بەڕەکەی ژێر پێی ئەردۆغان
5/6/2023 8:50:00 PM
خالید حاجی ئەحمەد
چەند رۆژێکی کەم و وەک دەوترێت هەڵبژاردنە چارەنوس سازەکەی تورکیا ئەنجام ئەدرێت ( 14 / 5 ). جێی ئاماژەیە لە 27 / 4 وە، رەوەندی تورکییایی لە هەندەران دەستیان کردوە بە دەنگدان و پرۆسەکە تا 9 /5 دەخایەنێت.
گەرچی چاوەروان دەکرێت ( ئاکەپە ) وەک گەورەترین حیزبی هەڵبژاردنەکان لە تورکیادا بمێنێتەوە، بەڵام ئەم چاوەروانیە بۆ ئەردۆغان سەلمێنراو نیە. ڕەنگە لە دوو دەیەی رابوردودا دەنگدەری تورکیا هێندەی ئێستا، دوو دڵی پێوە دیار نەبوبێت. سەرباری پرسی ئابوریی کە هەمیشە رۆڵی سەرەکی دەبینێت، لەم هەڵبژاردنەدا دوو پرسی تر خۆی لە داڵغە و خەیاڵی دەنگدەردا دەبینێتەوە کە بریتین لە :
1 – چارەنووس و دوا رۆژی تورکیا
لە دوای تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی، ئەردۆغان یاسای بنەرەتی تورکیای لە بەرژەوەندی خۆی گۆری ، بەوەی راستەوخۆ سەرۆک هەڵببژێرێت، نەک لە پەر لەمانەوە. دواتر لە بەرگێکی پان تورکیزمدا، کۆی ئەو سیاسەتەی گۆڕی کە لەسەر تێزەکەی داودئۆغڵو ( سفرکردنەوەی کێشەکان ) بنیات نرابوو. بە ئاشکرا دیفاعی لە شەری ناوخۆی سوریا کرد و سنوری ئەو وڵاتەی بەزاند. لەسەر ( ئیخوان ) تەواوی پەیوەندیەکانی لەگەڵ میسر تێکدا، دەست درێژیەکی راستەوخۆی کردە سەر لیبیا و بوە بەشێک لەشەری ناوخۆی ئەو وڵاتە. ( قەتەر ) ی لێدەرچێت، ناکۆک بوو لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا. گەرچی وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام سیستەمی دژە فرۆکەی ( ئێس 400 ) ی روسی کڕی. دوێنێیەکی نە هێندە دوور کەوتە هەڕەشە لە یۆنان و ئەمرۆش بەنیاز نیە دەنگ بدات بە بەئەندامبونی سوید لە ناتۆدا. گەرچی بە نزیک بونەوە لە هەڵبژاردنەکان، لەم مانگانەی دوایدا، لە هەوڵی گۆڕینی ئەو ڕەوتەدابوو، پێدەچێت بەرهەمێکی وای لێنەچنیبێتەوە. ئەوەی لە میدیاوە دەبینرێت، ئەمریکا و رۆژئاوا ویستی دەرچوون و هەڵیژاردنەوەی ئەردۆغانیان نیە.
بەرەی دژ بە ئەردۆغان، لە هەموو ئەم پرسانەدا، تا رێژەیەکی زۆر دژ بە ئەردۆغانن و بەنیازن زۆر بە زوویی تورکیا بگێرنەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی.... لە دەرەوەشدا وا بریارە کۆتایی بە سیاسەتی هێرشبەرانەی تورکیا بهێنن و بە جورئەتەوە روبەروی کێشە ناوخۆیەکان ببنەوە و هەوڵی ناردنەدەرەوەی نەدەن. گەرچی ئەم پڕۆسەیە هێندە ئاسان نابێت و دەنگی پتر لە 400 ئەندام پەرلەمانی دەوێت. بەڵام دۆرانی ئەردۆغان دەکرێت سەرەتای ئەو رەوتە بێت بەرەو ئەو گۆرانکاریانە.
2 – ناسۆنالیزم و ئایین
ئەمرۆ کۆمەڵگای تورکی بەهەموو مانایەک کۆمەڵگەیەکی ناسیۆنالیستیە. بە هاتنە سەرکاری ئاکەپە، زۆری لێ چاوەروان دەکرا: دەگوترا ئەم حیزبە دەتوانێت ریفۆرمێکی جیدی لە ئیسلامی سیاسیدا ئەنجام بدات و تەنانەت زۆرێک پێداگریان دەکرد کە ئاکەپە دەبێتە ( حیزبی دیموکراتی مەسیحی ) ئەڵمانەکان لە دنیای ئیسلامدا. سەرەتا بە نزیک بونەوە لە ئەوروپا و ئازادکردنی بازار ئەو بۆچونە زیاتر تۆخ دەبوەوە. بەڵام بە تێپەڕینی کات، دەرکەوت خەونی ئەردۆغان تەنها خەونێکی سوڵتانیەو جگە لەوە خاوەنی هیچ روئیایەک نیە. بە هاتنی چەند نەوەیەکی نۆێ لە کاتی هاتنە سەرکاری ئاکەپەوە، ئاین کەمەکێک ڕوی لە لاوازی کردوە و ئەردۆغان و حیزبەکەشی لەبەرانبەردا نەک روەو کرانەوە و لیبرالیزم بەڵکو بەرەو ناسیۆنالیزمێکی توندرەوانە رێدەکەن. سەرنجێکی خێرا لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان، وێنەیەکی رونی کۆمەڵگای تورکیامان نیشان ئەدات.
بێگومان هاوبەشە بەهێزەکەی ئەردۆغان( بزوتنەوەی نەتەوەیی ) ی باخچەلییە. کە دایکی گورگە بۆرەکانە و لە دەرەوەی تورکیادا ( یەکێتی کۆمەڵە تورکیە دیموکراتە ئایدیالیستەکان ) نوێنەرایەتی دەکات کە بە چەتری کۆکەرەوەی گورگەبۆرەکان هەژمار دەکرێت. هاوبەشێکی تری ئەردۆغان حیزبی (یەکێتی گەورە) یە کە ئەمیش لە گورگە بۆرەکانەوە لە دایک بووە. ئەم حیزبە ئیسلام بە گرنگ دەزانێت بۆ پێناسەی پانتورکیسم.هەروەک تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی زۆرێک لە کەسە لیبراڵ و ئازادەکان، لەوانە رۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئەرمەن ( هەرانت دینک ).
( حیزبوڵا) ی تورکیا کە خۆی بە بەدیلی ئاکەپە دەزانێت، لایەنگرێکی شەخسی ئەردۆغانە. ئەم حیزبە بەناوبانگە بە کوشتنی سەدان گەر نەڵێین هەزاران کەس بەتایبەت لە باشوری ئەنادۆڵ و سەراپای ناوچە کوردیەکان بەتایبەت لە دەیەی هەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابوردودا. رەنگە جێی سەرنج بێت کە زیاتر لە 400 ئەندامی ئەم حیزبە تەنها لە ئەڵمانیادا لە ژێر چاودێریدان. لە دەرەوەی حیزبەکاندا رێکخراوی ( ماڵ - منزل ) کە حکومەت کردیە جێگرەوەی کۆی رێکخراوە ( گولەنیەکان ) و بەهەزاران کارمەند و خۆبەخشی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیادا و بۆتە ئەژدیها لە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری و ئابوری و خزمەتگووزاریدا، ئەم رێکخراوە، دەزانێت بوون و مانەوەی بەندە بە مانەوەی ئەردۆغانەوە و هێشتا ئەردۆغان بە فەرمی خۆی کاندید نەکردبوو، ئەمان کەوتنە بانگەشە بۆی.
رەنگە پرسی ئابوری، گرنگترین کێشەیەک بێت کە روبەروی ئەردۆغان بوبێتەوە. ئەم پرسە بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ گرنگیەکی زیاتری هەیە. بڕیارە تاک رەویەکانی ئەردۆغان لە بواری ئابوریدا کە بەرنجامی تێروانینێکی خۆ بەسێنتەرزان و هەمەکارەیە، گەرەنتی هەستانەوەی ئابوری تورکیا و دابەزینی هەڵئاوسان و بەرزبونەوەی نرخی دراوی وڵاتەکەی ناکەن. بەتایبەت کە لە چەند ساڵێکی کەمدا 3 سەرۆکی بانکی مەرکەزی لە کار لادا و لە راستیدا ئەردۆغان خۆی رۆڵی سەرۆکی بانکی مەرکەزی دەبینێت. لەم بوارەدا ئەردۆغان پشتی بەستوە بە وزەی هەرزان کە تا ئێستا ( هەرێمی کوردستان )، بۆی دابین ئەکرد، و پارەی مۆڵی قەتەر و ئیمارات و تەنانەت سعودیە، کە بەم دوایانە تەنازولی بۆ کردن. دیسانەوە دابەزاندنی نرخی سود بە مەبەستی وەبەرهێنانێکی بەرفراوان تا بتوانێت هەلی کار بۆ نەوە نوێکان و لە پاڵیشیدا نرخی لیرە بەرزبکاتەوە.
لە بەرانبەردا بەرەکەی تر گازەندەی خاوبونەوەی داهێنان و پێشکەوتن ئەکەن کە ( ئەقڵی تورکی ) وەک هیند و چینی لێهاتوە و تورکیا بەجێدەهێڵن و گومانیان لە ئایندەی ئابوری وڵاتەکەیان هەیە،کەلەلایەن دارودەستەی ئەردۆغانەوە قۆرغ کراوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئابوری تورکیا لەدەست هەژمونی ( قۆنتەراتچیەکانی) ئاکەپە دەربهێنن. بێگومان پرسی گەندەڵی بەتایبەت لە بابەتی خانوبەردەدا دوای بومەلەرزەکەی ئەم دواییە روی هەڵماڵرا، گەرچی ئەردوغان بە قۆرغکردنی میدیای وڵاتەکەی توانیویەتی سەرنج لەسەر ئەم بابەتە دوربخاتەوە.بەڵام هێشتا زۆرێک بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن.
کورد و ئەم هەڵبژاردنە
وا نوێنەری زۆرینە دیموکراسی خوازەکەی کورد( هەدەپە )، بڕیاری دا دەنگ بداتە رکابەرەکەی ئەردۆغان. هەموو لێکدانەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کوردەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نەبوو...لە رابوردودا هەوڵێکی زۆر درا تا ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەی کورد چارەسەر بکات، بەڵام هەموو کاتێک ( پەکەکە ) ی کردۆتە بەهانەو پشتی کردۆتە داخوازیە ڕەواکانی کورد و ئەم پرسەی لە چەقبەستوویی و تاوانبارکردنی کوردا هێشتۆتەوە. لە راستیدا بژاردەکەی هەدەپە، دەنگدانە دژ بەو چەقبەستوویە و هەوڵێکە بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.
رەنگە بەهێزترین خاڵی ئەردۆغان، لاوازی رکەبەرەکانی بێت. پارتی کۆماری لێدەرچێت، کە رێژەیەک لیبرالانە بیردەکەنەوە، ( هێشتا ئەو پارتەش نیوەی هەڵگری چەپی نەتَەوەیی و ئیسلامی نەتەوەیین)، پێنج حیزبەکەی تر نەتەوەیی و ئیسلامین. کە زۆرینەیان لەبەر چەند هۆکارێک ئاکەپە و حیزبەکەی باخچەلیان جێهێشتوە و هەمویان لە دوو سەرچاوەی پانتورکیزم و ئیسلامگەرایی عوسمانیەوە ئاودەخۆنەوە. من گەرەنتیەک شک نابەم بۆ باشی کلیچدارئۆغڵو، بەڵام گۆرانکاری رەنگە تەکانێک بێت لانی کەم بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ.