یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە قازانجی خەڵکدایە
12/26/2019 3:47:00 PM
هەڤاڵ کوێستانی
لەساڵی ٢٠١٣ کە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەموار دەکرایەوە، ئێمە وەک فراکسێۆنی گۆڕان، تاکە فراکسیۆن بووین کە داوای فرەبازنەییمان دەکرد. لەوەشدا کاک نەوشیروان پاڵپشتمان بوو. ئێمە دەمانویست ژمارەی بازنەکان بەقەد ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان بێت،واتا لەھەر بازنەیەک، یەک کاندید، کە دەنگی زیاتر لە رکابەرەکانی بەدەستدێنێ، ببێتە پەرلەمانتار.
ئێمە پێمان وابوو ئەوسستمە کە ھاوشێوەی سستمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیە، ئەم باشیانەی ھەیە: دادپەروەریی زیاتری تێدایە. ھەر تاکێکی کۆمەڵگە، بەگوێرەی مەرجەکانی خۆپاڵاوتن، دەرفەتی خۆکاندیدکردن و تەنانەت دەرفەتی دەرچوونیشی ھەیە.
ھەر بازنەیەک نوێنەری خۆی لەپەرلەمان دەبێت. پەرلەمانتار لەبەردەم خەڵکی بازنەکەی خۆیدا زیاتر بەرپرس دەبێ تابەردەم حیزبەکەی، پەیوەندی خەڵک و پەرلەمانتاریش بەھێزتر دەبێ.
دەنگ بە تاک دەدرێ نەک بەلیست..بەمەش ھەر کەسێ نەتوانێ متمانەی خەڵک بەدەستبێنێ، بەدەنگی لیست دەرناچێ..ھەربۆیەش متمانەی خەڵک نەک بەتەنھا پاڵپشتی حیزب یەکلاکەرەوە دەبێت. ئەمەش وادەکات حیزبەکانیش بە دوای خەڵکی بەتوانا و لێوەشاوەدا بگەڕێن نەک ھەرکەسێک خۆیان بیانەوێ دەریچوێنن.
رۆڵی تاک کاریگەریی زیاتر دەبێ و رۆڵی حیزب کەمتر دەبێتەوە. ئەگەر جاران دەنگدەر ھیچ کەسێکی ناو لیستەکەشی بەدڵ نەبووایە ، دەنگی بەلیستەکە دەدا بەڵام ئێستا دەنگ بەو کاندیدە دەدا کە جێی متمانەی خۆیەتی.
ھانی زیاتری خەڵک دەدا، بەشداری لەپرۆسەی دەنگداندا بکات. پەرلەمانێکی کاراترو چالاکتر و بەتواناتریش بەرھەمدێنێ.
ئەوەش کەزۆرگرنگە، ھەرلە دوای تەواوبوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن، لە ھەمان رۆژ و لەھەمان وێستگەدا، ئەنجامەکان رادەگەیەنرێن. ئەوەی زۆرترین دەنگی بازنەکەی ھێناوە دەبێتەبراوە و دەنگی نەبراوەکانیش ناچێت بۆ کەسیتر لەشوێنیتر.
بۆیە دەکرێ ھەموار کردنەوەی یاساکە بەم شێوەیەی ئێستای زیاتر لەقازانجی خەڵکدایە تا یاسا کۆنەکە.