بۆچی دەنگدەدەین؟
10/3/2024 4:29:00 PM
ئامانج هەرتەلی
سەدەیەکە خەباتی کوردایەتی بۆ ڕزگاری گەلەکەم چەندین شۆڕشی لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بەخۆیەوە بینیوە، لەم پێناوەشدا تاوەکو ئەمڕۆ گەلەکەمان خوێندەڕێژێت بۆ سەرکەوتن و ئازادی، بەڵام لە باشوری کوردستان سی ساڵ زیاترە ئازاد بووە، بەڵام پڕۆسەی دیموکراسی و دەستاو دەستی دەسەڵاتی تێدا ڕووی نەداوە، بەڵکو هێشتا حوکمڕانی بەعەقڵیەتی خێڵ و بەچاو سورکردنەوە درێژەی هەیە.
دوای سی و سێ ساڵ لە حوکمڕانی و شەڕی ناوخۆ، دوای سی و سێ ساڵ لە چاوەڕوانی خەڵک بۆ ئازادی و داپەروەری و یەکسانی لە ئەرک و مافدا، بەڵام هێشتا ململانێی حیزبایەتی لەم هەرێمە بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێت، چونکە هێز لێرە لەخزمەتی حیزبە و بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی کاردەکات، نەوەک هێزێکی یەکگرتوی نەتەوەو و نیشتمانبێت و لە ململانێکاندا بێ لایەن بێت، لەهەر زۆنەی بەڕەنگی ئەو زۆنە دەبێت خۆی نمایش بکات، لە پێناوی نیشتمانێکی بەهێز و هێزێکی یەکگرتو پێویستە دەنگ بدەین.
سی ساڵ زیاترە بەرپرسانی ئەم هەرێمە و کۆمپانیاکانی حیزبەکانی دەسەڵات خەریکی بازرگانین، لەبری ئەوەی ئەم کارە بۆ بازرگانەکان لێبگەڕێن و نیشتمانێکی ئاوەدان و پڕ لە کەل و پەلی باش و هەرزان و جۆری پلە باش بهێنرێتە کوردستان و لەژێر چاودێری وردی حکومەتدابێت، پیشەی بازرگانیشیان قۆرغ کردووە و هاتون هەرچی کەل و پەلی خراپە دەیهێنن و هەرچی خۆراک و دەرمانی بەسەرچوو هەیە دەیهێننە کوردستان و هاونیشتمانی ڕەسەنی پێ توشی دەرد و نەخۆشی دەکەن، لەپێناوی بەدەست هێنانی سامانی زۆر، هەژارکردنی خەڵکی کوردستان، بەم خراپیەی هێشتا بەنرخێکی زۆر گران دەیخەنە بازاڕەوە و بەوەش پێشبڕکێی بازرگانانی پەکخستوە لە پێناو هێنانی باشترین جۆری خۆراک و دەرمان و کەلو پەلەکانیتر.
خاڵێکیتر کەپێویستە خەڵکی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە ڕووبکاتە سەر سندووقی دەنگدان ئەوەیە، نەوت لەخاکی خۆمان بەرهەمدێت و پاڵاوگەی گەورەی تێدایە لەوەشدا حیزب و بەرپرسانی دەسەڵات دەستیان بەسەردا گرتوە، لەپێناوی خزمەتکردن بە خۆیان ئامادەن بەنرخێکی زۆر گران بەهاونیشتمانی بفرۆشنەوە، لەکاتێکدا ئەوانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بیر لەهەموو هەڕەشە و قسەیەکی بێ مانا لەدژی یەکتر دەکەنەوە، بەڵام لە پێناوی هەرزانکردنی نرخی سوتەمەنی بۆ خەڵکی خۆیان ئامادەنین بیر لەوە بکەنەوە، ئاخر هاونیشتمانی کاتێک بەرمیلێک نەوت بە سەرووی (١٠٠)هەزاری پێدەفرۆشی و لترێک بەنزینی بەسەروی (١٠٠٠)لە بەنزینخانە پێدەدەیت، هەڕەشەکردنتان لەیەکتری بۆ خزمەتکردنی خەڵک نییە، بەڵکو بۆ گەوجاندنی خەڵکە.
لەپێناوی گەشەی ئابوریان ڕێگای جۆراوجۆریان گرتۆتەبەر بۆئەوەش بیریان لەوەکردۆتەوە کە کۆمەڵگەی چینایەتی درووست بکەن، بۆ ئەو هەنگاوەش پێویستیان بە سیستمی پەروەردەهەیە، لەپەروەدەشدا قوتابخانەی ئەهلیان درووستکرد بۆ ئەوەی خەڵکی هەژار لەگەڵ خەڵکی دەوڵەمەند لەیەکتری جیابکەنەوە و خزمەتی خۆیانیان پێبکەن و کۆمەڵگە دابەشی سەر دوو چین بکەنەوە، جیاکردنەوە ی خەڵک لەیەکتری کۆمەڵگەیەکی چینایەتی درووست دەکات و بەوەش دادپەروەری و یەکسانی لەکۆمەڵگەدا ناهێڵێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی بێ جیاوازیت هەبێت، پێویستت بەوەیە لەڕێگەی دەنگدانەوە ئەم جیاوازیە نەهێڵیت.
نەخۆشخانەی ئەهلیش بۆتە مۆتەکەی گەورەی سەر زۆرینەی کۆمەڵگە، بەرپرسانی کورد نەخۆشخانەی ئەهلیان درووست کردووە، ڕێگەش لەهاتنی دەرمان لە بەغداوە دەگرن بۆ نەخۆشخانەکانی حکومی، تاوەکو خۆیان بازرگانی بە دەرمانەوە بکەن، لەولاشەوە نەخۆشخانەی ئەهلیان دامەزراندوە، حکومەتی هەرێمیش بەدیاریەوە دانیشتوە، لەکاتی دەنگدانیشدا ئەم سێکتەرانەیان لەبیر خۆ بردۆتەوە کە سێکتەری گەورەن بۆخزمەتی گشتی، گشتیان بۆ دەنگدان دەوێت تاوەکو کورسی زیاتر بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بەخۆیان بکەن، سی ساڵ زیاترە خەڵک ئەم نەهامەتیانەی لەبیر بچێتەوە و ئەم دەسەڵاتە بهێڵێتەوە دەبێت چاوەڕوانی چیبین.
نایەمە سەر ئەو شەرمەزاریانەی هەموو ڕۆژێ لەگەڵ بەغدا توشیان دەبێت، چونکە خەڵک هەمووی دەبینێ چۆن توشی چ شەرمەزاریەک هاتون. بەڵکو پێویستە لەپێناوی ئەو هەموو کوێرەوەری و دەردەسەریەی خەڵک لەماوەی حوکمی ئەوانە توشی هاتوە، ئەم هەموو نەهامەتیانەی توشی خەڵکیان کردوە، لەبانگەشەکانی هەڵبژاردنیش دووبارەی دەکەنەوە و ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی هەموو نەهامەتیەک بۆ خەڵک، دەبێتە هۆکارێک کە خۆیانی پێ بەهێز بکەن. لە پێناوی ڕاگرتنی ئەم هەموو کوێرەوەریە، پێویست ناکات لەماڵەوە دانیشین بەدیاریانەوە، هەروەها ئەو ڕێگەیەی دەتوانین پێیدا سەرکەوین و پێیان بوێرین بەبێ ماندووبوون و خوێنڕشتن و بێترس ڕێگەی دەنگدانە، ئەویش تاکە ڕێگەی سەرکەوتنە، دانیشتن لە ماڵ و بایکۆتکردنی دەنگدان، ڕازیبوونە بەو کوێرەوەریانە دەیان ساڵە داخی لێدەخۆین، ژیانی هەموانی وێران کردووە، هەموو ئەو هۆکارانە و زیتریش وادەکات بچین دەنگ بدەین.