عەرشی دۆلار لەبەردەم قەیراندا
8/27/2026 1:01:00 PM
توانا ئەحمەد
40 ترلیۆن دۆلار قەرز ژمارەیەکی مەترسیدار
بەگوێرەی داتا رەسمیەکان قەرزی ئەمریکا ٤٠ ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، بۆ هەر وڵاتکی تری سەرگۆی زەوی، ئەو ژمارەیە گوزارشتە لە کارەسات و مایەپوچی دارایی. چونکە بڕی ئەو قەرزە لەسادەترین دەربڕیندا یەکسانە بە کۆی ئابووری وڵاتانی (چین، یابان، ئەڵمانیا، هیند و بەریتانیا) بە یەکەوە. هەروا لە ئاستی ناوخۆ یەکسانە بەسەرتاپای خانوەکانی ئەو وڵاتە کە بە ٩٠ ملیۆن مەزرندە ئەکرێن، بەو پێیە هەر هاوڵاتیەکی ئەمریکی زیاتر لە ١١٧هەزار دۆلار قەرزدارە، بە کورتی 40 ترلیۆن دۆلار قەرز ژمارەیەکە شەری لەگەڵ ناکرێ و گوزارشتە لە قەیرانێکی فرە رەهەند و مەترسیدار.
وەک داتاکان باسی لێوە ئەکەن ئەو قەرزە بۆ هەر سانیەیەک ٤ ملیۆن و 800 هەزار دۆلار و هەر سەعاتێک 285 ملیۆن دۆلار و رۆژانە 6 ملیارو 800 ملیۆن دۆلاری ئەچێتە سەر، شەڕو ناکۆکیە سیاسیەکان، قەیرانەکان ، کۆرۆنا و خەرجی حکومی هۆکاری ئەو هەڵکشانە بێ وێنەیەن.
سەرەڕای ئەو هۆکارانە خاڵێکی تر هەیە کە کەمتر جەختی لێکراوەتەوە ئەویش گۆڕانکاری شێوازی ژیانی هاوڵاتیانی ئەمریکایە، کە حکومەت ناچارە پارەی پێویستیان بۆ تەرخان بکات، بۆ نموونە رۆژانە 10 هەزار کەس لە ئەمریکا خانەنشین ئەبن و پێویستیان بە چاودێری حکومەتە. ساڵانە نزیکەی 1 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار لە پرۆگرامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی گشتی خەرج ئەکات.
لەوەش بترازێ قەبارەی قەرز بەتەنیا ئاماژە نییە بۆ خراپی دۆخی ئابووری هەر وڵاتێک، بەڵکو دۆخی ئەو وڵاتەی قەرزی کەوتۆتە سەرشان خاڵی یەکلاکەرەوەیە، پێش هەموو شتێک قەرزی راستەقینەی ئەمریکا 40 ترلیۆن دۆلار نییە بەڵکو 32 ترلیۆنە. ئەوەی تری قەرزی صندوقەکانی دڵنیایی و صندوقەکانی گەرەنتی حکومەت و پابەندی ناوخۆییە، وەک داتاکان یەکلای ئەکەنەوە ئەو 32 ترلیۆن دۆلارە یەکسانە بە قەبارەی ئابوری ئەمریکا، کەواتە مەترسی گەورە لەو رێژەیە نییە بەڵکو لە خێرایەی گەشەکردنیەتی. بۆ نموونە بەتەنیا ساڵی 2021 رێژەی 31.5% چۆتە سەر.
پرسی دووەم کە گرنگە بیزانین قەبارەی کورتهێنانی ساڵانەیە، بە بەراورد بە قەبارەی ئابووری ئەو وڵاتە. کورتهێنان جیاوازی نێوان داهات و خەرجیە کە بڕەکەی ئەچێتە سەر قەرز،
ئێستا کورتهێنان لە بودجەی ئەمریکا لە لوتکەدایەو ساڵانە 2 ترلیۆن 100 ملیار دۆلارە لە 2026 ئەو رێژەیە یەکسانە بە 5.8% قەبارەی ئابوری ئەمریکا کە رێژەی ئاسایی بە 3% دیاریکراوە. واتا قەرز بەشێوەیەکی شێتانە گەشە ئەکات و کورتهێنان دوو ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراوە، بۆیە بۆ هەر وڵاتێکی تر زەبری ئەو ژمارەیە قابیلی بەرگە گرتن نییە، بەڵام ئەمریکا هەڵگری هێزی دۆلارە. کە بە پارەی هەموو جیهان ئەژمار ئەکرێ و وائەکات هێزی ئەوەی گەبێ بەرگە بگرێ و تەنانەت ئاستەکەشی بێنێتە خوار .
کەواتە ئەمریکا لەبەردەم زەبری قەرزەکەدا نییە بەقەد ئەوەی خزمەتگوزاری قەرزەکە بۆتە مۆتەکەی بودجەی ئەو وڵاتە کە لەماوەی یەک ساڵدا گەیشتۆتە زیاتر لە 900 ملیار و 14% لەچاو ساڵی پێشتر گەشەی کردوە چاوەرێش ئەکرێ بچێتە ١ ترلیۆن ١ ملیار دۆلار بۆ 2026 کە لە میزانیەی بەرگری ئەمریکا زیاترە.
قەرز لە ئەمریکا وەکو خوێنێک لەگەڵ دروستبوونی چۆتە جەستەی ئەو وڵاتەوە، بەجۆرێک یەکەم وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بەخێرو خاڵی بەهێز تەفسیری ئەکات کە ئاماژەیە بۆ متمانەی وڵاتانی تر نەک قەیرانی ئابووری، لە هەموو مێژووی ئەمریکا تەنیا لەسەردەستی ئەندرۆ جاکسۆن سەرۆکی ئەمریکا کە بە دوژمنی سەرسەختی قەرز ناسرابوو لە ساڵی 1835 قەرزی ئەمریکا سفر کراوەتەوە و دواتر وەکو پەتا یان نیعمەتێک سەری هەڵداوەتەوە، تەنانەت لەکۆتای جەنگی جیهانی دووەم رێژەکەی گەیشتە 106% قەبارەی ئابووری ئەمریکا، بەڵام گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە بەجۆرێک هێزو توانای تیادا سەوز بووەوە لەسەرەتای حەفتاکان ئەو رێژەیە بۆ 39% قەبارەی ئابووری هاتەخوار.
وەک داتاکان یەکلای ئەکەنەوە سەردەمی سەرۆک ریگان سەردەمی بازدانی هەرە گەورەی قەرزە لە 909 ملیار دۆلار بۆ 3 ترلیۆن و 200 ملیار بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی داگرتنی باج و زیادکردنی بودجەی سەربازی، دواتر رۆڵی گەشەی تەکنەلۆژیاو کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت هۆکاری هاتنە خوارەوەی بڕی قەرز بوون، سەردەمی سەرۆک ترەمپ بە سەرکەوتنی شێتانەی قەرز وەسف ئەکرێ چونکە خەرجی حکومی چۆتە ئاستێکی بێ وێنە.
ئێستا ئابووری ئەمریکا لەبەردەم دوو ئەگەری یەکلاکەرەوەدایە، گەشەی ئابووری و زیرەکی دەستکرد کاریگەری ئەو قەرزە هەڵمژن و ئەمریکا بخەنەوە سەر رێگای راستەقینەی خۆی، یان سیناریۆی ملیاردێری ئەمریکی رای دالیۆ بیتەدی کە نزیک بوونەوەیە کە کۆتایی ئیمۆراتۆریەتی ئەمریکا.