290وتار

پێكهێنانی ئەم كابینەیە وا ئاسان نیە!!

1/22/2019 11:30:00 AM
كامەران بابان زادە

لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، نوسیبووم بەلای كەمەوە پێكهێنانی حكومەت هەتا نەورۆز دەخایەنێت، ئێستا پێم وایە لەو بەروارەش درەنگتر دەكەوێت چونكە:
یەكەم: فاكتەری دەرەكی لەگەڵا راگرتنی هاوسەنگی نێوان پارتی‌و یەكێتیە، بەرژەوەندی لە راگرتنی ئەو هاوسنەگیەدایە، بەو هاوسەنگیە بەغداو وڵاتانی ئیقلیمی‌و ئەمریكاو وڵاتانی دیكە ئاسانتر بەرژەوەندیەكانیان دەپارێزن، حاڵەتی وەكو ریفراندۆمی 25/9/2017 دووبارە نابێتەوە. زوو درزیان تێدەكەوێ، ئاسان رام دەكرێن.


دووەم: پارتی دەیەوێت كورسیەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە راستەقینە نیشانی یەكێتی بدات‌و ئەویش بە پاساوی نفوزی دەسەڵات‌و پێگەی لە كەركوك‌و بەغدا رازی نەبێت وەكو ژمارە مامەڵە لەگەڵا 45 كورسی پارتی بكات. هەردوولا لە دۆخێك چەقیون، پارتی بە نیازی دەستكەوتی زۆر زیاتر لەم كابینە تازەیەو یەكیتی نایەوێت لەوەی هەیەتی بەلای كەمەوە داببەزێت.


لێرەدا هەتا ئەو دوو هێزە نەگەنە ئەنجام زەحمەتە پارتی لەگەڵا ئەو هێزانەی ئامادەییان تێدایە بگاتە ئەنجام، هەتا ئەگەر پەنجەشی نەرم بێت بۆ داواكاریەكانیان، چونكە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لەسەرە، لەهەمان كاتدا هیچ هێزێك نایەوێت بەشداری حكومەتێك بكات لە هەموو هەرێمی كوردستان باڵادەست نەبێت. بەدیلی ئەمە چاوەڕوانی كردنی پارتی‌و یەكیتیە هەتا دەگەنە رێكەوتن بە دڵنیایی ئەوكات ئەوان جارێكی تر بە بەرژەوەندی رێكەوتنی تازە حكومەت بەڕێوە دەبەن، حكومەتی دابەشكاری، راستە پەنجا بە پەنجا تێپەڕی بەس خۆ خەڵكی كوردستان‌و هێزە سیاسییەكانی تر گرفتیان لەگەڵا پەنجا بە پەنجا نەبوو وەكو ژمارە با ئەم جارە دوو ژمارەی تر بێت بۆ ئەو دابەشكاریە، لە بنەڕەتەوە دابەشكاری لە دەسەڵات بەتایبەت بۆ دوو هێز كە جیاوازن لەگەڵا هێزەكانی دیكە بەوەی نفوزی جیاواز‌و ئابووری‌و هێزی سەربازی‌و ئەمنی جیاوازیان هەیە، دوو ئیدارەیی لە ناوەڕۆك‌و یەك هەرێمی لە رووخساردا تۆختر دەكاتەوە، لەوكاتەدا ئەستەمە لەگەڵا واقیعێكی لەو جۆرە بەشداریكردن بۆ هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كاریگەری هەبێت!!


لەو بڕوایەدام هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی یەكێتی‌و پارتی، بەتایبەت كۆمەڵی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆڕان (كە دەرگای گفتوگۆیان كردۆتەوە بۆ بەشداری لە حكومەت) بەشداری كابینەیەك بكەن ئەجیندای كاركردنی ئەوان‌و شوێن پەنجەیان ون بێت، لەبەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان شەرمەزار ببن، ئەوەی لە رابردوو وتویانە وا بەئاسانی سازشی لەسەر بكەن.


بۆیە پێم وایە گفتۆگۆكان درێژە دەكێشێ، پارتی پەلەی نیە، چونكە ئەم حكومەتەی ئێستا هی خۆیەتی‌و پەرلەمانیش خاوەنی ئەم كابینەیە نیە‌و دەنگی نەداوەتی هەتا بەر نەشتەری غەیبەتەكانی بكەوێ. كابینەی تازەش هی خۆیەتی، بەڵای كەمەوە دەسەڵاتی لەمەی دادێ زیاد نەكات نابێ كەم بكات، ئەمە حەزی هەموو حیزبێكی دەسەڵاتدارە، لەبەرانبەردا یەكێتی پێی وایە ئەگەر لەم كابینەیە بەڵای كەمەوە نابێت دەسەڵاتی لە كەمی بدات، ئەگەرنا پەلەی لە چیە زوو حكومەت تەشكیل بكرێت.


گفتوگۆی پارتی لەو حاڵەتەی سەرەوە لەگەڵا هێزەكانی دیكە، تەنیا بۆ بەرچاوڕوونی خۆیەتی بۆ  دوای رێكەوتنی لەگەڵا یەكێتی، ئەم سوودە دەگونجێت بۆ ئەو هێزانەش راست بێت دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵا پارتی.


ئەمڕۆ پارتی‌و یەكێتی ئەو بەرژەوەندیەی لەپاڵا یەكتر هەیانە لەگەڵا هێزەكانی دیكە نیانە، ناشیان بێت، ئەی ئەگەر رێكەوتنی پارتی لەگەڵا هێزەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت بێ رێكەوتنی پێشتری لەگەڵا یەكێتی زۆر ئەستەم بێت، دەبێت چارەنووسی بەشداریكردن دوای رێكەوتنی پارتی‌و یەكێتی چی لێ بەسەر بێت؟! ئەم پرسیارە لێدەگەڕێم بۆ زیهنی خوێنەر وەڵامی بداتەوە. 



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن