سیستمی لامەرکەزی و تواناسازی: پتەوکردنی ژێرخانی کۆمەڵگە
7/9/2019 5:15:00 PM
لاوک ئەحمەد
گەڕانەوە بۆ نووسین لەسەر ئەم بابەتە بۆ دۆزینەوەی بەهای نوێ و بۆ ئاشنابوونی زیاتری ئەزموونەکانی ئەم بوارەن و بۆ بەراوردکردنی ئەم چەمکەیە لەگەڵ تێگەیشتنە لۆکەڵییەکان کە دەخوازێت چەمکەکە بە توولەرێیەکی تاریکدا ببات یان بۆ تێگەیشتنێک بۆ مەرامێکی سیاسی تایبەت، هەر بۆیە پێویست دەکات، جار جار، بگەرێینەوە سەر مەسەلەی لامەرکەزی و رۆشنای نوێ بخەینە سەرلایەنێک لە لایەنە گرنگەکانی. ئەم جارە باسی پەیوەندی نێوان لامەرکەزیەت و تواناسازی دەکەین کە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەر حکومڕانییەکی پیشەیین. بێگومان ئەم پرۆژیە، نە لە رۆژانی جەنگ و نە لە دۆخی نەبوونی مووچە، و لە هەموویان گرنگتر، نە لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی نایەتە دی، ئەگەر زەمینەی بۆ نەرەخسێت تا ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئیدارەدانی هەرێم.
بەهەرحاڵ، هیوادارم ئەم بیرۆکەیە ببێتە سەرەتای گەشەسەندنی ئەم چەمکە. راستە، کاری لەسەر کراوە بەڵام پەرش و بڵاو بووە و بێ خاوەن بووە و مەودای کارکردنی کورت بووە و لە زۆر جاردا هیچ جۆرە هەماهەنگییەکی بەردەوام و رێک وپێک بۆ هێنانەدی یەک پرۆگرام لە ئارادا نەبووە، بۆ نموونە چەندان رێکخراوی بیانی کاریان لەم بوارەدا کردووە بەڵام هەریەکەیان لە دۆڵی خۆیان و سەربەخۆیانە کاریان کردووە. هەر بۆیە کارکردن بۆ پتەوکردنی ئەم بوارە، هەم ئەو حکومڕانییە کە خەوەی پێوە دەبینین، هەم ئەو چاکسازییە کە کە داخوازییەکی هەنووکەییە، هەم فۆرمێکە لە لامەرکەزیەتێکی خۆماڵی، هەم سەرەتایی پتەوکردنی ژێرخانی کۆمەڵگەیە کە وردە وردە کار لەسەر بەستنەوەی جومگەکانی کۆمەڵگە وحکومەت وەی یەک یەکە دەکات.
بەداخەوە، زۆر گوێمان لە دوو ئیدارەیی دەبێت، لە بری هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کارەساتە سیاسییەکان لە ناوخۆدا، هانا بۆ هێزەکانی دەرەوەی کۆمەڵگە دەبەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەمان بۆ رێکبخەنەوە، لەراستیدا ئەمە هیچی کەمتر نییە لە هەموو ئەو کارەساتە سیاسیانەی کە روویانداوە و رەنگە زۆر مەترسیدارتر بێت بەوەی کە کۆمەڵگە بە تەواوی بترازێنێت و بچووکت بکاتەوە بۆ سێ پارێزگا و هیچ ناوچەیەک بە ناوی هەرێم نەمێنێت. بەداخەوە، ئەم داواکارییە لە کرۆکدا بەرجەستەکردنی نەگەیشتنە بە چارەسەری سیاسی لە ناوخۆدا، هەروەها نەگەیشتنە بە فۆرمێک لە پەرەسەندی سیاسی. ئەگەر پێداگری لەسەر بکرێت بە تەواوی هەموو سەرچاوە دارایی و ئەو دەستەڵاتە لاواز و پەرش وبڵاوەی کە ئێستا هەیە دەپووکێتەوە و نامێنێت. ئیدارەدانی ئەم هەرێمە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە، بە یەک لایەن ناکرێت و ئەم چەمکە نابێت لە رەهەندە مەدەنی و پیشەییەکەی بەتاڵ بکرێتەوە و بۆ ململانێی سیاسی بەکار بهێنرێت. با لەیادمان بێت بەغدا هەمیشە لەبەردەم گۆرانکاری خێرادایە و مەرج نییە ئەو فۆرمی حکومڕانییەی کە ئێستا باوە تا سەر بێت. لە هەر ساتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەست بکات دۆخەکە دژی بەرژەوەندی ئەوە و لە کۆنترۆڵ دەردەچێت، وەک ئەوەی لە میسر روویدا، هەرچەندە دۆخی هەردوو وڵاتەکە جیاوازە، ناچار دەبێت چارەسەری دیکە بدۆزێتەوە بە رەچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان. دواجار خەتاکە دەکەوێتە ملی هەموو لایەک.
