335وتار

بۆ ڤاکسین وەرناگرین، خەتای هاوڵاتییە یان حکومەت ؟

10/27/2021 9:39:00 PM
د.سیروان محەمەد

    ساڵی ٢٠٢٠ بەدواوە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کۆڤید-١٩ یان تێدا بڵاوبوەیەوە زەرەر وزیانێکی بێشوماریان کرد، وڵاتە دەوڵەمەندو پێشکەوتووەکان هەر زوو کەوتنە خۆیان و کەمتر لە ساڵێک ڤاکسینیان دۆزیەوەو هاوتەریب بەردەوام بوون لە هاوکاریکردنی سەرجەم هاوڵاتیانیان ؛ بەپێدانی هاوکاری ماددی باش و موچەی زیاد ، نەیانهێشت کۆمپانیا و خاوەن کارە بچوک و مامناوەندەکان بکەون چونکە ئەمانە بڕبرەی پشتی ئابوری وڵات و چینی ناوەندن و لە هەمان کاتدا کۆمپانیا گەورەکان ناچارکران بەشێک لە سەرمایەکانیان بخەنە خزمەتی کارمەندەکانیانەوە،حکومەتیش بەردەوام موچەی دەداو پاداشت و پارەی زیادەی خستە بەردەم فەرمانبەرانی، بەم شێوەیە بە هاوبەشی هەموو لایەک بەسەر دۆخەکە زاڵبوون و کەمترین زیان بەر هاوڵاتی کەوت و دڵخۆشی و باوەڕبوون بە حکومەت ویاسا و وڵاتیان پتەوتر بوو، ئەنجام وەڵامی هاوڵاتیان بۆ داخوازی حکومەت لەبۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر خێرا بوو نمونە تا ئەمڕۆ رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین بەم شێوەیەیە ؛ ئەمریکا (65%) ،کەنەدا(78%) ، فەرەنسا  (75%) ،سوید(71%)، ئەڵمانیا (69%)

لەم بەشەی کوردستان چی ڕویدا ؟

هەرچەندە دوای چوار مانگ (لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠) کۆرۆنا لە کوردستان دەرکەوت ولە هەندێ ناوچە دواتر(وەک گەرمیان لە مانگی ٦ یان حوزەیران) دەرکەوت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سێ  مانگی یەکەمی ساڵ سود وەرنەگیرا و بازرگانی تەواو وەستاو نرخی نەوت گەیشتە نزمترین ئاستی لە مێژوودا و دەمێكیش بوو بەغداد پارەی نەدەنارد، حکومەت نەک هەر موچەی فەرمانبەرانی نەدا بەڵکو بە ‌قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و جوڵەی هاتوچۆ؛ سەرجەم چالاکی ئابوری بازاڕ وبازرگانی ناوخۆی پەک خست و داهاتی خەلکی موچەنەخۆریشی بڕی !

کاتێک  ئەمساڵ حکومەت رایگەیاند دۆخەکەمان تێپەڕاند و قەرزمان نەهێنایە سەر حکومەت ؟ راستیان کرد ، حکومەت قەرزی کۆمپانیای نەوت و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دیکەی دایەوە بەڵام مووچەی تەواوی هەشت مانگی تەنها ساڵی ٢٠٢٠ ی فەرمانبەرانی پاشەکەوت کرد ! هاوڵاتیانی تەواو هەژار خست و گیرفانی هەمووانی بەتاڵ کرد، سەرجەم خزمەتگوزاریە گشتیەکانی حکومی باجی نەبونی پارەیان داو و پرۆژە حکومیەتەواونەکراوەکان وەک خۆیان مانەوە، کۆمپانیا ئەهلییەکانیش زیاتر دەوڵەمەند بوون و بەردەوام لە گەورەبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتری ناتەندروستدان.

هاوڵاتی قوربانی یەکەمی ئەم دۆخەی کۆرۆنا بوو، بێ هاوکاری و  بێ موچەو گرانی بازار و شکستی ئابوری لە ٢٠٢٠دا هەر بۆیە رکودە ئابوریەکە بە  موچەی تەواوی مانگەکانی ٢٠٢١ نەیتوانی پارسەنگی بکاتەوە چونکە تەواو کاریگەری نەرێنی لە قوڵایی بازارو گیرفانی تاک  و دۆخی دەروونی و متمانەی خەڵکی کردبوو.

ئەو بێمتمانەییە هەر وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا دەرکەوت و کەمترین خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد ، هەمان بێمتمانەیی لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەدیدەکرێت و هیچ متمانەیەک لای هاوڵاتی بەم ڤاکسینە نیەو کەمترین خەڵکی وەریدەگرێت، لە کاتێکدا گەر زۆرترین خەڵکی ڤاکسینەکە وەربگرێت دۆخی تەندروستی باشتر دەبێت و ترس و دڵەراوکی کەمتر دەبێتەوەو بەشێک لە دەرهاویشتە ئابوریەکانی سوکتر دەبێت.

بڕیار بەدەستی ژیر و حکومەتی هاوڵاتی دەبێت دۆسیەی تەندروستی گشتی لە پێشینەی کارەکانی بێت، هیچ کابینەیەکی حکومەتی هەرێم ئەم دۆسیەی بەهەند وەرنەگرتووەو بەلَگەش ژێرخانەکەی کەرتی تەندروستی وڕووبەڕووبونەوەمان لە کۆرۆنا ئەوەی سەلماند ! نەک هەر حکومەت لای بڕیار بەدەستانی سیاسی وجومگە جیاوازەکانی بەشی خوارەوەی حکومەت هەمان بیروبۆچون بۆ پەراوێزخستن و هەست نەکردن بە گرنگی ستراتیژیەتی کەرتی تەندروستی وەک ئاسایشی نیشتیمانی دەردێکە هەموو لایەکیانی تەنیوەو سەدەیەک  دوورن لە زانینەوە، ئەنجامیش ئەوەیە لە عیراقێکی فیدراڵ و خاوەن مێژووی هەزاران ساڵ و دەوڵەمەند بە نەوت و گاز و هەرێمێکی سەربەخۆی خاوەن قوربانی ئەنفال و دەوڵەمەند بە نەوت و گاز ! تەنها (%8.5) خەڵکی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن