کابینەی نۆیەم و چاوی هاوڵاتیان
8/7/2019 10:32:00 PM
نەوزاد ساڵح
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆمانگ بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانداو چاوەڕوانی هاوڵاتیان، دواجار پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا ڕاگەیەندرا هەرچەندە قەرزێکی زۆری لەسەرکەڵەکە بووە، وێڕای ئەوەی کە بە چاوی ئومێدەوە دەڕوانینە هەڵهاتنی خۆری ئەم کابینەیە چونکە ئەم کابینەیەو هەشت کابینەکانی پێشتریش کە درێژکراوەی کابینەی یەکەمن کە لەدوای ساڵی ١٩٩٢ەوە دوای بەرخودان و ڕاپەرین و هەموو خۆڕاگریەکانی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە دروست بوون و لەم پێناوەشدا بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە شەهیدو برینداربوون و ئێستاش لە سایەی ئەم دیفاکتۆیەدا ئیدارەو حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ دروست بووە، وێڕای تێبینی و ناڕەزاییەکانی هاوڵاتیان کە پێویستە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە هەند وەری بگرن.
پاکێجەکانی هاوڵاتیان...
هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە کە زیاتر لە (٢٧) بیست و حەوت ساڵەو ئەمەش نۆ هەمین کابینەیە کە بەشداربوون لە پێکهێنانیداو لەسەرجەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ داوە کە لەئێستاشدا بە گوێیەکی سوکەوەو بە تێڕوانینێکی نوێوە دەڕواننە کارنامەکەتان و هیوا دەخوازن ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکەن و لە سەرجەم سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریدا مافیان مسۆگەر بێت و گوزەرانیان بەرەو باشتر بگۆڕێت.
خاڵە گرنگەکانی کارنامەکەی حکومەت:
١ - کارکردن لەسەر بەهێزکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کە لەم کابینەیەدا وەک پڕۆژەیەکی سێ لایەنەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کاریان لەسەر کراوە بڕێک جوودان لە کارنامەی کابینەکانی پێشوو، لەوانە سنوردانان بۆ دەستێوەردانی بەرپرسان لە کەرتی بازرگانی بەرهەم هێناندا.
٢ - هەروەها لە کارنامەکەی حکومەتدا هاتووە نابێت بەرپرسان و وەزیرەکان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی بکەن وە ئەگەر کردیان توشی سزا دەبن.
٣ - تیشک خستنە سەر موچەی وەزیرو پەرلەمانتارو بەرزکردنەوەی ئاستی موچەی خانەنشینی و یاسای چاکسازی نوێ کە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت لەسەر دۆخی مووچە کە دەستکاری مووچەی پلەبەرزەکان لەخۆ دەگرێت.
٤ - بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان کە لەنێوانیاندا پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆو خاڵێکی جەوهەریشە کە باس لە بچووککردنەوەی قەبارەی حکومەت کراوە کە لەجێی خۆیدایە بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەرمان.
ناوەڕۆکی ئەم کارنامەیە هەڵبەتە وتووێژ زیاتر لەخۆ دەگرێت و خاڵەکانیش زیاترن و زیاتر هەڵدەگرن بەڵام ئەوەی کە بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگە ئەم خاڵانەن:
ا - کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوت کراوەکان بە میکانیزمێکی گونجاو.
ب - سەربەخۆیی دادگاکان،بەڕێوەچوونی حوکمی یاسا.
ج - دابینکردنی ئاسایش و دڵنیایی هاوڵاتیان لە گیان وماڵ و سەروەتی خۆیان.
د - چاکترکردنی ڕەوشی کارەباو ئاوو جادەو شەقامەکان.
هـ - فەراهەم کردنی هەلی کارو چاوخشاندنەوە بە زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵیدا، هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت.
و - ڕێگە گرتن لە ماددە هۆشبەرەکان کە لە دژمان وەک چەکێک بەکاردەهێنرێت.
ز - لە هەموو گرنگتر پاراستنی سەروەری یاساو جێبەجێکردنی یاسا بە یەکسانی لەسەر هەموو کەسێک بێ جیاوازی.
ح - بەهێزکردنی کەرتی پەروەردەو تەندروستی و ڕزگارکردنیان لەو گرفتە زانستیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ت - باشترکردنی ڕەوشی ژنان و بەشداری پێکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم کایەکانی ژیاندا.
ی - گرنگی دان بە ژینگەو پاراستنی ژینگە بەپاکی.