24وتار

چەند بەلگەیەکی بەشداری ژنان لە شەڕدا لە مێژووی ئیسلامدا

2/10/2026 2:23:00 PM
د.عەبدولڕەعمان مەولود

من بەهیچ جۆرێك خۆم بەشارەزای بواری ئاینی دانانێم. بەڵام نەم دەتوانی بڕوا بکەم کە ئیسلام لە نێوە دورگەی عەرەب بگاتە ئەندلوس، سین و مالیزیا کەچی ژن بەشداری شەری نەکرد بێت. چاوروانی کەسانێك بووم کە شارەزای دیننیان هەیە لە چەشنی ئەبوبەکر عەلی ، مامۆستا عەبدولڕەحمان سەدیق و مەسعود عەبدولخالق، تاد چەند نمونەیەك لەبەشداری ژن لە شەر دژی زۆرداردا قسە بکەن، بەڵام تاکو ئێستا نمونەیەکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوەت.

هەر چەندە ئیستا لە هەمو ولاتە ئیسلامیەکان ژنان لە سوپادان و لە هەندێکیشیان فرۆکەوان و پلەی سەربارزی بەرزیێشیان هەیە (سەیری تورکیا بکە بە نموونە)، بەڵام بۆ ماوەی کەمتر لە سەعاتیك بەدوای ئەو بابەتە چووم. ئەوەی خوارە دەرئەنجامی ئەم یەك سەعات کارکردنە کە پێم باشە بیخەمە بەردەمەمی هەموو ئەوانەی ئەم بابەتەیان لا گرنگە(ئەگەر چەند سەعاتێك بەدوای ئەو بابەتە بکەوی ناوی دەیان ژن لە جیهانی ئیسلامی بە پلەی سەربازی گەوەرە رەنگە بدۆزیەوە).

لەم سەعاتە گەڕانەدا ئەم سێ نموونەیە سەرنجی ڕاکێشام:   

یەکەم، ئومّ عُمارة (ناسیبە بنت کعب): شەڕکردنی ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی پێغەمبەر د.خ

ئەمّ عُمارة یەکێکە لە بەهێزترین و زۆرترین نموونەی باسکراو، کە ژنێک لە ژیانی پێغەمبەر محمد د.خ  دا بە شێوەی ڕاستەوخۆ شەڕی کرد، بە تایبەتی لە غەزای ئۆحُد.

دەقی عەرەبی (سەرچاوەی سەرەکی)

ابن حجر العسقلانی، الإصابة في تمييز الصحابة:

فَلَمَّا انْكَشَفَ النَّاسُ عَنْ رَسُولِ اللَّهِ كَانَتْ أُمُّ عُمَارَةَ تُقَاتِلُ دُونَهُ، وَأُصِيبَتْ بِجِرَاحَاتٍ كَثِيرَةٍ.

وەرگێڕان

“کاتێک خەڵک لە دەوری پێغەمبەری خوا (د.خ)  دوورکەوتنەوە، ئەمّ عُمارة بۆ پاراستنی ئەو شەڕی دەکرد و زۆر برینی پێکەوت.”

پێغەمبەر د.خ  دەفەرمووێت:

ما التفتُّ يمينًا ولا شمالًا إلا وأراها تقاتل دوني

“هیچ جار بۆ ڕاست و چەپ نەگەڕامەوە، هەر ئەوە نەبێت کە بینیم شەردەکات بۆ پاراستنم.”

سەرچاوەکان:

ابن سعد، الطبقات الكبرى، جلد 8
ابن حجر، الإصابة في تمييز الصحابة
الطبري، تاريخ الرسل والملوك
گرنگی فقهی: ئەمە شەڕی چەکدار و ڕاستەوخۆ بوو، نە خزمەتگوزاری پزیشکی یان پشتیوانی، و بە ڕەزامەندی پێغەمبەر (د.خ)  ڕوویدا، کە لە فقهدا گرنگی زۆری هەیە.

دووەم،  صفيّة بنت عبد المطلب: کردەوەی بەرگریکاری کوشتن

صفيّة، کچی مامی پێغەمبەر (د.خ) ، لە کاتی غەزای خەندەق (کاتێک مەدینە لە ژێر مەترسی بوو) بەشداری کرد.

دەقی عەرەبی
ابن هشام، السيرة النبوية (لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی الواقدي):
فَقَتَلَتْهُ بِعَمُودٍ
وەرگێڕان
“ئەو بە ستوونێک کوشتی.”
ئەم کردەوەیە لە کاتێکدا بوو کە جاسوسێکی یەهودی هەوڵیدا لە شوێنێکی لاواز دا بچێتە ئەو شوێنەی ژنانی موسلمانی تیدا بوو. صفيّة بە  ڕاستەوخۆ بەرگریکرد و جاسوسەکەی کوشت.

سەرچاوەکان:

الواقدي، المغازي
ابن هشام، السيرة النبوية
گرنگی فقهی: ئەمە نموونەیەکی ڕوونە لە بەرگریکردنی تاکەکەسی ژن، کە مێژوونووسانی سەرەتایی بە بێ نارەزایی گواستویانەتەوە.

سێیەم، ئەمّ سُليم: چەك هەلگرتن بە زانینی پێغەمبەر د.خ
ئەمّ سُليم لەگەڵ سوپای موسڵمانان بوو، لە کاتێکدا خەنجەرێکی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ئەگەر پێویست بوو شەڕ بکات.

دەقی عەرەبی
صحيح مسلم، کتێبی جهاد (حدیث 1809):
اتَّخَذَتْ خِنْجَرًا، فَقَالَ النَّبِيُّ   مَا هَذَا؟ قَالَتْ: إِنْ دَنَا مِنِّي مُشْرِكٌ بَقَرْتُ بَطْنَهُ.

وەرگێڕان
“خەنجەرێکی گرت. پێغەمبەر د.خ  فەرمووی: ‘ئەمە چییە؟’ گوتی: ‘ئەگەر کافرێک نزیکم ببێت، سکەی دەدڕم.’”
پێغەمبەر د.خ  قەدەغەی نەکرد.

سەرچاوە
مسلم بن حجاج، صحيح مسلم
گرنگی فقهی: لە فقهدا، سکوتی پێغەمبەر د.خ  لەم بارودۆخەدا، بە تایبەتی کاتێک قسەی چەکدارە، ڕەزامەندی نادیار (إقرار) دادەنرێت.
 هەروەك دەبینن سەرچاوە ئیسلامییەکان قەدەغەی بەشداری ژنان لە شەڕدا پشتڕاست ناکەنەوە. بە پێچەوانە فقهی ئیسلام پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە ژنان شەڕیان کردووە و ڕێگەیان پێدراوە، بە تایبەتی لە بارودۆخی بەرگریکردن و پێویستی. لەبەر ئەوە، بانگەشەکانی کە دەڵێن بەشداری ژنان لە شەڕدا “نا ئیسلامییە”، لە ڕووی دەقی، مێژوویی و دینیەوە نادروستن.  ئەمەش ئەم ڕایە لە رووی دینیشەوە پوچ دەکاتەوە کە لەڕۆژائاوا ژنان نابێت بەشداری بەرگری لە کوردستان بکەن.   
هیوادارم شارازایانی ئایین چەندین وتار لەسەر دژایەتی ئیسلام بۆ هەتكردن و شیواندنی مردووش بنوسن. تاکو  ئێمە مانان ناچار نەبین بەداوای ئەم بابەتە بگەرێین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن