وێرای پیرۆزبایی لە کرێکاران
5/1/2025 12:00:00 PM
ستران عەبدوڵا
بە گوێرەی ئەدەبیاتی چەپ کرێکاران لەبەر ئەوە داینەمۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی نین کە هەژارن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەگەر کرێکاران بوەستن، مانبگرن، کارنەکەن و بەقەولی هەوڵێری(عێدز بن)و خۆیان لە خاوەن کار زویرکەن، یان توڕە بن ، ئیتر ئیشەکان پەکی دەکەوێت.
چیرۆکێکی لالۆ مەکسیم گۆرکیش بەو مانایە هەیە کە لێرە مەبەستم رۆمانە مەشهورەکەی ( دایک )نییە، لەو چیرۆکە وەکی کرێکاری کەرتی هاتووچۆ ماندەگرێ ماشێن و شەمەندۆفێر و پاپۆڕی گەورە گەورە ڕادەوەستن و جولەی ژیان و گوزەران رادەوەستێ.
ئەم چیرۆکەی سەرەتای ئەدەبی پرۆلیتارییە دیمەنی خەباتی چینایەتی کرێکاران نمایش دەکات و بە شێوەیەکی ستاتیکی ، کە ئەدەبی روسی کۆتایی سەدەی نۆزدەی پێ دەناسرێتەوە، ئاماژەی بیری سۆشیالیستییە گوایە ئەگەر بمانەوێ دونیا و ژیان و بازار ڕادەگرین و پێویستە لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیییە بترسن«.
کە مانفێستی کۆمۆنیستی هەڕەشەی دەکرد شەبەحێک وا بە ئاسمانی ئەوروپاوە. ئێمە گشتمان وا لەم هەڕەشە تێگەیشتین کرێکار هەر هەژارێکی داماو نییە بەڵکو کارەکتەرێکە دەتوانێ جولە بوەستێنێ و ماشێنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بە لارێدا ببا، یان پێشی بخات.
بەم مانایە هەژاری و نەداری وداماوی خۆی لە خۆیدا بەس نیین کە کرێکار بەرەو شۆرش و راپەرین بڕوات، بەڵکو ئەوە گرەوە راستەقینەکەیە کە ماشێنەکە بێ بورغی کارای کرێکار لە شوێنی خۆی رادوەستێ.
جا ماوەی سەدەی بیستەم هەر ماوەی شۆرشی ئوکتۆبەر و بزووتنەوەی کرێکاران و گۆڕانی کۆمەڵایەتی گەورە نەبوو، کە پرسی نەتەوایەتی و نیشتمانی میللەتانی بندەستیشی تێکەڵاو دەبوو ، بەڵکو هاوشانی ئەوە دەیان و سەدان مەکتەبی فیکری و بیرۆی ئایدەلۆژی و هەزاران کتێب و ڤەکۆڵین جمەیان دەهات کە قسەیان لەسەر مان ، یان نەمانی رۆڵی بزوێنەری پرۆلیتار بوو لە وەرگۆڕان و شۆڕشەکاندا . هەبووە دەیانگوت ئەو رۆڵە خلیسکاوە و هەبوو ئاماژەیان وابوو کە رۆڵەکە ماوە، بەڵام بە هاوپەیمانێتی جوتیاران ، یان روناکبیرانی رەنجدەری بیر و بازوو .. هەشبوو دەیانگوت مەسەلە بابەتێکی مۆڕاڵییە و لایەنگری لە هەژاران و بانگەواز بۆ گوزەرانی باشیان هەر دەبێ بمێنێ و داکۆکی لێ بکرێت. کە ئەمە باسێکی مۆڕالییە، جوان و بە پرەنسیبە، بەڵام شتێکی مژدەبەرییە و لە ماکی حەریفانەی بزووتنەوەی کرێکاری دوورە.
ئەمانەی لێرە باسمکرد هەر پرسیارە و بۆ هاندانی ئەندێشە و بیرکردنەوەیەو ناتوانم قسەی کۆتایی لەسەر بکەم . بۆیە لە یادی یەکی ئایاردا هێناومەتە خزمەتی ئێوەی بەرێز . ئێ خۆ سەرەنجام بەندەش رەنجدەری بیرم ، ئیجتیهاد دەکەم و قسەی ئەسەحیم لا نییە.
یەکی ئایار لە ئەهلی بازوو و ئەهلی ئاوەز ،
لە رەنجدەرانی بیر و بازوو پیرۆز بێت.