896وتار

سۆشیال میدیا و کۆمەڵگە لە ململانێی سیاسیدا

5/14/2019 9:20:00 AM
لاوک ئەحمەد

رووداوەکانی ئەم دواییەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەتی فەیسبووک، وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی سیاسی و پرۆگرامێکی سیاسی-ئابووری دیاریکراو لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکارهاتووە لەلایەن کۆمەڵە گەنجێکەوە کە سەر بە گروپێکی سیاسی دیاریکراون، زیاد لە عیبرەت و ئەزموونێکی تاڵمان پێدەڵێت سەبارەت بە مۆنۆپۆڵکردن و پێشێلکردن و شێوازی بەکارهێنانی ئەو ئامرازە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بەداخەوە تا ئێستا هیچ رێگرێکی یاسایی و رێنمایی پیشەیی نییە بۆ راگرتنی ئەو جۆرە هەڵمەتە سیاسیە قێزەونانەی کە لە رێگای ئەم ئامرازەوە ئەنجام دەدرێن. 

هەربۆیە، هەر جۆرە پێشێلکردنێکی ئەخلاقی لە هەر کەسێکەوە بێت و لە هەر پلە و پایەیەکدا بێت دەبێت یاساییانە راگیرێت لە سەر بنەمای دەلیل و بەڵگەی یاسایی و بابەتی و بە پابەند بوون بە پاراستی مافەکانی کەسەکان و تایبەتمەندێتی ژیانیان. راستییەکی شاراوە نییە کە لە هیچ سەردەم و کاتێکدا نەبووە کۆمەڵگە بە بێ پاداشت و سزای دادپەروەرانە ئیدارە درابێت، ئەگەر وا نەکەیت، بەرەڵایی دەبێتە سیما و خەسڵەتی سەرەکی ئەو کۆمەڵگەیە.

سۆشیال میدیا تەنیا ئامرازێکی تەکنەلۆجیا نییە و بەس بەڵکو ئامرازێکی سۆسیۆ- تەکنیکییە کە رەنگدانەوەی شێوازێکی دیاریکراو لە کەلتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی تەنانەت زمانەوانییە و دەبێتە ریسک و هەرەشە بۆ سەر نەوەکان و کۆمەڵگە. بەداخەوە، ئەم کردەیەی کە روویدا جۆرێکی دیکە لە هەڵتەکاندنی کۆمەڵگە دەردەخات. دیسانەوە، دەڵێم بەداخەوە، تا دێت ئەم ئامرازە لە بری ئەوەی پێکهاتە و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە یەک نزیک بخاتەوە، زیاتر کۆمەڵگە هەلا هەلا دەکات و پێمان دەڵێت کەلتوور و مێنتاڵەتیە غەریزەییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هێشتا باڵا دەست و زاڵن. 

ئەوەی روویدا، بێ چوونە ناو وردەکاریە قێزەوەنەکانەوە ناچارمان دەکات سەرلەنوێ بە دوای ناونیشان و ناسنامە و چەمکی نوێ بۆ بوونی سۆشیال میدیا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بگەرێین. کێ دەبێت ئەم کارە بکات، ئایا پەرلەمان کە دەبێت هەندێ یاسا بۆ شێوازی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا دەربکات بە مەرجێ بە وردی رەچاوی یاساکانی مافی مرۆڤ بکات یان حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و نوخبەکانی کۆمەڵگە کە دەبێت کار لەسەر زیادکردنی ئاستی هۆشمەندی کۆمەڵگە بکەن، یان وەزارەتی پەروەردە کار لەسەر گرنگی بەها و مۆراڵی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بکات لە پاڵ هەموو بابەتە پەروردەییەکانی دیکە. 

پێشتر ئەو راستییەمان دووپاتکردۆتەوە کە هەموو ململانێکان و جەنگەکان لە میدیاکانەوە دەستپێدەکەن، بەمانایەکی دیکە شەڕەکان بە میدیا دەکەن، میدیا دەکەنە ئەو گۆرەپانە وەهمی و راستەقینەیە، بۆ بەرپاکردنی جەنگەکان چەندان ناسنامەی درۆ بەکاردێن. ئەوەی کە ئێستا تەشەنەی کردووە ئەوەیە کە لە پشت سۆشیال میدیایەوە، کە خۆی دەبێت ئامرازێکی شەفاف بێت، دونیایەکی جاڵجاڵۆکە هەیە رق و کینە و تاوان بڵاو دەکاتەوە. ئەوەی لە ئێستادا روودەدات بە کەسایەتیکردنی هەموو ئامرازەکانی سۆشیال میدیا و بە کەسایەتیکردنی سیاسەتە، لە بری ئەوەی کار لەسەر پەرەسەندنی سیاسی کۆمەڵگە بکرێت کە ئەوە ئەرکی سەرەکی هەر پارتێکی سیاسییە، ئاستێکی سیاسی دیاریکراو بەکار دەهێنرێت و بەرهەم دەهێنرێتەوە کە جەنگ بۆ زیاتر لە ٦٠ ساڵ لەم وڵاتەدا هێناویەتیە بەرهەم. 

ئەوەی روویدا، رووبەرووی چەندان بەرپرسیاریەتی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریمان دەکاتەوە، نموونەیەکی ئاشکرا و زەقی شێوازی ئیدارەدانی رەفتاری سیاسیی و یاسایی و دەوڵەتیی و حکومڕانییە، زۆر بە ئاسانی و بە راستەرێیەکدا دەدهێنێتەوە سەر  پرس و گرێی بە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگە، هەروەها سەرتاپا ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خێزانەکان و کەسەکان دەخاتە بەردەم هەرەشەی ترسناکەوە.

لە کۆتاییدا دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئیهانەکردن و سووکایەتیکردن دارێژرێت، ئیتر لە هەر کەسێکەوە بێت و لە هەر پێگەیەکدا بێت،  ئەمەش بە بەرجەستەکردنی سەروەری یاسا و بە هەند وەرگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ و لە پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دوور لە ململانێی سیاسی. 

دەبێت رێ لە رووتکردنەوەی کۆمەڵگە لە بەها سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی بگیرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن