تەزویری ناشرینی یەكێتی و سیاسەتی دروستی گۆڕان!
2/20/2019 5:44:00 PM
سەعید كاكەیی
تەزویری هەڵبژاردن بریتیە لە دەستێوەردانێكی نایاسایی و ناشرین لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چ بە بەرزكردنەوەی رێژەی دەنگەكانی كاندیدە خوازراوەكان، یاخود كەمكردنەوەی دەنگی براوەی كاندیدەكانی لایەنە نەیارەكان. هەرچی سیاسەتی دروستە ئەوا بریتیە لە كێ (وەك لایەنی سیاسی) چی پێدەكرێ كەی و چۆن و بۆ!
لەم دوو پێناسە كورت و سەرپێیانەی سەرەوە دەكرێ خوێندنەوە و تێگەیشتنێكی واقیعیانە گەڵاڵە بكەین بۆ بارودۆخی سیاسی هەنوكەیی لە هەرێمی كوردستاندا.
سیاسەت وەك رێكار و ئامرازیكی كاریگەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەپێناو راپەڕاندن و دەستەبەركردنی خزمەت و پێداویستیە بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگا، پێویستی بە كەسانی شارەزا و بە ئەزموون هەیە لە بوارەكانی دەسەڵاتی تەشریعی و دەسەڵاتی جێبەجێكار و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریشدا.
ئەڵبەتە لە سیستەمەكانی دیموكراسیدا، بەبێ بوونی دەسەڵاتی تەشریعی، هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكار و دەسەڵاتی دادوەری شەرعیەتی حوكمدارییان نیە و بە دەسەڵاتگەلێكی داپڵۆسێنەری نامۆ هەژمار دەكرێن.
لە رۆژی رزگاربوونی هەرێمی كوردستان لەژێر ركێفی دكتاتۆریەتی بەعس، حزبە كوردستانیە تەقلیدیەكان لە هەوڵ و تەوەللای ئەوەدا بوونە مۆركی پەرچەكرداری نەتەوەگەریی گشتگەریانە لە خۆیان دوور بخەنەوە و لەنێو كۆمەڵگای نێونەتەوەییدا خۆیان بە دیموكراسی خواز بناسێنن لە رێگەی ئیجراكردنی چەند پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی سەقەت و پر لە كێشەی تەزویر و ساختەكاری.
تەزویر، وەك بڕبڕەی پشتی گەندەڵی، هەمیشە بەرخوردێكی ناشرینی ساختەكاران و گەندەڵكاران بووە لەپێناو قوڕخكردنی دەسەڵات و بەتاڵان بردنی بەردەوامی سەروەت و سامانی كۆمەڵگا.
بەلای تەزویرچی و گەندەڵكارانەوە، كەسانی شارەزا و دەستپاك لە ئیدارەدانی دەسەڵاتدا، مەترسییەكی گەورەن بۆ وشككردنەوەی سەرچاوەكانی دەستكەوتە ناشەرعییەكانیان. هەر بۆیە، لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا و لە رێگای تەزویر و ساختەكاریەوە هەموو هەوڵ و تەقەلایەك دەدەن بۆ سەرنەكەوتنی ئەو كەس و لایەنانەی كە بە بەرنامە كار دەكەن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و قۆڕخكردنی دەسەڵات، ئەمە لە لایەك.
لە لایەكی تریشەوە، چونكە تەزویر و گەندەڵی دوو رەفتاری قێزەوەن و دزێون، بكەرانی ئەم رەفتارە ناشرینانە، بە هەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش، تەزویر و ساختەكاری لە نەیارە هاوپیشەكانی خۆشیان دەكەن.
