401وتار

ڤاکسینی ئەسترازینیکا کێ بەکاریدەهێنێت؟

4/5/2021 7:16:00 PM
د.سیروان محەمەد



ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یەکێتی ئەوروپا و فەرەنسا بەتایبەتی لە ساڵی پارەوە بەرنامەی کۆڤاکسیان داهێنا بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩بۆ جیهان، بەشێوەیەک هەموو وڵاتیکی دەوڵەمەند و هەژار بتوانێت هاوڵاتیانی سود لە ڤاکسینەکە وەربگرن و زیاد لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکان کەوتنە هاوبەشی بەرنامەی کۆڤاکس.

وڵاتی هیندستان بەهۆی زۆری کارخانەی دەرمان و ڤاکسینەوە لە ئێستادا لە سەدا شەستی ٦٠:/ ی ڤاکسینی جیهان بەرهەم دێنێ و مۆڵەتی کۆمپانیاکانی دۆزەرەوەی پێدراوە، بڕیکی زۆر هاوردەی دەرەوە دەکات لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکس.

ڤاکسینی ئەسترازینیکا یەکێکە لەو ڤاکسینانەی لە ئێستادا زۆرترین بەکارهێنانی لەسەر ئاستی جیهان هەیە.

دابینکردنی ماددە خامەکانی ڤاکسینی (کۆڤید ١٩) کێشەی ئابوری دروست کردووە لە نێوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو جیهان، بە جۆرێک بەهۆی یاسایەکی کاتی ترەمپەوە ناهێڵدرێت ئەو مادە خاوانە هەناردەی دەرەوە بکرێت بەئاسانی، بەمەش وڵاتێکی بەرهەمهێنی وەک هیندستان مەترسی کەمبونەوەی دروستکردنی ڤاکسینێکی وەک ئەسترازینیکای بەریتانی بۆ دروستبووەو ئەویش بڕیاری کەمکردنەوەی ناردنە دەرەوەی ڤاکسینەکەی داوە بۆ وڵاتان.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان؛ ئەوەی ئێستا هەیە بڕێکی دیاریکراو لەو ڤاکسینە لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە گەیشتۆتە شارەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان بە سستی بەرەو پیری وەرگرتنی ڤاکسینە دەچن.

هەر چەندە لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان پێشوازییەکەی باش هەیە، بەڵام لە شاری کفری وشوێنەکانی دیکە بەداخەوە پڕۆسەکە زۆر سستەو هاونیشتیمانیان نایەن بەلایدا.

ڤاکسسینی ئەسترا زینکا، کە بەدەستمان گەیشتووە کێبرکێیەکی جیهانی و داوای زۆری لەسەرە وەک جۆرەکانی دیکە، زۆربەی وڵاتان بڕی پێویستیان پێنەگەیشتووە چونکە ئێستا هەر بە پارەیە !

دڵنیام ماوەیەکی دیکە سەرەو قەرەباڵەغی و کێشەش بۆ وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە دروست دەبێت کە کەمبوەیەوە !؟ بەڵام ئەو کات خۆ کارگەکانی لای خۆمان نین، دەبێت چاوەڕێی ئەمریکا بکەین مادە خاوەکانی بداتە وڵاتانی بەرهەمهێن و ئەوانیش لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکس بە فرۆشتن بینێرن بۆ عێراق یان هەرێمی کورستان و دوای ئەوە بگاتە هەولێری پایتەخت و لەوێشەوە بۆ سلێمانی ئینجا بەو ڕیگا خراپەدا بگاتە  شاری کەلار !

ڤاکسین، دەرمانی ئەو دەردەیە کە جیهان هیلاک بوو بە دەست بەڵای کۆرۆناوە، خەمساردی هاونیشتیمانیان واتە بێباک بوون بەرامبەر مەرگ و تەندروستی خۆت و خێزانەکەت!

*بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن