روسیا : بە براوەیش هەر دۆراوە
3/7/2023 11:20:00 AM
71 جار خوێندراوەتەوە
خالید حاجی ئەحمەد
ساڵێک بەسەر پەلامارەکەی روسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا تێپەری و هێشتا
تروسکایی چارەسەر لە ئاسۆدا دیار نیە. وەک زۆر دیاردە و روداوی تر، لەم بابەتەشدا
کۆمەلگای نێودەوڵەتی دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەی یەکەم وڵاتانی رۆژئاوا و
دنیای ژێر هەیمەنەی ناتۆ و وڵاتە دیموکراسی و نیمچە دیموکراسیەکانە. ئەم بەرەیە بەرگریەکی
سەرسەختانە لە ئۆکرانیا دەکەن و روسیا بە دەستدرێژیکەر بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری
و ئەندامی نەتەوەیەکرگرتوەکان دەزانن. بەرەی دوەم روسیا و ئەو وڵاتانەن کە بە پلەی
یەکەم دژ بە هەیمەنەی ناتۆ و ئەمریکان لە جیهاندا و لە هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند جەمسەریدان
بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و گرنگ نیە بەلایانەوە روسیا دیوکراتی نیە. ئەرگومێنتی
لە پێشینەی ئەم بەرەیە ئەوەیە: کە نەدەبوا ئۆکرانیا هەوڵی بوون بە ئەندام بونی بدایە
لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا و لە بەرانبەردا مەترسیەکانی روسیای لە بەرچاو بگرتایە.
دەکرێ بڵێین : ریشەی کێشەکان بە پلەی یەکەم، دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای
90 کان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بە گشتیتر. دواتریش هەوڵی
روسیا بۆ گەیشتنەوە بە ئاست و گەورەیی سۆڤیەت و گەرانەوە بۆ دووجەمسەریی کە تێیدا
روسیا سەرۆکایەتی جەمسەرێک بکات.
بە کورتی دوای روخانی سۆڤیەت، سێ تێروانینی جیاواز، بۆ ئایندەی ئەوروپا
لە کایەدا بوو:
1- ئەمریکیەکان دەیانویست
راکێشانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بۆ ناو (ناتۆ) کە لە ژێر هەیمەنەی خۆیدایە،
روسیا کەنار بخەن و لە هەمانکاتدا رێگربن لە رەوتی یەکێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی
سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپیی کە لە ئاییندەدا کێبەرکێی ئەمریکا و چین بکەن.
2- بۆچوونی ئەوروپیەکان خۆی لەوەدا دەبینیەوە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا
پەیوەست بن بە یەکێتی ئەوروپاوە بێئەوەی ناچار بن ببنە بەشێک لە ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش
دەیانویست پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ روسیادا هەبێت.
3- لەبەرانبەردا روسەکان دەیانویست بازارێکی گەورەتری ( ئێرۆ – ئاسیایی
) بێتە ئاراوە کە وڵاتانی سەربەخۆ بووی سۆڤیەتی کۆن لە ئاسیا و قەوقازدا لەخۆ بگرێت،
کە بێگومان دەیتوانی خۆی رۆڵێکی گەورەی تێدا دەستەبەر بکات.
قەیرانی ئابوری 2008 لە رۆژئاوادا و بەرزبونەوەی
نرخی نەوت، هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە جیهاندا ، بەهاری عەرەبی و دەرچوونی بەریتانیا لە
یەکێتی ئەوروپا، وای لێدەخوێنرایەوە زۆرینەی روداوەکان لە خزمەتی روسیادان. بەڵام پێنەگەیشتنی دیموکراسیە روسیەکە، رێگربوو لە دەستاو
دەست کردنی دەسەڵات و پۆتین وەک ئەردۆغان و زۆرینەی سەرکردە دیکتاتۆرەکان کەوتە ئاڵوگۆری
یاسا ورێساکان لە بەرژەوەندی کەسیی خۆیدا. خۆی و دارودەستەکەی قۆرغی داهاتی وڵاتەکەیان
کرد و رێگربوون لەوەی روسیا بتوانێت شان بەشانی کڵاوە ئەتومیەکانی هێزێکی ئابوری نەرم
پێکبهێنێت کە لە دنیای پڕ لەکێشمەکێشی ئەمرۆدا توانای کەمێ مانوەری سیاسی پێببەخشێ.
لێرەوە پۆتین وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر پێویستی بە شەرێکی دەرەکی بوو تا رەوایی بدات
بە درێژەدان بە فەرمانرەوایەتیەکەی. لە 24 ی شوباتی 2022 دا روسیا پەلاماری ئۆکرانیای
دا. سەرەتا پۆتین هێرشەکەی بە کردەیەکی کاتی و دیاریکراو ناوزەدکرد و لەو باوەرەدا
بوو لە ماوەیەکی کەمدا سوپای ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە ئەداو خۆپیشاندان و پشێوی سەرتاپای
ئۆکرانیا دەگرێتەوە، حکومەتەکەی زیلینسکی دەروخێت و حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان دێننە
ئاراوە. بەڵام بە پێچەوانەوە روسیا پەلکێشی جەنگێک کرا کە ئەوسەری دیار نیە، لەم جەنگەدا
ئیعتبار گەرایەوە بۆ دەزگا جاسووسی و نهێنگریەکانی رۆژئاوا و ئەوروپا نوزەی دژ بە
ئەمریکای تێدا نەما و پەیوەندی نێوخۆیی ئەوروپاش بەهێزتر بوەوە.
جیهانێکی سێ جەمسەری
جەنگی ئۆکرانیا، دیاردەیەکی نوێی پێ ئاشناکردین کە سەراپای مێژوو بۆ
قۆناغێکی دیاریکراو داگیر ئەکات: ئەویش ئینتەرنێتە.هەر بۆخۆشی جەمسەرێکی گەورەو بەهێز
دەبێت لەگەڵ دنیا دوجەمسەریەکەدا کە پێی ئاشناین. روسیا وەک هێزێکی باڵادەستی تەقلیدی، لە چەند کاتژمێرێکدا کۆی کۆمینیکەیشن
و پەیوەندیەکانی ئۆکرانیای لەناوبرد. بەڵام هەموو چەند سەعاتێکیشی نەخایاند تا (
ستار لینکێکی ) بۆ کرایەوە و ئینتەرنێتەکەی کەوتەوە سەرپێ و ئێستا بە تەکنۆلۆژیایەکی
بەرز، کۆی پەیوەندیە سەربازی و ئابوری و مەدەنیەکانی ئۆکرانیا پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوە
و چیتر باسێک لە ( فاکس و تەلەفۆن و جیهازی راکال ) لە کایەدا نیە.لە لایەکی ترەوە
ئینتەرنێت: یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئابوری ئۆکرانیا بوو بەشیوازێک کە کۆی بانکەکان و
دارایی وڵاتەکە لەم رێگەیەوە لە گەڕدایە و دراوی دیجیتاڵی پانتاییەکی زۆری بۆ مامەڵە
دارایەکانی ئۆکرانیا دەستەبەرکردوە. هەرچی گروپە هاککەرەکانە کە سەرەتا وادەبینرا
روسیا باڵادەست بێت تێیدا، پێچەوانە بوەوە و بەتایبەت گروپی ( ئەنۆنیمەس ) تەنگیان
بە روسیا هەڵچنیوە و هەر رۆژە و لە شارێک وەزارەتێک یان دایەرەی دابەشکردنی ئاو یان
بانکێک یان زانکۆیەک کارەکانی رادەگیرێت. هەروەک چۆن ئێمە ئاشناین بە ووشەی ( ستیزن_
کە بەمانای هاوڵاتیی دێت)، لە ئێستا بە دواوە لە بەردەم کۆمەڵگایەکی نوێداین کە
( نێتزن _ واتە هاوڵاتی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان)
دەناسرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە هاوبەشە روسەکانیشەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆتیندا نین. بێگومان
هێزی ئاگرینی روسیا بەهێزە و تا دەیان ساڵی تریش بە بەهێزی دەمێنێتەوە.تا ئێستا زیاتر
لە 13 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارە بوون. سەدان هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی کوژراون، سەرباری
ئەوەی باس لە کوشتنی 15 هەزار سڤیل دەکرێت. روسیا دەتوانێت ئۆکرانیا لە بن بێنێت،
بەڵام بە براوەیش هەر دۆراوە.