وچانێکی کورت !
2/15/2022 2:33:00 PM
د.سیروان محەمەد
کاتی ئەوە نیە ئیتر فەیس بوک و هەڵچونی کاتی کەسێک
لەسەر سێکتەرێکی دیاریکراو کاری حکومەتێک رانەگرێت و سوکایەتی بەو هەموو فەرمانبەرە
بێدەرەتانە نەکات ! جارێک کارەبا و ڕۆژێک شارەوانی یان لیژنەکانی
لابردنی زیادەڕەوی و گلەییەک لە تەندروستی!
ساڵێک زیاترە ئیدارەی گەرمیان هەنگاوی باشی ناوە
بۆ کردنەوەی ئیدارەکە بە ڕووی دنیا و هێنانی
پرۆژەو هاتنی سەرۆکی حکومەت وسەرجەم وەزیرەکان و ئەو هەموو کونسل و وەفدە بۆ گەرمیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی فەرمانگەکانی
و بەشداری کارایان لە کۆبونەوەو چالاکییەکانی پایتەخت وبۆنەکان ، ڕۆژێک سەرکونسوڵی
ئێران و دواتر کونسوڵی ئەڵمانیا و ژاپۆن .
ئیدارەی گەرمیان دەوڵەمەنترین و بەهێزترین ئیدارەی سەربەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە : مامەڵەی دەروازەیی
نێودەوڵەتی تێدایە ، کۆمپانیای نەوتیی زلهێزەکانی دنیا کاری تێدا دەکەن، بەرەیەکی
فراوانی جەنگی شکاندنی هێزی داعشی پێشکەش
بە مرۆڤایەتی کرد، ساڵانێکە ئاوارەی نێوخۆیی لەخۆگرتووە،کەمترین فەرمانبەری حکومی
هەیە و زۆرترین ئەندامی هێزی شەڕکەری نیشتیمانی لە پێشمەرگەو ناوخۆ و هێزە سیاسییەکان
تێدایە، زۆرترین ژمارەی پزیشکی پسپۆر و پسپۆری یاسایی و بروانامەی زانکۆیی بەرزی تێدایە
مۆزایکی ئیدارەی گەرمیان رەنگدانەوەی فرەڕەنگی
سیاسی ناوچەکەیە کە سەڕەڕای ململانێی سەرەتا بۆ یەکتر قبوڵ نەکردن ولەمپەر دروستکردن ئێستا پێگەشتوترەو ئارامی و
لێک تێگەیشتن و کاری پێکەوەیی و بریاردانی
هاوبەش سیمای جوانی چەند ساڵی کاری رابوردووە بۆ ئێستا.
گەرمیان ناوچەیەکی جوگرافی و ئابوری سیاسی گرنگە
بۆ هەرێمی کوردستان ، هەر لە دەروازەی سنوری هێزی ئیقلیمی بۆ نەوت و گازی سروشتی و ماوەی سەد ساڵە جێی کێشەو
ململانێی سیاسی فرە نەتەوەیی بووە بە دەرهاویشتە
خراپەکانیشیەوە وەک پاکتاوکردنی نەتەوەیی شاڵاوی ئەنفال.
روانگە بۆ پێشخستن و فراوانکردن و بەهێزکردنی ئەم
ئیدارەیە بە بیرکردنەوەی تەقلیدی ئیدارەدانی پانزدە ساڵ پێش ئێستا ناکرێت ! هەر وەک
تێگەیشتن و چاوکراوەیی گەرمیانیەکان پێش
پانزدە ساڵ نییە بەڵام لێرەو لەوێ شەن و کەوی نازانستی و دوور لە واقیعی مۆدێرن و سەردەمی 5G و لۆکالیتی و بەکەم زانینی ماندوبون و بنیادنانی
نیوخۆیی هەیە.
خێزانەکانی ئێرە قەرەباڵەغن و کۆمەڵایەتین و پرە
لە وزەیەکی بێشوماری گەنجی بێ کار و رەخنە
گر و چالاک و زۆرترین چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بەتوانا و نوێنەری پەرلەمان و ئەنجومەنی
کارای تێدایە
تا ئێرە وچانێک ...ئێستا کاتی ئەوەیە بخرێتە سەر
ڕێگەی گەشەی شارە سەرکەوتووەکانی جیهان و پلانی ستراتیژی لەخۆبگرێت بە خستنە گەری
سەرمایەی زیاتر و فەراهەمکردنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە سەرجەم سێکتەرەکان
بە تەندروستیشەوە بۆ بوژاندنەوەو باشترکردنی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان لەورێگەیەوە ،
هەروەها کەمکردنەوەی دژایەتی کردنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم بەرنامەیە و وەرچەرخان لە بیرکردنەوەی
تەقلیدی و بچوک ، چونکە زامنی پێدانی کارە بۆ کەسە بەتوانا سەرکەوتووەکان و
دروستکردنی داهێنان وململانێی پێشکەوتن ، ئەو دەمە هەموو سەرقاڵی کاری بەرهەمهێن دەبن
و وازدەهێنرێت لە خۆدەرخستنی بێسود و کاتی قسەو پۆستی بەتاڵ و چەواشەکاری نامێنێت