جیاوازی مه‌ركه‌زیه‌ت و لامه‌ركه‌زیه‌ت؛ كوردستان و سویسرا به نمونه
1/15/2019 12:16:00 PM
بەیار عومەر عەبدوڵڵا
هه‌رێمی کوردستان ڕووبه‌ره‌که‌ی به ناوچه دابڕاوه‌كانه‌وه، ٨٠ هه‌زار کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌شی ٨ ملیۆن که‌سه، به‌ڵام بێ ناوچه دابڕاوه‌کان ڕووبه‌ری هه‌رێمی کوردستان ٤٧ هه‌زار کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی ٥.٥ ملیۆن که‌سه.
وڵاتێکی وه‌ک سویسرا ڕووبه‌ره‌که‌ی ٤١ هه‌زار کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌شی ٨.٥ ملیۆن که‌سه. واته ئه‌گه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان به ناوچه دابڕاوه‌کانه‌وه حساب بکه‌ین، ئه‌وا سویسرا ڕووبه‌ره‌که‌ی نیوه‌ی خاکی هه‌رێمی کوردستانه‌و دانیشتوانه‌که‌شی به‌قه‌د هه‌رێمی کوردستانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌بێ ناوچه دابڕاوه‌کان حساب بکه‌ین، واته ته‌نها پارێزگاکانی هه‌ولێرو دهۆک و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه حساب بكه‌ین، ئه‌وا سویسرا ڕووبه‌ره‌کەی به‌قه‌د هه‌رێمی کوردستانه و دانیشتوانه‌که‌شی ٣ ملیۆن که‌س له هه‌رێمی كوردستان زیاتره.
واته له‌کاتێکدا ڕووبه‌ره‌کانمان به قه‌د یه‌که‌و بگره سویسرا نزیکه‌ی ٥ هه‌زار کیلۆمه‌تر چوارگۆشه ڕو،به‌ره‌که‌ی له ئێمه بچوکتره، له ٢٦ کانتۆن پێکدێت، که هه‌ریه‌که‌یان حکومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆجێیی خۆی هه‌یه‌و داهات و بودجه‌ی خۆی جیایه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری ته‌واوی هه‌یه له‌وه‌ی داهات و پاره‌کانی خۆی چۆن و له‌چیدا خه‌رج ده‌کات و چۆن ئابووری خۆی پێشده‌خات و پرۆژه‌ی ستراتیژی ئه‌نجام ده‌دات.
به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان له‌کاتێکدا ڕووبه‌ری له سویسراش زیاتره، که‌چی ته‌نها چوار پارێزگایه، وه‌کو چوار پارێزگاشه، ئه‌م پارێزگایانه هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ئیداریی و ئابووریان نیه‌و به‌رده‌وام چاو له‌ده‌ستی پایته‌ختن و پایته‌ختیش له ده‌ستێکی ئه‌میندا نیه، واته له ده‌ستی هێزێکدا نیه که هه‌موو شار‌و ناوچه‌کان به یه‌ک چاو سه‌یر بکات.
پارتی که ده‌ستی به‌سه‌ر پایته‌خت و حکومه‌ت و په‌رله‌ماندا گرتووه‌و وه‌ک ده‌ستکه‌وتی شه‌ڕی ناوخۆ سه‌یری هه‌ولێرو داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌کات. وه به ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه به پاره‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌کات، له‌و ناوچانه‌ی جێنفوزی خۆین پاره‌ی ڕشتووه و به‌رده‌وام پرۆژه‌ی گه‌وره‌و ستراتیژی جێبه‌جێ ده‌کرێن، ته‌نانه‌ت له‌کاتی ئه‌م قه‌یرانه‌شدا به‌شی زۆری پرۆژه‌کانیان نه‌وه‌ستاون. له به‌رامبه‌ردا له‌و ناوچانه‌ی که جێنفوزی پارتی نین، یان پارتی ده‌نگێکی ئه‌وتۆ ناهێنێت تیایاندا وه‌ک پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌کانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت پاره نیه.
كه‌واته هه‌رچی ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه له‌م سنوره‌یان سه‌ندۆته‌وه و ده‌یانه‌وێت سزای بده‌ن و به‌ره‌و قه‌رزاری و هه‌ژاری به‌رن، که ئه‌ڵێم پارتی چونکه ئێستا حکومه‌ت یه‌کسانه به پارتی و پارتی یه‌کسانه به حکومه‌ت، چونکه له ٣١ی ئابه‌وه ئه‌وان هه‌ولێرو هه‌موو داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانیان داگیر‌و قۆرخ کردووه. واته ئه‌گه‌ر له هه‌ر وه‌زاره‌تێکدا وه‌زیره‌که‌ش به نموونه یه‌کێتی یان گۆڕان بێت سودێکی ئه‌وتۆی نیه، چونکه به‌شی زۆری به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌کان سه‌ر به پارتین و فه‌رمان له پارتی وه‌رده‌گرن.
هه‌ڵه‌یه که پێمانوابێت ته‌نها له هه‌ولێره‌وه ده‌توانین گۆڕانکاری دروست بکه‌ین. ده‌کرێت به چه‌ندین شێوه‌ی تر گۆڕانکاری ئه‌رێنی دروست بکه‌ین، که له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لکی کوردستاندا بێت. بۆیه له جیاتی ئه‌وه‌ی حزبه باڵاده‌سته‌کانی ئه‌م سنوره هه‌وڵی وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ت و پۆست بده‌ن له هه‌ولێر که هیچ سودو گرنگیه‌کی ئه‌وتۆی نیه بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانی ئه‌م سنوره، پێویسته هه‌وڵبده‌ن که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری و ئابوری پارێزگاکان زیاد بکه‌ن و هه‌وڵبده‌ن لێره‌وه ژیانی هاوڵاتیان چاک بکه‌ن و په‌ره به ژێرخانی ئابوری و که‌رته‌کانی پیشه‌سازی و کشتوکاڵ بده‌ن له هه‌ر پارێزگایه‌کدا. واته ده‌بێت وابکه‌ین که هه‌ر پارێزگایه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ئابوری زیاتری هه‌بێت و پاره و ده‌سه‌ڵاتی زیاتری له‌به‌رده‌ستابێت بۆ پێشخستنی ئابوری و دابینکردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتیانی سنوره‌که‌ی خۆی.
له‌وانه‌یه هه‌ندێک بڵێن سویسرا بۆیه دابه‌شکراوه به‌سه‌ر چه‌ند کانتۆنێکدا، ته‌نها وه‌ک چاره‌سه‌رێکی سیاسی چونکه سویسرا فره پێکهاته‌یه. به‌ڵام ئه‌م وه‌ڵامه ڕاست نیه، مه‌سه‌له‌ی کانتۆنه‌کان ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ری فره پێکهاته‌یی نیه، به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندی ئیداری و ئابوری و دیموکراسیشی هه‌یه، چونکه شۆڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ خواره‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی و فه‌رشی به‌سه‌ر هه‌موو شار‌و شارۆچکه‌کاندا یه‌کێکه له بنه‌ما دیموکراسیه هه‌ره گرنگه‌کان. واته ناکرێت تۆ به‌رده‌وام باسی دیموکراسیه‌ت بکه‌یت و که‌چی سیستمێکی مه‌رکه‌زیت هه‌بێت و هه‌رچی ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه له پایته‌ختدا کۆتکردبێته‌وه‌و له پایته‌ختیشدا له ده‌ستی حیزبێکدا، له‌و حزبه‌شدا له ده‌ستی بنه‌ماڵه‌یه‌کدا، و له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌شدا له ده‌ستی که‌سێکدا.
یه‌کێکی تر له هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاته دیموکراسیه پێشکه‌وتوه‌کان په‌یڕه‌وی لامه‌رکه‌زیه‌ت و فیدرالیه‌ت ئه‌که‌ن ئه‌وه‌یه که لامه‌رکه‌زیه‌ت، ئابوری به خێرایی پێشده‌خات و جۆرێک له کێبرکێی بنیاتنه‌ر دروست ده‌کات له‌نێوان پارێزگا یان کانتۆنه‌کاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کامیان پرۆژه‌ی ستراتیژیترو کاریگه‌رتر دروست ده‌که‌ن. وه کامیان زووتر په‌ره به پیشه‌سازی و کشتوکاڵ ده‌ده‌ن. وه کامیان به پرۆژه‌ی گه‌شتیاری زه‌به‌لاح ده‌توانن زۆرترین گه‌شتیار به‌ره‌و لای خۆیان ڕابکێشن.
ئه‌گه‌ر سیستمی کانتۆنه‌کان له سویسرادا ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ری فره پێکهاته‌یی و فره نه‌ته‌وه‌یی بوایه، ده‌بوایه سویسرا بکرایه به ٤ کانتۆنه‌وه، چونکه ٤ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی تیا ده‌ژی، که بریتین له ئه‌ڵمان و فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی و ڕۆمانی. به‌ڵام سویسرا له‌جیاتی ٤ كانتۆن، کراوه به ٢٦ کانتۆنه‌وه. واته وڵاتێکی وا بچوک بکرێت به ٢٦ کانتۆنه‌وه، بۆ ناکرێت چوار پارێزگاکه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌سه‌لاتی ئیداری و ئابوریان بدرێتێ و ڕێگه‌یان بۆ خۆشبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بتوانن ژێرخانی ئابوریان به‌هێزبكه‌ن و خۆشگوزه‌رانی بۆ دانیشتوانیان دابینبكه‌ن.
سویسرا داهاتی ساڵانه‌ی ٦٨٠ ملیار دۆلاره، واته ئه‌گه‌ر به تێکڕا وه‌ریبگرین، هه‌ر هاوڵاتیه‌ک داهاتی ساڵانه‌ی ٨٠ هه‌زار دۆلاره، واته ٨ ده‌فته‌ره له ساڵێکدا، که دووهه‌م به‌رزترین داهاتی تاکه له جیهاندا دوای وڵاتی لۆکسه‌مبۆرگ. له‌کاتێکدا سویسراش وه‌ک هه‌رێمی کوردستان وڵاتێکی شاخاویه‌و به وشکانی ده‌وره‌دراوه‌و له‌سه‌ر ده‌ریا نیه.
بۆیه گرنگه بزانین که لامه‌رکه‌زیه‌ت هه‌ڕه‌شه نیه له‌سه‌ر هه‌رێم و کیانه‌که‌ی وه‌ک پارته‌کانی ده‌سه‌ڵات خه‌لکی پێده‌ترسێنن، به‌لکو هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هایه‌ی که حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و به‌شێکی که‌م له سه‌رکرده باڵاده‌سته‌کانیان هه‌یانه، چونکه لامه‌رکه‌زیه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حیزبه‌کان که‌م ده‌کاته‌وه‌و ناهێڵێت حیزبێک به تاقی ته‌نها یاری به چاره‌نووسی میلله‌تێکه‌وه بکات و هه‌ڵه‌ی ستراتیژی بکات و دوایش هه‌موو میله‌ت ناچاربن باجه‌که‌ی بده‌ن.
هه‌روه‌ها لامه‌رکه‌زیه‌ت و فیدرالیه‌ت هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ندێک له به‌رپرسه باڵاکان چونکه وه‌کو جاران ناتوانن له سایه‌ی ئه‌م سیستمه مه‌رکه‌زیه‌دا گه‌نده‌ڵی گه‌وره ئه‌نجام بده‌ن و خۆشیان له هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ک بدزنه‌وه. لامه‌رکه‌زیه‌ت هه‌ر به مانای دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و پاره نایه‌ت، به‌لکو به مانای گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتیش دێت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌کانداو ده‌سه‌ڵات ده‌دات به ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه لێپرسینه‌وه له هه‌ر كه‌س و بەر‌پرسێك بكه‌ن كه گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می كردووه.
زۆرجار که باس له لامه‌رکه‌زیه‌ت ده‌کرێت هه‌ندێک له‌م به‌ناو به‌رپرسانه ده‌ڵێن ئێمه هه‌رێمین و ناکرێت وه‌کو پارێزگا مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بکرێت، به‌ڵام که‌س نه‌یوتوه که هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و ببێت به چوار پارێزگاوه‌و هه‌ر پارێزگایه‌و به جیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدادا بکات و شتێک نه‌مێنێت به ناوی هه‌رێمی کوردستانه‌وه.
ئێمه هه‌موومان کۆکین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گرنگه هه‌رێمی کوردستان وه‌ک کیانێک بۆ کورد بمێنێته‌وه‌و ئه‌م کیانه‌ش موڵکی هه‌موومانه، نه‌ک هی حیزبێک به‌ته‌نیا. به‌ڵام ئێمه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ین ئایا چۆن ئه‌م کیانه‌ی هه‌مانه‌و چه‌نده‌ها شه‌هیدو قوربانیمان بۆ داوه له‌ڕێی سیستمی لامه‌ركه‌زی و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنێكی یه‌كسانی داهاته‌وه به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا بیپارێزین و پێشیبخه‌ین، نه‌ك بیكه‌ین به قوربانی تموحی حیزبی و شه‌خسی.