لە ئاڵەنگارییە هەرە سەرەکییەکانی مەسەلەی لامەرکەزی رێکخستنەوەی یاسایی و ئابووریی و ئیداریی و سیاسیی پەیوەندییەکانە لە نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەک و لە نێوان هەولێر و سلێمانی لەلایەکی دیکەوە، بە هەردوو باردا ئەم پەیوەندییە رووبەرووی دەستەڵاتی پارتی سیاسی و دەستەڵاتی ناوچەیی و پارسەنگی هێز لە ناوچەکان دەبێتەوە، هەروەها رووبەرووی بەرژوەندی تاکە کەسی دەبێتەوە بۆ بەکارهێنان و بە لۆکاڵیکردنی سیستمەکە، واتە مەسەلەکە هەر ئەوەندە نییە کە سیستمێک بە فیکرێکی رۆژئاوایی بێنیت و لە ژینگەیەکی رۆژهەڵاتیدا هەوڵی چاندنی بدەیت بەڵکو دەبێت تێگەیشتنێکی جەمعی و بەرژوەندییەکی جەمعی کۆمەڵگە لە پیادەکردنی سیستمەکە لە ئارادا بێت. پێشتر لە چەندان بۆنەدا وتومانە کە ئەم زاراوەیە و سیستمە لە لایەن رێکخراوە بیانییەکانەوە کاری لەسەر کراوە و بەداخەوە نەکراوەتە بەرنامە و پرسێکی نیشتمانی.
بۆ مەسەلەی پیادەکردنی تواناسازی و توندکردنی کاری هاوبەش لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ چالاک کردنی رۆڵی حکومەت لە رێگەی دەستەی چاکسازییەوە تا رادەیەک هەلومەرجێکی گونجاو هەیە کاری لەسەر بکرێت و لە بەرژوەندی هەموو لایەکدایە بە مەرجێ ئیرادەی سیاسی لەم پێناوەدا باج بدات.
بە کورتی، بەرجەستەکردنی تواناسازی و پتەوکردنی هەیکەلی حکومەت هەمیشە دەبێت لە کارە ئەولەویەتەکانی ئەم حکومەتە و هەموو حکومەتەکانی دیکەی هەرێم بێت، وڵاتێک بە چەندان جەنگدا تێپەر بووبێت چۆن پێویستی بە دونیایەک کەرەستەی بیناکردنەوە هەیە بەو جۆرە و بە ئەندازەیەکی فراوانتر پێویستی بە خوڵقاندنی هۆشمەندی و کارامەیی پیشەیی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کارمەندەکانی هەیە. هەر بۆیە یەکێک لە کۆڵەکەکانی هێنانەکایەی لامەرکەزی تواناسازییە کە یارمەتی رێکخستنەوەی پەیوەندی سیاسی و ئیداری ناوچەکان دەدات، دەکرێت ئەم پرۆژەیە ببێتە کرۆکی کاری دەستەی چاکسازی لە رێگەی هێنانەکایەی دیدێکی هاوبەشی فەرمی کە دواجار لە مەودایەکی دووردا گوزارشت لە شوناسی هەرێم بکات.
مەبەستمان لە تواناسازی زیادکردنی کاریگەری دامەزراوەکانە لە رووی دارایی و خزمەتگوزاری و کارامەیی کە یارمەتی پیادەکردنی ئامانجێکی ستراتیژی دەدات واتە بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی پرۆگرام و پتەوکردنی کاروباری رێکخراوەییە. ئەمە پرۆسەیەک نییە یەک جار ئەنجام بدرێت و تەواو بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە. کارێکی دەستبەجێی دەستەی چاکسازی ئەوەیە کە میکانیزمێک بێنێتەکایەوە بۆ پێداجوونەوەیەکی ریشەی بەو بوارانەی کە پێویستیان بە بایەخدانی زیاتر هەیە، بۆ نموونە ئەگەر بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بگرین دەبێت دەستنیشانی بکەین کامیان گرنگترە؟ پاشان چ بەشێکی تری گرنگترە؟ بودجە چەند دەخوازێت؟ لە ماوەی چەندا ئەو کارە دەکرێت؟
دیارە لامەرکەزییەت یارمەتی هێنانەکایەی گۆرانکاری لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەدات هەر وەک ئەوەی لە وڵاتەکانی دیکە ئەنجامدراوە، ئەمە بەشێکە لە چەمک و پرۆسەی نوێی حکومڕانی. وەک بەشێک لە پرۆژەی لامەرکەزییەت، بەرنامەی تواناسازی دەبێت بەشێک بێت لە پێداچوونەوەیەکی سەرانسەری دەستە. ئەگەر حکومەتێکی “رەشید” و ‘تەرشیق” مان دەوێت ئەوا دەبێت کار لەسەر بچووکردنەوەی هەیکەلی حکومەت بکەین، بەڵام دەبێت پتەوکردن و کاریگەرکردنی ئامانجە ستراتیژیەکەی باشترکردنی ئاستی ئادای وەزارەتەکان لە خۆ بگرێت بە پیادەکردنی پرۆگرامێکی نیشتمانی تواناسازی و بە هەماهەنگی رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانی وەک بانگی نێودەوڵەتی بە مەرجێ پێشوەخت پرۆگرامێکی ئامادەکراوت بۆ نەهێنن کە ئەنجامی نەبێت و حکومەت بەشدار و هاوبەشی کاریگەر نەبێت و بێتە سەر حازری.
وەک بەشێک لە کاری تواناسازی، دەستەی چاکسازی بەرپرسیارە لە دارشتنی دیدێکی ستراتیژی بۆ پێداچوونەوە، وەزارەتی پەروردە، وەک نموونە وەربگرە، پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەزموونی کار و بەستنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەئادا و کاری و راهێنانەوە وەک یەک پاکێچ کاری بۆ بکرێت، یاخود کار لەسەر هەندێ تەوەرەی دیاریکراو بکرێت کە بۆ هەموو وەزارەتەکان بشێت وەک مەرجەکانی بەرزکردنەوەی ئادای کارکردن و پتەوکردنی ژینگەی یاسایی و ئیداری و رێکارەکان و هێنانەکایەی سیستمێک بۆ دامەزراندنی سەرمایەی مرۆیی و دارایی گونجاو کە وردە وردە گۆرانکاری چەندایەتی دەهێنێتە کایەوە. دواجار ئەم هەنگاوانە پێکەوە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر دەکەن.
بێگومان رێگایەکی دوورو درێژ و خەونێکی دوورە، بەڵام کاری نەکردە نییە، گرنگە لەسەر راستە رێگە بین.