هەواڵ

لە نێوان تڕادیشناڵ و مۆدێرنەدا چێژنامەی رۆحی

12:06 - 02/11/2019 23 جار خوێندراوەتەوە

پێشه‌وا كاكه‌یی

بەشی یەکەم:
لەنێو یەخچاڵەکەدا:
جگە لە شەربەتی هەنجیر،
شووشەیەکیش زەیتوون هەڵگیراوە.
لە ریزی بنەوەش:
هەندێک مەزە،
لەگەڵ پێکێک ویسکی دانراوە.
تۆ بخۆرەوە و
منیش لەگەڵتدا دادەنیشم.
تۆ پێکێک هەڵبدە و
منیش زەیتوونت لەگەڵدا دەخۆم.
تۆ مەستبە و
منیش نوێژی خۆم دادەبەستم.
تۆ سەیرکە هاوڕێ،
وەک ئەو مەلایانە دانیشتنت رەت ناکەمەوە.
کە کەسێ لەگەڵ مەیخۆردا دابنیشێ
وەک ئەوە وابێت بخواتەوە.
منیش بە بەڵگەوە دەیڵێم:
ئەوەنییە خودا سوێندی بە زەیتوون خواردووە!

بەشی دووەم:
لەنێو ئەوقافدا:
چەند هۆبەیەک دروست دەکەم.
هۆبەیەک، دوو دەرگا و پەنجەرەی هەبێت:
ئاهورامەزدا و ئەهریمەن،
هاموشۆیان هەبێت.

گومبەزێک دەڕازێنمەوە:
هونەری بیناکاری،
وەک سەمەرقەند و بوخارا بێت.
پێشنوێژێکیش دادەنێم،
مەولانا تێکەڵ بە شەمس بێت.

لە تەنیشت هۆبەکەی ئەولاشەوە:
نەخشەیەک دروست دەکەم،
لە قەڵاوە، نێو ژوورەکەی دیار بێت.
وەك مەلیکەتاوس،
جوانی، دونیا بنەخشێنێت.

تەنبورێکیش لە هۆڵەکە دادەنێم:
پەنجەی یارسانییەکان،
ئاوازی رۆحمان بۆ بژەنێت.
بە یادی داود،
شمشاڵیش حزووری هەبێت.

ژورێکیش دادەنێم بۆ لێبووردەیی،
وەک ئەوەی عیسا بە خاچەوە: 
هەمیشە لە بەرچاومان بێت.
دەیکەمە کڵێسا و
هەمیشە رۆح، تێیدا ئامادە بێت. 

ئاخیر ژوریش دەهێڵمەوە:
بۆ دارئاساکەی موسا،
بۆ ئەوەی لە بەرچاوتان بێت.
گەر یەکدیتان قبووڵ نەکرد،
بە سیحرێک، ئەوقاف سەرەوبن بێت.

ئەم شیعرە لە ژمارە ١٩ پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن