگات بەوەی کە: “دڵخۆشی تەنها ئەوکاتە راستەقینەیە کە بەش دەکرێت.” ئەمەش وەک دەرئەنجام بۆ ئەو ئایدیا و بیرۆکەیەی دەگەڕێنمەوە کە لە دیمەنێکدا کریستۆفەر پیاوێکی بەتەمەن دەناسێت و پێی دەڵێت: “کاتێک دەبووریت، خۆشەویستی دەبەخشیت و کاتێک خۆشەویستی دەبەخشیت رووناکی خودا بە رووتدا دەدرێتەوە.”
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە