ژن لە كایەی وەرگێراندا
12:47 - 07/10/2019
نوسینی: تارا
شێخ عوسمان
وەرگێڕان
وەك زاراوە، یەكێكە لە چالاكییە مرۆییەكان كە لە دێرزەمانەوە كراوە و ئامانجیشی
پەرچڤەكردنی تێكستەكانە، یان قسەكانە لە زمانێكەوە (زمانی سەرچاوە) بۆ زمانەكانی
دیكە.
هەر
لە زووەوە مرۆڤ بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەوانەی كە بە زمانی ئەو قسە
ناكەن، هەوڵیداوە زمانی ئەوی دی فێر بێت بەمەبەستی تێگەیشتن و زیاتر پتەوكردنی ئەو
پەیوەندییانەی لەگەڵ ئەوانەی بەو بێگانەبوون. دواتریش ئەو جۆرە كارە گەشەی كردووە
بەتایبەت دوای ئەوەی نووسین هاتووەتە
ئاراوە، ئیدی مرۆڤیش هەوڵەكانی گەشەی كردووە و دەستیكردووە بە وەرگێڕانی تێكستە
نووسراوەكانی ئەوانی تر.
كەواتە
لێرەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە وەرگێڕان پرۆسەیە كە مرۆڤ ناتوانێت
دەستبەرداری بێت، چونكە بووە بە بزوێنەری سەرەكی بۆ كارلێكی نێوان شارستانییەتەكان
و بووەتە ئەو پردەی نەتەوەكان بەیەك دەگەیەنێت.
هەر
وەرگێڕانیشە بووەتە ئامڕازێكی پێویست بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە لە فەرهەنگ و كولتووری
گەلان تێبگەین و وەرگێڕانیش هۆكارێكی
سەرەكییە لە گەشەكردنی پرۆسەی گوڕینەوەی بیروڕاكان.
وەرگێران
دەتوانێت دەرخەری سەلیقە و توانای كەسێك بێت بۆ هەڵبژاردنی ڕاستترین و
گونجاوترین مانای ئەو وشە و دەستەواژە و گوزارانەی لە زمانێكدا هەیە، بۆ
ئەوەی بیگەنێتە خوێنەران و بیسەران و بینەرانی زمانەكەی خۆی، یان دەشكرێت بە پێچەوانەوە
بێت بابەت و تێكستی زمانی دایك بێت كە بەرچڤەی دەكات بۆ زمانێكی دیكە. گەر باس لە ناوچەكەی خۆمان بكەین ساڵانێكی
زۆرە پرۆسەی وەرگێران تێیدا بەرچاوە و زۆرن ئەوانەی لەو پانتاییە گەورەیەدا كاردەكەن و كاریگەریی خۆیان هەیە
ئەمەش چ لە بواری ئەدەبدا بێت، یان لە بوارە جیاوازەكانی دیكەدا. لێرەدا دەكرێت
بپرسین: ژنان چ ڕۆڵ و كاریگەرییەكیان هەیە لەو پرۆسەیەدا؟
ئەوەی
دەبینرێت ژمارەی خانمانی وەرگێڕ لەچاو پیاواندا ژمارەیەكی كەمە و هیچ جێگەی
بەراوردكردن نییە، جگە لەوەش تا ئێستاش كەمترین خانم هەیە بتوانێت بە ئازادانە و چ
تێكستێكی بەدڵە ئەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی كوردی، چونكە هێشتا بەشێكی زۆری ژنان ناتوانن بەدووربن و گوێ نەدەن بە هەندێك دابونەریت و تەنانەت رێگرییە ئایینییەكانیش،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك قەڵەمی بوێر و بەتوانای ژنان هەن كە ئەو تابۆیانەیان
شكاندووە و توانیویانە ئەو كارە بكەن، سەرەڕای ئەوەی زۆر جار ئەو كارەیان
ڕووبەڕووی هەڕەشە و ترساندن و تۆقاندنیشی كردوونەتەوە.
جگە
لەوەش هەندێك رێگریی دیكە هەیە لەبەردەم ژنێكی وەرگێڕدا، وەك ئەوەی پرۆسەی
وەرگێڕان نەبووەتە پیشە، واتە تا ئێستا وەرگێڕێكی ژن نییە كە پیشەكەی كاری
وەرگێڕان بێت، كە ئەمە ڕەنگە بۆ زۆربەی وەرگێرە پیاوەكانیش هەروا بێت. زۆر جار
ژنان وەك بەشێك لە خولیا و ئارەزووی خۆیان كاری وەرگێڕان دەكەن، واتە هاوشان و
تەریب لەگەڵ كارێكی دیكەیان و هاوشان
لەگەڵ ئەو ئەركە زۆر و زەبەندو ئەو پابەندییە كۆمەڵایەتیانەی لە ماڵەوە و لەناو
خێزاندا لەسەر شانیانە ئەو كارە دەكەن.
یەكێكی
تریش لە رێگرییەكان بریتییە لە نەبوونی شوێنێكی تایبەت بۆ ژنان لەناو ماڵەكانیان
بۆ بیركردنەوە و نووسین و كاری وەرگێڕان، وەك ئەوەی (ڤێرجینیا وۆڵف) ئاماژەی
پێدەدات و بە پێویستی دەزانێت ژنان ژوورێكی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ بیركردنەوە و نووسین كە وەرگێڕانیش بۆ خۆی بەشێكە لەو پرۆسەیە.
هەروەها
خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە زۆر ژن هەیە لەگەڵ ئەوەی رەنگە لە بری زانینی زمانێك
چەند زمانێكیش بزانێت، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر ئاشنا نییە بە بزاوتی ڕۆشنبیری و زانستی ئەو وڵات و ناوچانەی ئەو لێی
ژیاوە و كەمتر گرنگی داوە بە خوێندنەوە و بەهۆی سەرقاڵبوونی بە كارە سەرەكییەكەی،
خۆی ناتوانێت ببێتە وەرگێڕێكی باش و هیچ
خزمەتێك لەو بوارەدا پێشكەش بكات.
ئەمانەش
دەمانگەیەنێتە ئەو رایەی كە پێویستە ژنانی زمانزان و خوێنەری جددی لە بوارە
جیاجیاكانی ئەدەب و هونەر و زانستە جیاجیاكاندا، زیاتر هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن
هەریەكە لە بواری خۆیدا و بەپێی كارامەییان و توانایان بەسەر ئەو زمانەی دەیزانن،
بەشداربن لەو پڕۆسە گەورەیەی وەرگێڕان كە دەستی پێ كردووە.