کێشەى نەوت بە لیژنەو وەفد چارەسەر نابێت
6/28/2019 2:47:00 PM
وريا حسين
ئومێدێکى گەورە نییە کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەى پرسى نەوتەوە چارەسەر ببن، ئەگەر هەرێمى کوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى خۆشى ڕادەست بکات، چونکە لەڕاستیدا کێشەى سەرەکى لەم پرسەدا ئەوە نییە، بەڵکو شایستەو مەرجى کۆمپانیاکانە لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان.
وەکو ڕۆژنامەنووسێکى ئابوورى، وەکو بەرپرسى ڕێکخراوێکى تایبەتمەند بە بوارى نەوت، ئومێدم بەوە نییە کە بەهاتنى لیژنە و بە ڕۆشتنى وەفد دۆخەکان چارەسەربن، ئەگەر هەرێم و عێراق چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ پرسى نەوت و هەناردەکردنى نەدۆزنەوە.
ئێستا عێراق، لەئاستى یاسایى و دیبلۆماسى تەنانەت لەئاستى لۆجستى بەچاککردنەوەى بۆرى نەوتى کەرکوک - جیهان گەمارۆى نەوتى هەرێمى کوردستانى داوە، ئەگەرى بەهێز ئەوەیە تاکۆتایى ئەمساڵ و سەرەتاى ساڵى داهاتوو ئەو قوفڵە بگرێنەوە کە دە ساڵ لەمەوبەر خۆى کردییەوەو ڕێگەیدا نەوتى هەرێم ئاڕاستەى بازاڕەکانى جیهان بکرێ، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر جیاوازە.
کێشەى سەرەکى هەرێمى کوردستان لە ڕادەستنەکردنى نەوتى خۆى یەک شتە عێراق ئەمە باش دەزانێت، کێشەى “شایستەى کۆمپانیاکانە کە لەگرێبەستەکان بەفەرمى و یاسایى جێگیرکراوە”، واتە زۆرینەى گرێبەستەکانى حکومەتى هەرێم تائاستى پێچەوانەکردنەوەى گرێبەستەکان بەسودى کۆمپانیاکان کاریان لەسەرکراوە.
بۆنموونە گرێبەستى کۆمپانیاى ڕوسنەفى ڕوسى، بەڕێژەى٨٠%ى بۆ سودى کۆمپانیاکە و ٢٠% بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان پێچەوانە بووەتەوە، واتە لەبارى سروشتیدا دەبێت حکومەت ٨٠% بەرکەوێت ١٦% بۆ سودى کۆمپانیاکە دەبێت ٤%ى قازانج بۆ سودە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت، بەڵام ئێستا گرێبەستەکان پێچەوانەن.
ئەم دۆخە لەزۆرینەى گرێبەستەکان ڕوویداوە، واتە کێڵگە نەوتیەکانى هەرێم بەناڕاستەوخۆ فرۆشراون، ئەمە ناوەڕۆکى کێشەى عێراقە چونکە عێراق نایەوێت بچێتە ژێر بارى ئەم شایستە قورسانەوە ئەو تەنیا ٢٥٠ هەزار بەرمیلەکەى خۆى دەوێت.
بەڕاى من لە بنەڕەتدا پلانى وەزیرى سامانە سروشتیەکان و سەرۆکى حکومەتیش هەر ئەمە بووە، بۆ ئەوەبوو کە جارێکى تر نەوت لەژێر هەیمەنەى کۆمپانیاکان بێت تاوەکو عێراق چاوى نەچێتە سەر کێڵگەکان.
چارەسەر چیە؟
نەدانوستان، نە لیژنە و لیژنەکارى چارەسەرى ئەم دۆخە ناکەن، بیشیکەن تەنیا موسەکینێکى کاتییەو لەبنەڕەتدا کێشەکە چارەسەر نەکراوە، چارەسەرى سەرەتاو کۆتایى ئەوەیە (یاساى نەوت و غازى سروشتى لە عێراق دەربچێت) لامەرکەزیەت لە بابەتى هەناردەکردنى نەوت بدات بەهەرێمى کوردستان کە ئەمەش دۆخە قورسەکەیە عێراق نایەوێت بچێتە ژێر بارى وەها دۆسیەیەکى ئاڵۆزەوە.
ئەگەر یاساکە بەو شێوازە دەربچێت ئەوا عێراق هەم لە سەرئێشەی هەرێم ڕزگارى دەبێت، هەم هەرێم و وڵاتانیش بەئاهێکى خۆشەوە نەوتى هەرێم قبوڵ دەکەن و ترسیان نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دۆخەکە بۆ عێراق و هەرێم گێمێکى دیکەى ململانێ دەبێت بۆ ساڵى ٢٠٢٠ هەرێم دەکەوێتە ناو گێمێکى دیکەى قورسى داراییەوە، چونکە دادگاى فیدراڵى چاوەڕوانى فەرمانى سەرکوەزیرانن تاوەکو نەوتى هەرێم بگرێتەوە، ئەوەش واتاى ئەوە نەوتى هەرێم بەتەواوى قاچاخ دەبێت لەبازاڕى نێودەوڵەتى دەبێت بەتەنکەر بفرۆشرێت و هاوشێوەى نەوتى داعش و گروپەکانى دیکە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
بۆیە بەڕاى من هەموومان دەبێت پشتگیرى ئەو پلانە بین تاوەکو حکومەتى هەرێم و عێراق دەخاتە سەر ئەو ڕێچکەیەی کە یاساى نەوت و غاز بەو شێوازەى باسم کرد بکرێت، بەپێچەوانەوە هەردووکمان واتە عێراق و هەرێم دەدۆڕێن.