ژنانە سڵاوێک بکە
06:57 - 18/10/2019
پشکۆ نەجمەدین
باخچەكە كۆڵنجی كردووە،
لەسەرخۆ دەیشێلێ،بەفر!
***
وەک هەر کەس و زیندەوەرێک،
رۆژێک دەمرم؛ رووح دەفڕێ،
هەموو بەشەکانی جەستەم دەبن بە خۆڵ، تەنیا زگۆڵەی
چەپ نەبێ،
نە مردن دەناسێ نە گڵ،
ئەوێ کە ماڵی عیشقی تۆ،
ئەوێ دەبێتەوە بە دڵ!
***
ژن
تەنیا خۆت نیت،
لەنێو تۆدا ژنێکی دی و
لەنێو ویدا ژنێکی تر...
تۆ ماڵێکیت پڕ پڕ لە ژن!
من عاشقی هەمووتانم،
ئاخر هەموو ژنێکی نێو گوڵدانی تۆ، مەعشووقی من!
ئەوان هەموو رووحی خودا و
تۆیش هەم رووح و
هەم مەعشووق و
هەم خودای من!
**
ژنانە سڵاوێک بکە!
ئێوارەیەک، لەسەر ریتمی خۆراوابوون،
ژنانە لە دەرگام بدە.
نیوەشەوێک، لەسەر نەزمی تریفەی مانگ، ژنانە ئاوێزانم بە.
دەمەوبەیان، هەر ژنانە،
بمپێچە لە شەبەنگی ماچ.
لەگەڵ هەنگاوی بەهاردا؛
پەنجەرەی تارمەکە بترازێنە.
بە سووەندەی ژنیێتیت؛
چیمەنەکە نازپرژێن بکە،
با گوڵەکان چەپکێ خەندەت لێ قەرز بکەن.
لەگەڵ هەڵتۆقینی “کەنتەرێل”*دا،
سڵاوێک لە دارستانەکە بکە،
تاکارئاسکەکان،دەرسی لەنجەولار، لە تۆوە فێر بن!
لەگەڵ تیرۆژی هەتاودا،
ژنانە پیاسەیەکی
سەر کەناراوەکە بکە،
لەسەر گابەردێک خۆت هەڵخە!
تا پێلەکان، رەنگی ژنانەی پێیەکانت بگرن،
ماسییەکان،
سواڵی سەما،
لە ریتمی جووڵەی پەنجەکانت بکەن. ژنێتیی تۆ، ژیانەوە بە سروشت دەبەخشێت.
چ پیرۆزە ژنێتیی تۆ!
*کەنەتەرێل: جۆرە قارچکێکی بۆنخۆش و رەنگزەردی نێو دارستان.
* ئەم شیعرە، لە ژمارە (١٧)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە