سەبارەت بە سەردانەکەى شاندە نیشتمانیە یەکڕیزییەکەى هەرێم بۆ بەغدا
9/16/2023 1:29:00 PM
د.سەردار قادر
چوونى شاندەکە بەو پێکهاتەیەى بۆ بەغدا دیمەنێکی نیشتمانى جوان بوو لەسەر دوو ئاستى نەتەوەیی: نیشتمانیی بوو بەوەى کە هەمووان ناسۆرەکانى ئەم گەلە سەر لەنوێ کۆیکردنەوە بەرانبەر ئەو لایەنەى کە ستەمیان لێدەکا، دووەمیش یەک ئەجیندایی کە یەک بابەت و ئامانج کۆیکردنەوە ئەویش شایستە دارایی و دەستوریەکانى خەڵکی ستەمدیدەى ئەم هەرێمەیە، ئەوانەشی لەو تابلۆ نیشتمانییەدا نەرەخشابوون ڕوداوەکانى داهاتووو مێژوو حوکمیان لەسەر دەدات، هەر بۆیە ئامانجە گەورەکە دەبێ خزمەتکردنى خەڵک بێ و هەمیشە هەوڵەکان بۆ هێنانەدی پرسی کورد لە عیراق بەردەوام بن، ئەویش مەحاڵ نییە ئەگەر ئێمە یەکڕیز بین، هەر بۆیە لایەنە سیاسیەکانى هەرێم باشترین پەیام کە بۆ بەغداى بنێرن یەکڕیزییە.
بەڵام مەخابن ئەوەى من بەدیم کرد دوێنێ دوو دیمەنى جیاوازبوون:
یەکەم: کورد یەکڕیزو یەک ئەجینداو یەک هەوڵبوون، مەبەستیان بەدەستهێنانى شایستە دەستورییەکانمانە لە بەغدا، جارێکی تر نیەتپاکی خۆیان بۆ یەکلاییکردنەوەى دۆسیەکان بەپێی دەستور لەگەڵ بەغدا دووپاتکردەوەو لایەنە سیاسییەکان هەمووان ئەو ڕاستییەیان دووپاتکردەوە لە لێدوان یان کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکانیاندا.
دووەم: لایەنە سیاسییەکانى عیراق ویستیان پەیامێک بۆ ڕایگشتى عیراق و ئەمەریکا بنێرن، بەوەى ئەوان هیچ دوژمنکاریەکیان لەگەڵ کوردو هەرێم نییە، هەمووان دووپاتیان لە چارەسەرى گرفتەکان کردەوەو هیوایان خواست.
ئەدی گرفتەکە لەکوێدایە:
بەڕاى بەندە ئەوەندەى کە بەدواداچوون بۆ گرفتەکانى نێوان بەغداو هەرێم دەکەم و دەشنوسم دەربارەیان، ئەوەیە، کە دەبێ لە دوو راستى تێبگەین:
1- جارێکی تر تۆپەکە خرایەوە ئەنجومەنى وەزیران کە گرفتەکە یەکلایی بکاتەوەو چارەسەرى بکات، چونکە هیچ وەعدێکی ئەوتۆیان نەدا، بابەتەکانیش لە ئەنجومەنى وەزیران زیاتر دەبنە یاسایی و ڕێوشوێنی کارگێڕی، بۆ ئەو مەبەستەش یاساو ڕێوشوێنى تەواویان دژ بە هەرێم دەرکردووە کە نەهێڵن هەرێم لە بۆدجە سوودمەند ببێت، حاکمی ڕەهاش وزیرى داراییە کە لە ژێر کۆنترۆڵی مالکیدایە، وابزانم ئەو وەزیرەش دژ بە هەرێم هیچ وەصفێکی ترى ناوێ کە بیکەین و ئەویش تا هەنووکە درێغی لەوبارەیەوە درێغی نەکردووە.
2- ڕاستى دووەم ئەوەیە کە ئایا ئەوان بەو پێشوازییە گەرمەوە تۆ بڵێی گرفتەکان چارەسەر نەکەن کە هەموویان جەختیان لەسەر کردەوە، گەرچی ئەو دیمەنەمان پێشتریش بینیوەو هیچ چارەسەر بەدوایدا نەهاتووە، بەڵام تاکە پێوەر ڕۆژى یەکشەممەیە کە ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەى بڕیار لەسەر پرسەکە بدات، ئەگەر بڕیار لەسەر ناردنى بەشە بۆدجە درا، ئەوا پێدەچێ جۆرێک لە نیەتپاکی هەبێت، هەر چەندە ئەمەیان زۆر قورسە، ئەگەر هیوایان خواست و بەستیانەوە بە ڕیکارە کارگێڕی و بەدواداچوون و وردبینیکردن لەوبارەیەوە بۆ رۆژانی داهاتوو، ئەوا بابەتەکە دەبێتە موماتەڵەپێکردن و دواتریش پێمان دەڵێن ئەو وەعدانە هی سیاسییەکان بوون نەک ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى عیراق، هەر وەک چۆن سەبارەت بە ڕێکەوتنى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێیان وتین ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ پەرلەمان نەکراوەو هیچ کام لەلایەنە سیاسییەکانى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە سودانیشەوە بەرگرییان لێنەکرد.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەویە: ئایا بەڕاست ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانى ئەو لایەنانە ئاماژە یە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانیان بکەن، ئەوان بە قسەیان ناکەن؟ یان شەڕەکە دادەبەزێنن بۆ ئاستى ئەندام پەرلەمان و وەزیرێک لەگەڵ هەرێم؟ ڕۆژى یەکشەممە ئەوەندەى نەماوە.