بۆ نموونە، لە بەراوردكردنی پەنجا و شەش (٥٦) سندوقی دەنگدان كە لە یەكەم رۆژی جیاكردنەوە و هەژماركردن بە سەرپەرشتی دادوەرەكان لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو لەگەڵ وێنەی ئەلكترۆنی هەمان ئەو (٥٦) سندوقەی كە ئاماژەیان بۆ كراوە، دەبینین كە تەزویرێكی زۆر كراوە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
رێژەی تەزویرەكە لە زۆرەوە بۆ كەمتر لەم لایەنانەی خوارەوە كراوە:
١- پارتی دیموكراتی كوردستان
٢- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
٣- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
٤- بزوتنەوەی گۆڕان
٥- هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری
٦- بزووتنەوەی نەوەی نوێ
بەڵام، چونكە دەنگە راستەقینە و براوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو (٥٦) سندوقی دەنگدانانەدا لەوانەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان زیاتر و زۆرترن و چونكە بە تەزویر و ساختەكاری دەنگەكانی یەكێتی بەرێژەیەكی بەرچاو براونەتە سەرووی دەنگەكانی گۆڕانەوە، دەبینین زەرەرمەندی یەكەم لەو تەزویركاریە لە پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.
ئەڵبەتە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم پرسە بە بەڵگەی هاشا هەڵنەگر لە دادگادا ساغ دەكەمەوە.
هەروەها، راستە من لە ٢٠١٨/١١/١٣دا داوای لێبوردنم لە تەنها ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كرد چونكە بەڵگەی هاشا هەڵنەگرم نەبوو لەسەر تێوەگلانیان لە تەزویر و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام لەو رۆژەوە هەتا ئەمڕۆ چەند بەڵگەیەكی بێگومان و هاشا هەڵنەگرم لەسەر یان دەستكەوتووە و ئامادە كراون بۆ دادگا.
بۆیە، لێرەدا ئەو داوای لێبوردنەم دەكێشمەوە و هەر كۆمسیارێك واژۆی لەسەر ئاكامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردبێت، تۆمەتبارن لە تێچواندن و شەرعیەتدان بە تەزویر و ساختەكاریەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانیدا.
ئیتر، یان دەبێ تەزویرچی و ساختەكارانی هەڵبژاردنەكان بە سزای شایستەی خۆیان بگەن، وەیاخود دەبێ من بێدەنگ بكرێم!
جا بۆ سەرخستنی ئەم كەیسەم و رسواكردنی تەزویر و ساختەكاری، ئەركی ئەخلاقی لایەنە زەرەرمەندەكانە، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆرگانە پەیوەندارەكانی، بە تەنگ ئەم پرسەی منەوە بێن و خاوەنداری لەم كەیسە ترسناكە بكەن.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە كە من لێرەدا تەنها باسی تەزویر و ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم لە پارێزگای سلێمانیدا.
ئەو هەڵبژاردنەی كە ئاكامەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی ناچاركرد رێككەوتنی سیاسی بكات لەگەل پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
ئەمەش نابێ وەك پاساوێك بخوێنرێتەوە بۆ ئەو تەزویر و ساختەكاریەی بۆ پارتی كران لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و نەینەوادا.
بەڵكو، پێویستییەكی حەتمی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ بەرگریكردن لە سەنگ و هەژموونی لە پارێزگای سلێمانیدا، لە لایەك.
لە لاكەی تریشەوە پێداویستیەكی گرنگە بۆ بوژاندنەوە و چالاككردنی پێگەی گۆڕان لە ھەولێر و دهۆك. بۆیە، سەرباری سەرنج و تێبینیەكانی خۆم لەسەر رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان گۆڕان و پارتی، من رێز لەو رێككەوتنە سیاسییە دەگرم و بە سیاسەتێكی دروستی دەزانم بۆ داكۆكیكردن لە پرۆسەی چاكسازی لە كەشێكی ئاشتەواییدا.
لە كۆتاییدا، هەموو حزبێكی خاوەن بەرنامە و پێگەی جەماوەری دوو مەبەستی سەرەكی هەیە: یان دەسەڵات بەدەستهێنان، یاخود بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا.
بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانی نەبردۆتەوە، مافی خۆیەتی بە رێژەی كورسیەكانی خۆی بەشداری بكات لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا، وەك هەوڵێكی دیكە بۆ بەرجەستەكردنی لایەنی كەمی چاكسازی و داكۆكیكردن