لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕانخوازی دا!
12/7/2021 8:27:00 PM
هەڤاڵ کوێستانی
بزووتنەوەی گۆڕانخوازی، بەدەر لە ھەر حیزب و رێکخراوێک، وەک پرۆژە، نەک وەک حیزب، بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەردەوامە لەپێناوی بەدیھێنانی ئامانجەکانیدا، کە کۆتایی ھێنانە بە حوکمی گەندەڵ، نادادپەروەر، ناخزمەتگوزار و ناشەفاف و بنەماڵەیی و جێگرتنەوەیەتی بە حوکمێکی مەدەنی کە بتوانێ :
خزمەتگوزاری و دادپەروەی و ئازادی و ئاسایش بۆ ھەمووان فەراھام کات و کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەیەکی دابەشبووەوە بکاتە گۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی ھاڕمۆنی و ھاوچەرخ و شارستانی.
ئەم بزووتنەوەیە کە بزووتنەوەی کۆمەڵانی خەڵکە، مڵکی ھیچ حیزب و رێکخراوێک نیە، رەنگە بەقۆناخی ھەڵکشان و داکشاندا بڕوا و رەنگە ئەو حزبەش کە لەقۆناخێکدا رابەرایەتی کردووە توشی شکست و گلان ببێت، بەڵام خودی بزووتنەوەکە کە دەربڕی نارەزایەتیەکانی خەڵکە ،بەھەنگاوی ورد بێ یان درشت، تا کۆتایی و تا بەدیھێنانی ھەموو ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت و بۆ ھەر قۆناخێکیشی شێواز و ئامرازی تایبەت بەو قۆناخە بەرھەم دەھێنێ.