573وتار

پارتی ژیان و دادپەروەری

9/3/2019 1:57:00 PM
نەوزاد ساڵح

 

پارتی ژیان و دادپەروەری ئەو هەواڵە ناخۆشە بوو کە لەم ماوانەدا درا بە گوێی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانداو وابڕیارە پێش کۆتایی ساڵی 2019 پارتە نوێیەکەی کارئەکتەرە سیاسیەکانی تورکیا  ڕابگەیەنرێت کە چاودێران پێیان وایە ئەم تەوژمە دەبێتە هۆی لەرزینی عەرش وێڕای هەوڵەکانی پێشووی ئەردۆغان لەگەڵ کارئەکتەرو ئەندازیاری ئابوری تورکیا (علی باباجان)دا بەڵام هەوڵەکان بێهوودەبوون و باباجان بەتەواوی بیروباوەڕیەوە دەست لە کارکێشانەوەی لە پارتی دادوگەشەپێدان ئەکەپە پێشکەش کردو بەهاوکاری (عبداللە گویل)و (ئەحمەد داودئوغڵو) سەرقاڵی دامەزراندنی پارتێکی نوێن لەسەر بنەمای (توانا - لێهاتوو)یی هەروەها باس لە جێهێشتنی پارتەکانی پێشوو دەکەن، لەڕووی مەنهەجیەوەو دەخوازن پارتە نوێیەکە جیاوازی ئایدۆلۆجیاو هەستی ڕەگەزخوازی و جیاوازی بیروڕا تێپەڕێنن و یەکتری قبووڵ کردن بکەنە بنەمای کارکردن و جیاوازی مەزهەبی‌و ئایینی و نەتەوەیی نەبێتە هۆی بەریەککەوتنیان.

علی باباجان چۆن ناسرا؟
ساڵی ٢٠٠١ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دادوگەشەپێدان دەبێت و ئەندامی ئەنجومەنی ئیداری هەمان پارت دەبێت، گەنجترین هەڵبژێردراوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەبێت لە ساڵی ٢٠٠٢دا کە ئەوکاتە تەمەنی ٣٥ ساڵ دەبێت لە ناوەندی هەڵبژاردنی ئەنقەرە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەر لەوکاتەشدا پۆستی وەزیری ئابوری و ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی تورکیای بەدەستهێنا ئەوکات داهاتی تاکەس لە تورکیادا لە بارێکی لاوازدابوو وەبەهای لیرەش بەرامبەر دۆلار هەمان شێوە لە ئاستێکی پێویستدا نەبوو، باباجان هەموو توانا ئابوریەکانی خۆی خستە گەڕ تا قەرزە کۆنەکانی لەسەر تورکیا سووک کرد کە بڕی (٣٠٩) ملیار دۆلار بوو بۆ (٩٠) ملیار دۆلار جێگیری کردو تورکیای گەیاندە ئاستی دەوڵەتە پیشەسازیە بەهێزەکان پلەی (١٦) شازدەهەمینی وەرگرت و لە ئاستی ئەوروپاشدا گەیاندی بە پلەی شەشهەمین، ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی بینی بۆ پێشخستنی کەرتی ئابوری تورکیا، جگە لە پۆستی حزبی باباجان لە پێنج کابینەی حکومەتی تورکیادا کە هەر لەسەردەمی ئەکپارتیدا بوە پۆستی وەزارەتی هەبووە، زیاتر لە(١٧) ساڵ لە پارتی دادوگەشەپێداندا کاری کردوەو دواجار لە ٨/٧/٢٠١٩دا بەتەواوی دەستبەرداری پارتی دادوگەشەپێدان بووە، لە ئێستاشدا ئەم کارئەکتەرە سیاسیە زیاتر لە (٤٠) ئەندام پەرلەمانی لە پارتی پێشووی دادوگەشەپێدانی لەگەڵدایەو پەرە بەکاری سیاسی دەدات لەچوارچێوەی پارتە نوێیەکەدا.

ئەردۆغان دەیەوێت چی بکات؟ 
دوای بە پاشداهاتنی ئەردۆغان لە جەنگی سوریاداو هەروەها بەردەوامی دوژمنکاری لەگەڵ کورددا بەتایبەت کە چەند مانگێکە هێزێکی زۆری هێناوەتە سنوری باشوری کوردستان و بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشێکی بەربڵاوی لە سنوری برادۆست وئامێدی، زاخۆو چەند جێگایەکی ترەوە دەست پێ کردوەو زیانێکی یەکجار گەورەوی بە گوندشینانی ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام پێدەچێت لەژێرباری خەرجی ئەم شەڕەشدا دەرنەچێت و لەمەشدا بە دڵنیاییەوە دۆڕاوە، وەک چۆن هاوپەیمانی ئەمریکاشی لەدەستداوەو لە ناوەندەکانی ئەوروپاشدا سزاکانیان بەسەریدا سەپاندوەو چەند قۆناغێکی تری سزاش ماوە کە زەحمەتە بەرگەی بگرێت و بارگرانی تری بۆ دروست دەبێت، ئاشکراشە ڕوسیاش دۆستی نییە تەنها چەند هێڵێکی بەرژەوەندی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، چاودێران پێیان وایە کە تورکیا بە کڕینی سەکۆی موشەکی ٤٠٠$ ماڵئاوایی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا کردوەو هەر ئەم وتەیەش لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی (دی ڤێڵت)ی ئەڵمانی کراوەتە مانشێت و تورکیای ئێستا لە سایەی هەڵەی بەردەوامی ئەردۆغان دۆخی خراپتر دەبێت.

کۆتایی دیموکراتیەت
لەسەردەستی ئەردۆغان و پارتەکەیدا بەپشتیوانی مەهەپەو دەوڵەت باخچەلی کە لەئێستادا وەک بزوێنەری ئەکەپە وایەو هەڵمەت و دژایەتیەکی کوردو بیری ئازادو دیموکراتیەتی ئەو وڵاتەیان دەست پێ کردوەو هەموو ڕق و توڕەیی خۆیان بەسەر پارتی hdpدا هەڵڕشتوەو سیاسەتی ئێستای ئەکەپە سیاسەتێکی ڕاستەوخۆی دژەکوردەو دەیانەوێت دەنگی ئازادی کوردو گەلانی تری نێو ئەم پارتە پارتی دیموکراتی گەلان تەواو سیخناخ بکەن و پێچەوانەی تەوژمی ئازادی و دیموکراتی هەنگاودەنێن. 

سیاسەتی سەپاندنی قەیوم
کاردانەوەی ئەردۆغان دوای شکستی پارتەکەی لەکۆتا هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە 23ی حوزەیرانی 2019 بەگشتی و ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو ئەزمیر بەتایبەتی چاوەڕوانکراو بوو چونکە ئەردۆغان لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا خۆی دەیوت دەنگ بەسەرۆک شارەوانیەکانی hdp مەدەن ئەگەر دەریشبچن لایان دەبەین و قەیوم لەجێگایان دادەنێین وەک ئەوەی کە ئێستا دەیکات، کە لەم دەڕۆژەدا دەستی بەم شاڵاوە کردووە ئەمەش دەرئەنجامی فەشەلی دبلوماسی ئەردۆغان لەسیاسەتی دەرەوەو بەدەمیەوە نەهاتنی ئەمریکیەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان لەپرۆژەی ناوچەی ئارامدا لەباکوری سوریاو لێدانی هێزەکانی تورکیا لەلایەن سوریاوە لە خان شێخون لەئێستادا وەک پەرچەکردارو ڕشتنی ڕقی ئیتنی خۆی و ئەکەپە بەزەبری هێزی سەربازی کەوتوەتە لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی ئامەدو مێردین و وان و گرتن ولادانی سەرۆک شارەوانیەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان کە بەدەنگی ڕەوای گەل هەڵبژاردنیان بردوەتەوە کە لەکاتێکدا سەرۆکی شارەوانی ئامەد عدنان سەلجوک ٥٦٪ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو بەڕێز ئەحمەد تورک لە مێردین ٪٥٦ی دەنگی بەدەست هێناوەو بەدیعە ئۆیزگوێکچەش ٥٤٪ی دەنگی شاری وانی بەدەست هێناوەو لەئێستادا بەپێی یاسای سەپێنراوی ژمارە 127و مادەی 47ی تایبەت بە شارەوانیەکان و بەتۆمەتی پەیوەندیان بە تیرۆرەوە دووردەخرێنەوەو والی شارەکان وەک قیوم لەجێگایان دادەنرێت کەئەمەش پێچەوانەی ڕەوتی دیموکراتیەت و ژیانی گەلانی ئازادەو لە نێوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکانیشدا ناڕەزایی و نیگەرانی تەواوی دروستکردووە.

* بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ بۆهەڵبژاردن و ڕاپرسی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن