هۆكاری سكانداڵه‌كه ئاشتی هه‌ورامییە یان عه‌قده‌كان؟
8/29/2019 8:57:00 PM
وريا حسين
ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌موو كاتێك ئه‌و ته‌ڵه‌و مه‌رجانه ئاشكرا ده‌بن کە له گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمدا جێگیركراون، له‌گه‌ڵ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی ناباوی به‌رپرساندا به هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ته‌قنەوە. زیاتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی له‌كه‌یسی دانەغازو دانستی پترلیه‌م ده‌ركه‌وت، سه‌ری ئه‌و گه‌نده‌ڵی‌و فه‌وزا گه‌وره‌یه كه به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان توشی هاتوون‌و دروستیان كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی سودی تایبه‌تی له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه، “ڕێوی سپی” ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری پێشووى سامانه سروشتییه‌كان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا پێش ساڵی ٢٠٠٧، ئه‌و گرێبه‌سته لۆكاڵییانه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وتدا كردوونی زۆر سه‌ره‌تایی بووه‌و هیچ مه‌رجێكی گرێبه‌ستی نه‌وتی نه‌یگرتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام دوای ساڵی ٢٠٠٧ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه به‌ستانداری جیهانیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌كان كردووه. به‌ڵام به‌شێكی زۆر له‌عه‌قده ستراتیژییه‌كان بێ پاشكۆ نین!، كه ده‌یان مه‌رج له پاشكۆیانه‌دا نوسراون دوورن له‌كاری ده‌وڵه‌تی‌و نزیكن له كاری حزبیی‌و تاكه‌كه كه‌سی.
بۆیه ئه‌مڕۆ ئێمه وه‌كو گه‌ل‌و حكومه‌تێك كا تازه ده‌ست‌و په‌نجه‌مان له‌گه‌ڵ پیشه‌سازیی نه‌وت نه‌رم كردووه، له‌به‌رده‌م مه‌ترسی جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌داین.
گرفته‌كه له كوێدایه؟
چ له كه‌یسه‌كه‌ی دانەغازو چ له كه‌یسه‌كه‌ی دانستی پترلیه‌م، گرێبه‌سته‌كان گرفتیان تێدا نییه، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی گرێبه‌سته‌كان تاكلایه‌نه‌و به‌هۆی ته‌ماحكاریی‌و لادان له‌گرێبه‌سته‌كان به‌شێوه‌ی تاكلایه‌نه له‌لایه‌ن ئاشتی هه‌ورامییەوە، كێشه‌یان بۆ دروستكراوه‌و ئه‌و دوو سكانداڵه گه‌وره‌یه‌ی لێكه‌وته‌وه.
چونكه كاتی خۆی به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له كه‌یسی دانەغازدا ویستی ته‌نگ به كۆمپانیاكه هه‌ڵچنێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ڕووبه‌ڕوی ده‌یان گێچه‌ڵی كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی واز له گرێبه‌سته‌كه‌ی بهێنێ‌و شوێنه‌كه بۆ گەنه‌ل ئینێرجی چۆڵ بكات. به‌ڵام دواجار كۆمپانیاكه ئه‌و كاره‌ی نه‌كردو هه‌ر به‌گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كه له‌دادگای ناوبژیوانی له‌نده‌ن به دوو ملیار ده‌ستكه‌وته‌وه هاته ده‌ره‌وه.
ئه‌مڕۆ ئێمه دیسان له‌به‌رده‌م چیرۆكێكی دووباره‌داین‌و گومان له‌وه‌دا نییه له‌م دۆسیه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توشی هه‌مان دۆخ ده‌بێته‌وەو ده‌دۆڕێت.
ئه‌م لۆژیكه پڕ له فه‌وازو گه‌نده‌ڵییه‌ی وه‌زیری پێشووى سامانه سروشتییه‌كان و به‌رپرسه بازرگانه‌كانی نه‌وت پێوه‌ی خه‌ریكن كه له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتدا مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، كه هه‌ركات حه‌زیان له شتێك نه‌بوو یان له‌به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌بوو لایده‌ن‌و شتێكی دیكه بخه‌نه شوێنی، بۆیان ناچێته سه‌ر. چونكه ئه‌م لۆژیكه ته‌نیا له‌كوردستان هه‌یه‌و هه‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌تی كورد به‌كاردێت كه هیچ تاشه به‌ردێك نه‌ماوه ئه‌م به‌رپرسانه نه‌یانكێشابێ به‌سه‌ریدا، بۆیه كاتێك ده‌یانه‌وێت به‌م لۆژیكه مامه‌ڵه بكه‌ن قه‌رزێكی گه‌وره به‌سه‌ر هه‌رێمدا ده‌هێنن.
له‌م دۆسیه‌یه‌دا وه‌زیری پێشووی سامانه سروشتییه‌كان و ڕاوێژكاری ئێستای سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه، نابێ بێ لێچینه‌وه ده‌ربچێ‌و پێویسته بدرێته دادگا. چونكه ئه‌مه سكانداڵێكی گه‌وره‌یه‌و ئه‌و وه‌كو سه‌ری ڕمه‌كه به‌رپرسه لێی، ئه‌مه قورسه‌و وه‌كو شۆڕشێك وایه به‌ڵام تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگه بۆ كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی.
ئه‌گه‌ر كابینه‌ی نوێ له‌م دۆسیه‌یه‌دا دوور له‌گیانی حزبیی‌و تاكه‌كه كه‌سی مامه‌ڵه نه‌كه‌ن، ده‌كه‌ونه ژێر پرسیاری جدییه‌وه. چونكه به‌ڕاستی زیانی 3 ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رێمی كوردستان كه هیچ یه‌ده‌گێكی نییه‌و پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نییه. وه‌كو ئه‌وه وایه ده‌ست بخەیته قوڕگی هاوڵاتیان‌و فه‌رمانبه‌ران‌و كرێكارانی ئه‌م وڵاته كه خۆیان به گوله‌مه‌رگی ده‌ژین.
*به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نه‌وت